پێشمه‌رگه‌ له‌سه‌ر سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ی داعش له‌ سنووری هه‌رێمی کوردستان و عێراق دێته‌ ده‌نگ

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ هۆكاری سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ی چه‌كدارانی داعش له ‌ناوچه‌كانی‌ سنووری‌ هه‌رێمی كوردستان و عێراق ئاشكرا ده‌كات و جێگری سوپاسالاری وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ش رایده‌گه‌یه‌نێت: "تا ئه‌و شوێنانه‌ش به‌و شێوه‌یه‌ بمێنێته‌وه‌ داعش زیاتر گه‌شه‌ ده‌كات و مه‌ترسییان زیاتر ده‌بێت بۆ ئه‌و گوند و خه‌ڵكه‌ سڤیله‌ی له‌و ناوچانه‌دا ده‌ژین".

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، لیوا قاره‌مان كه‌مال جێگری سوپاسالاری وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ ڕای‌گه‌یاند: هه‌ماهه‌نگیی نێوان هێزی پێشمه‌رگه‌ و هێزه‌ عێراقییه‌كان له ڕووبه‌ڕووبونه‌وه‌ی چه‌كدارانی داعش زۆر سنوورداره‌، چوونكه‌ تا ئێستا هیچ په‌یوه‌ندییێكی فه‌رمی له‌ نێوان وه‌زاره‌تی به‌رگریی عێراق و وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ نییه تا هاوكاری یه‌كتر بین له ‌نه‌هێشتنی داعش له ‌سنووری نێوان هه‌رێمی كوردستان و عێراق.

ناوبراو وتیشی: نه‌بوونی هه‌ماهه‌نگی له ‌نێوان وه‌زاره‌تی به‌رگریی عێراق و وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ بۆته‌ دروست بوونی بۆشایی و چه‌كدارانی داعشیش وه‌ک ده‌رفه‌ت سودیان وه‌رگرتوووه‌ و وای كردوووه‌ به ‌ئاره‌زووی خۆیان هه‌ڵسوكه‌وت له‌و ناوچانه‌ بكه‌ن.

جێگری سوپاسالاری وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ ئاشكرای كرد: "هێزه‌ عێراقییه‌كان نه‌یانتوانیوه‌ ئه‌و ناوچانه‌ی نێوان كوردستان و عیراق بپارێزن تا ئه‌و شوێنانه‌ش به‌و شێوه‌یه‌ بمێنێته‌وه‌ داعش زیاتر گه‌شه‌ ده‌كات و مه‌ترسییان زیاتر ده‌بێت بۆ ئه‌و گوند و خه‌ڵكه‌ سڤیله‌ی له‌و ناوچانه‌دا ده‌ژین."

سه‌رچاوه‌: تۆڕی هه‌واڵی سلێمانی (SNN)

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 39520

Your Comment

You are replying to: .
captcha