بەپێی هەواڵی کوردپرێس، شوێنەوارەکە دەکەوێتە گردی ھێلەوەی سنووری شەمامک کە بەوتەی شوێنەوارناسان مێژووی دروست کردنی بۆ ٥٠٠٠ ساڵ پێش زایین دەگەرێتەوە و ٣٥٠٠ ساڵ لەمەوبەریش چۆڵ کراوە.
لە گردی ھێلەوە چەند کەل و پەلێکی مێژوویی دۆزراونەتەوە کە بریتین لە قاپی بەردین و کەلوپەلی جوانکاری و بەردی ئۆبسید.
گۆران محەمەد بەرپرسی بەشی پشکنین لە بەرێوەبەرایەتی شوێنەواری ھەولێر دەڵێت: سەرجەم ئەو کەل و پەلانەی دەدۆزرێنەوە لە بەرێوەبەرایەتی شوێنەواری ھەولێر دەمێننەوە و تیمە بیانییەکان تەنھا کاری کنە و پشکنین دەکەن.
لە سنووری بەرێوەبەرایەتی شوێنەواری ھەولێر ١٠ زانکۆی بیانی مۆڵەتی کارکردنیان بۆ کنە و پشکنین و رووپێوی شوێنەواری وەرگرتووە و تا ئێستاش نزیکەی ھەزار شوێنی شوێنەواری دۆزراونەتەوە.
بەپێی ئامارەکان، ھەرێمی کوردستان خاوەنی زیاتر لە ١٠ ھەزار ناوچەی شوێنەوارییە و لە سەرەتای تەمموزی ئەمساڵیشەوە و بە پێی ڕێکەوتن لەگەڵ شوێنەواری ھەرێم ٢٨ تیمی پسپۆڕی شوێنەواری کنە و پشکنین بۆ ناوچە شوێنەوارییەکان دەکەن.
سەرچاوە: ئین ئاڕتی
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment