بەپێی هەواڵی کوردپرێس، سەرچاوەكە ئەمڕۆ یەكشەممە بۆ رۆژنامەی عەرەبی جەدید ئاشكرای كردووە كە ئامانجی سەرەكی كۆبوونەوەكەی سێ سەرۆكایەتییەكەی عێراق (كۆمار و پەرلەمان و حكوومەت)، بۆ ئەوە بووە پێكهاتەی كابینەی حكوومەت بەزوویی تەواو بكرێت.
هەر بەپێی سەرچاوەكە لە كۆبوونەوەكە عادل عەبدولمەهدی، سەرۆک وەزیران ئەو بەربەستانەی خستووەتە بەردەم بەرهەم ساڵح سەرۆک كۆمار و محەمەد حەلبوسی، كە بۆ تەواو كردنی كابینەكەی دروست كراوە.
سەرچاوەكە ئاشكراشی كردووە، كێشەی دیاری كردنی وەزیری ناوخۆ كێشەی گەورەی بەردەم عادل عەبدولمەهدییە بۆ یەكلا كردنەوەی كابینەكەی و وردەكارییەكەی بۆ سەرۆک كۆمار و سەرۆک پەرلەمانیش خستووەتەڕوو.
سەرچاوەكە هەروەها ئاشكرای كردووە، كە لەبەرانبەر ئەوەدا هەریەكە لە بەرهەم ساڵح و محەمەد حەلبوسی جەختیان كردووەتەوە، هەموو هەوڵەكانیان دەخەنە گەڕ بۆ ئەوەی فشار لەلایەنەكان بكەن، بەزوویی كار بۆ یەكلا كردنەوەی پێكهێنانی حكوومەت بكەن.
عادل عەبدولمەهدی لەمانگی رابردوو پێكهاتەی كابینەكەی راگەیاند كە بەهۆی كێشە سیاسییەكانەوە، هەشت وەزارەتی بۆ پڕ نەكراوەتەوە و ئێستا هەوڵكان چڕ كراونەتەوە، كاندیدانی ئەو وەزارەتانەش دیاری بكرێن و پەرلەمان متمانەیان پێبدات.
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment