ھەرێم و بەغدا نزیک بوونەتەوە لە ڕێککەوتنی ھەناردەکردنی نەوتی کەرکووک بۆ تورکیا

بەشی جیهان- دواى زیاتر لە ساڵێک وەستانى هەناردەى نەوتى کەرکووک بە بۆرى بەهۆى ڕووداوەکانى ١٦ى ئۆکتۆبەرى ساڵى ڕابردووەوە، چاوەڕوان دەکرێت جارێکى تر ئەو پڕۆسەیە دەست پێبکاتەوە و هەواڵەکان باس لەوە دەکەن هەولێر و بەغدا نزیک بوونەتەوە لە ڕێککەوتن لە سەر هەناردەکردنی نەوتی کەرکووک لە ڕێگای بۆریی هەرێمی کوردستانەوە.

کوردپرێس:

ڕۆژنامەی فاینانشەڵ تایمز لە زاری سێ سەرچاوەی ئاگادارەوە ئاشکرای کردووە، لە ساڵی ڕابردووەوە گفتوگۆکان سەبارەت بە پرسی نەوتی ناوچە کێشەلەسەرەکان لە نێوان هەرێم و بەغدا دەستی پێکردووە، بەڵام لەم چەند ھەفتەیەی دواییدا گفتوگۆی چڕتر ئەنجام دراون و پێشبینییش دەکرێت ھەر لەم مانگەدا بگەنە ڕێککەوتنێک.

ئەو سێ سەرچاوەیە کە نەیانویستووە ناویان ئاشکرا بکرێت باسیان لەوە کردووە، فوئاد حسێن وەزیری دارایی و سامر غەزبان وەزیری نەوتی عێراق بەشداری لە گفتوگۆکاندا دەکەن و چڕبوونەوەى گفتوگۆکانیش لەسەر فشاری ئەمریکا بووە لەدوای کەم­بوونەوەى بەرهەمهێنانی نەوتی ئیران بەهۆى سزاکانى واشنتۆنەوە.

دوو لەو سەرچاوانە هۆشدارییان داوە لەوەى گفتوگۆکان کۆتاییان نەهاتووە و پێدەچێت درێژە بکێشێت، بەڵام هەرسێ سەرچاوەکە هاوڕا بوون لەسەر ئەوەی ئەگەری زۆرە کە گفتوگۆکان بگەنە ڕێککەوتن.

ڕێککەوتنەکە کە پێدەچێت تا کۆتایی ئەم مانگە ئەنجام بدرێت، بەرهەمی نەوتی عێراق بەرزدەکاتەوە، یەکێک لە ئامانجەکانی زیادکردنی بەرهەمی نەوتیش ئەوەیە، ڕێگە لە زیادبوونی نرخی نەوت بگیرێت لەکاتێکدا هەناردەی نەوتی ئێران کەمی کردووە.

مانگی تشرینی یەکەمی ڕابردوو نرخی نەوت لە سەدا ٢٠ زیادی کرد، بە جۆرێک لە سەرەتای ئەو مانگەدا نرخی بەرمیلێک نەوت گەیشتبووە ٨٦ دۆلار کە ئەوەش بەرزترین ئاستی بوو کە لە چوار ساڵی ڕابردوودا تۆماریکردبوو، ئەوەش لەکاتێکدابوو بازرگانان هەڵسەنگاندنیان بۆ بڕی نەوتی ماوە لە بازاڕەکانی جیهاندا کرد، ڕۆژی هەینییش نرخی نەوت لە سەدا ١ پۆینت ٥ دابەزی و گەیشتە ٦٩ دۆلار و ١٣ سەنت.

لەم هەفتەیەدا دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاند، نرخی نەوت دادەبەزێننەوە و وتوویەتی، "نایەوێت نرخی بەرمیلێک نەوت لە ١٠٠ دۆلار و ١٥٠ دۆلاردا ببینێت."

لە چوارچێوەی هەوڵەکانیشیدا بۆ کەمکردنەوەی نرخی نەوت، ڕێگەی بە چەند وڵاتێکی کڕیاری نەوتی ئێران دا، بەردەوام بن لە کڕینی نەوتی وڵاتەکە.

ئەمریکا، عێراقیشی بەخشی لە هەندێک مامەڵەی بازرگانی لەگەڵ ئێران، بەڵام لە بەرامبەردا داوا لە عێراق دەکات کە بازرگانیی نەوت لەگەڵ ئێران ڕابگرێت.

ئەو بەرهەمە نەوتەی کە بڕیارە لە کەرکووک و کێڵگەکانی دەوروبەریەوە هەناردە بکرێت لە نێوان ٢٠٠ بۆ ٤٠٠ هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا دەبێت، دوو لە سەرچاوەکان دەڵێن، هەناردەی ئەو بڕە نەوتە پەیوەستە بەوەی حکوومەتی فیدراڵی چەندێک لەو نەوتە بۆ پاڵاوگە ناوخۆییەکان دەگوازێتەوە و زیادکردنی بەرهەمی نەوتیش پێدەچێت کاتی بوێت، چوونکە هەموو کێڵگەکان کاریان تێدا ناکرێت.

لەگەڵ جێبەجێکردنى قۆناغى دووەمى سزاکانى ئەمریکا بۆ سەر ئێران، هەناردەى٣٠ هەزار بەرمیل نەوتى کەرکووک بە تانکەر بۆ ئێران ڕاگیرا و لە ئێستادا بەرهەمى نەوتى پارێزگاکە تەنها دەدرێتە پاڵاوگە ناوخۆییەکان و بۆ بەکاربردنى ناوخۆیی بەکار دەهێنرێت و هەناردەى دەرەوە ناکرێت.

لە ئێستادا تاکە دەرچەی هەناردەکردنی نەوتی کەرکووک بۆرییێکی حکوومەتی هەرێمە، کە لە ڕێگەیەوە نەوت بۆ سنوورەکانی تورکیا و لەوێشەوە بۆ بەندەری جەیهانى تورکیا دەگوازێتەوە.

ڕۆژى چوارى ئەم مانگەش وەزارەتى سامانە سروشتییەکانى هەرێم ڕایگەیاندبوو، هەوڵەکانیان بەردەوامە بۆ گەشەپێدانى بۆریی هەناردەى نەوت لە ٧٠٠ هەزار بەرمیلەوە بۆ یەک ملیۆن بەرمیل له ڕۆژێکدا، ئەوەش دەبێتەهۆی زیادکردنى توانای هەناردەکردنی نەوتی هەرێم له داهاتوودا و دەشتوانرێت سوودی لێ وەربگیرێت بۆ هەناردەکردنی نەوتی عێراق و کەرکووک.

News Code 39451

Your Comment

You are replying to: .
captcha