بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ئەمیندارییەتی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق لە بەیاننامەیێکدا ئەمڕۆ یەکشممە بڵاوی کردەوە: ئەنجومەنی وەزیران فەرمانی کردووە بە پێکهێنانی لیژنەیێک بە سەرۆکایەتی وەزیری داراییبۆ پێداچوونەوە بە پرۆژە یاسای بودجەی فیدراڵی ساڵی ٢٠١٩دا.
بەیاننامەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، بە سەرپەرشتی فوئاد حسین وەزیری دارایی، سەرۆکی سکرتاریەتی باڵای هەماهەنگی نێوان پارێزگاکان و نوێنەری حکوومەت لە پەرلەمان و بە هەماهەنگی لەگەڵ نوێنەرایەتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و نوێنەری پارێزگاکان، ئەرکی کارەکان لە خۆدەگرێت بۆ پێشکەش کردنی تێبینی و سەرنجەکانی خۆیان لەسەر پرۆژە یاساکە و هەماهەنگی لەگەڵ لیژنەی ناوبراو بۆ یەکخستنی تێبنییەکانیان.
ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق ئاماژەی بەوەش کردووە، ئەو لیژنەیە دەسەڵاتی پێداچوونەوە و هەموارکردنەوەی بەندەکانی پرۆژە یاسای بودجەی فیدراڵی ساڵی ٢٠١٩ی دەبێت و پاشان بەرزی دەکاتەوە بۆ بەردەمی ئەنجومەنی وەزیران بۆ سەیرکردنی.
ئەو ڕاسپاردەیەی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق لە کاتێکدایە، ڕۆژی ٦ی ئەم مانگە پەرلەمانی عێراق لەڕێی دەنگدانەوە ڕەشنووسی پڕۆژە یاسای بودجەی ساڵی داهاتووی ڕەت کردەوە، بەڵام بە فشاری بەشێک لە لایەنەکان دەنگدانەکە هەڵوەشایەوە و دواخرا بۆ سبەینێ دووشەممە.
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment