سەرۆکوەزیرانی عێراق: خۆپیشاندەران بە هێمنانە داوای مافەکانیان بکەن

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عێراق رایگەیاند، مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان داوای لە خۆپیشاندەران کردووە هێمنی بپارێزن و فەرمانی داوە بە دەستپێکردنی لێکۆڵینەوەیێکی ورد لە گرژییەکانی نێو خۆپێشاندانەکانی دەوروبەری ناوچەی سەوز لە بەغدا.

کوردپرێس:

ڕۆژی هەینی 05-11-2021 شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عێراق لە راگەیێندراوێکدا لەبارەی خۆپێشاندانەکەی بەغدا رایگەیاند، مستەفا کازمی جەختی لەوە کردووەتەوە کە رێنوێنی بۆ هەموو هێزە ئەمنییەکان دەرکراوە تاوەکو پیشەییانە مامەڵە لەگەڵ خۆپێشاندانەکان بکەن و رێز لە مافە سەرەتاییەکانی مرۆڤ بگرن، بەتایبەتی مافی خۆپێشاندان و ئازادیی رادەبڕین کە لەو بنەما سەرەکییانەن حکومەت پێیانەوە پابەندە.

لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەدا ئاماژە بەوە دراوە، سەرۆکوەزیرانی عێراق داوا لە لایەنە سیاسییەکان دەکات دۆخەکە هێوربکەنەوە و پەنا ببەنە بەر گفتوگۆ، سەرۆکوەزیرانی عێراق داوا لە خۆپێشاندەران دەکات بە رێکاری ئاشتییانە و دوورکەوتنەوە لە تووندوتیژی بە هەموو جۆر و شێوازەکانی، داوای مافە رەواکانیان بکەن.

ئەمڕۆ دژی ئەنجامەکانی هەڵبژاردن لە بەغدا لە بەردەم دەروازەیەکی ناوچەی سەوز خۆپێشاندان کرا. وەکو لەو ڤیدیۆیانەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکراوەتەوە دەردەکەوێت، خۆپێشاندەران بە بەرد هێرشدەکەنە سەر هێزە ئەمنییەکان و ناچاریان دەکەن پاشەکشە بکەن. هێزە ئەمنییەکانیش بە گازی فرمێسکڕێژ و گوللـەی لاستیکی هەوڵیان دا بڵاوەیان پێبکەن.

وەزارەتی تەندروستیی عێراق لەو بارەوە رایگەیاند، 125 کەس بریندار بوون کە 27ـیان خەڵکی مەدەنین و ئەوانی دیکەیان هێزە ئەمنییەکان، زۆرینەی بریندارانیش برینەکەیان سووک و مامناوەندە. هەروەها دەشڵێت، هیچ کەسێک بە گوللـەی زیندوو بریندار نەکراوە.

رێکخەرانی خۆپێشاندانەکە دەڵێن، بەردەوام دەبن لە خۆپێشاندان و تاوەکو ئەو کاتەی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان سەرجەم وێستگەکان بە دەست دەژمێرێتەوە.

خۆپێشاندانەکە دژی ئەنجامی هەڵبژاردنەکان بوون و زۆرتر ئەو لایەنانەن کە سەر بە حەشدی شەعبین، خۆپێشاندانەکە لە چوارچێوەی پرۆژەیەک بە ناوی "چوارچێوەی هەماهەنگی" رێکخراوە.

هەر ئەمڕۆ لیژنەی ئامادەکاریی خۆپێشاندانەکە لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە دا، "کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان بەردەوامە لە رۆڵی گوماناوی لە مامەڵەکردن لەگەڵ تانە پێشکەشکراوەکان، داواش لە ئەنجوومەنی باڵای دادوەری دەکەین دەستوەردان بکات بۆ رزگارکردنی وڵات لە مەترسییەکان کە کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان هۆکاریەتی".

لیژنەی ئامادەکاریی خۆپێشاندان لە دژی ئەنجامەکانی هەڵبژاردن هەفتەی رابردوو پێکهێنرا، لەگەڵ دەستپێکردنی ناڕەزایەتی لایەنگرانی ئەو هێزە سیاسیانەی کە ئەنجامی هەڵبژاردن رەتدەکەنەوه‌ لە بەردەم دەروازەکانی ناوچەی سەوز ناوەڕاستی بەغدا

News Code 3947

Your Comment

You are replying to: .
captcha