به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، له‌تیف شێخ مسته‌فا له کۆنگره‌یێکی ڕۆژنامه‌وانیدا گوتی: "له دوای تێپه‌ربوونی نزیکه‌ی ١١ ساڵ به سه‌ر ده‌رچوونی یاسای ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌رییدا ئێستا ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری نه‌ک ھه‌ر سه‌ربه‌خۆ نییه به‌ڵکوو له‌وپه‌ڕی حاڵه‌تی خراپیدایه و ده‌توانین بڵێین ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری له ئێستادا به‌راورد له‌گه‌ڵ ھه‌موو حکوومه‌ته‌کانی پێشوو له ھه‌موو کاته‌کان خراپتره".
ناوبراو ئاماژه‌ی به‌وه‌ش کرد: "ده‌ستوه‌ردان له دادگاکان و دانانی دادوه‌ره‌کانی دادگای ته‌میز و سه‌رۆکایه‌تیی دادگای تێھه‌ڵچوونه‌وه و ده‌ستوه‌ردان له په‌یمانگای دادوه‌ریش ده‌کرێت".
ئه‌ندامه‌که‌ی ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ریی هه‌رێمی کوردستان ڕوونی کرده‌وه: "ده‌ستێوه‌ردان وای کردوووه ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری ببێته پاشکۆ و وابه‌سته‌ی حزب و وه‌ک ده‌سه‌ڵاتێکی سه‌ربه‌خۆ نه‌مێنیته‌وه و بوووه‌ته درێژکراوه‌ی لق و مه‌ڵبه‌نده‌کان".
له‌تیف شێخ مسته‌فا زیاتر دوا و وتی: "له ھه‌ر وڵاتێک‌دا ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری سه‌ربه‌خۆ بوو ئه‌و وڵاته پێش ده‌که‌وێت و به پێچه‌وانه‌وه ئه‌و ده‌سه‌ڵات و حوکمڕانییانه ده‌ڕووخێن که ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری تیایاندا سه‌ربه‌خۆ نییه".
ناوبراو ئه‌وه‌شی وت: "دادپه‌روه‌ری بنه‌مای حکومڕانییه چوونکه ئه‌گه‌ر ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ریی بێلایه‌ن له نێوان حکوومه‌ت و ھاووڵاتییاندا ھه‌بوو خه‌ڵک ھه‌ست ده‌کات لایه‌نێک ھه‌یه بێلایه‌نه له نێوان ھه‌موواندا په‌نای بۆ ده‌بات و ھه‌ست ده‌کات دادپه‌روه‌ری ھه‌یه".
ھه‌ر له‌و کۆنگره ڕۆژنامه‌وانییه‌دا له‌تیف شێخ مسته‌فا گوتیشی: "ده‌سه‌ڵاتدارانی ئێستای ھه‌رێمی کوردستان نه‌ک سوود له ڕابردوو وه‌رناگرن به‌ڵکوو خراپتری ده‌که‌ن به‌تایبه‌ت له دوای ١٢ی حوزه‌یرانه‌وه، کاتێک که ١٠ دادوه‌ری دادگای ته‌میز خانه‌نشین بوون، ١٠ی نوێ دانران. پێشتر به شه‌رمنانه ده‌ستوه‌ردانیان ده‌کرد، ئه‌گه‌ر که‌سێکیان به‌دڵ نه‌بوایه ژێر به ژێر ئاماژه‌یان ده‌دا که ناوی به‌رز نه‌کرێته‌وه یان نه‌کرێت به‌ڵام له دوای ١٢ی حوزه‌یرانه‌وه بێ په‌رده و بێ شه‌رمانه ھه‌ر ١٠ دادوه‌ره‌که‌ی دادگای ته‌میز په‌نجا به په‌نجا پڕ کراونه‌ته‌وه".
له‌تیف شێخ مسته‌فا ڕاشی‌گه‌یاند: "سه‌رۆکایه‌تییه‌کانی دادگای تێھه‌ڵچوونه‌وه‌ش له ھه‌ولێر ده‌بێت سه‌ر به پارتی بن و له سلێمانی سه‌ر به یه‌کێتی بن و ئه‌گه‌ر چاره‌سه‌ری ئه‌مه نه‌کرێت ده‌توانین بڵێین ده‌سه‌ڵاتی داوه‌رییمان نه‌ماوه و نه‌ک بوووه به به‌شێک له حکوومه‌ت به‌ڵکوو بوووه به به‌شێک له حزبیش و ئه‌وه‌ش کاریگه‌ریی زۆر خراپی ده‌بێت".
ناوبراو ئاشکرای کرد: "من ھه‌میشه ھه‌ڵوێستم بوووه، ماوه‌ی ٣٠ ساڵه له دادگاکان کار ده‌که‌م و ٢٠ ساڵیشه وه‌ک دادوه‌ر و داواکاری گشتی کار ده‌که‌م، ھه‌میشه جه‌ختم له‌سه‌ر ئه‌وه کردوووه‌ته‌وه دادوه‌ری فه‌رمانبه‌ری نییه خه‌ڵک مووچه‌ی له‌سه‌ر وه‌رگرێت، دادوه‌ری په‌یامه، ئه‌گه‌ر دادوه‌ری سه‌ربه‌خۆ بوو ده‌توانی ده‌وڵه‌تی له‌سه‌ر دروست بکه‌یت، ئه‌گه‌ر سه‌ربه‌خۆ نه‌بوو ده‌رووخێت و ئه‌وه‌شم به به‌رپرسان وتوووه به‌ڵام به‌داخه‌وه گوێگرتن نه‌بوووه."
شێخ مسته‌فا له‌باره‌ی گۆڕانکارییه‌کانی دادگای ته‌میزه‌وه له مانگی حوزه‌یراندا وتی: "ئه‌وه‌ی له مانگی حوزه‌یراندا ڕووی دا من به سه‌ربڕینی دادگا ناوی ده‌به‌م، من خۆم به‌یاننامه‌یێکم دایه ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری وتم تکایه ئه‌مه مه‌که‌ن و به قسه‌یان مه‌که‌ن و له ڕێگای سه‌رۆکی دادگای تێھه‌ڵچوونه‌وه‌ی ئه‌و کاته‌وه -که به‌داخه‌وه ھه‌ر به‌رزیشی نه‌کرده‌وه- نامه‌یێکم نارد بۆ سه‌رۆکی حکوومه‌ت به‌و پێیه‌ی به‌شێک له ده‌سه‌ڵاته‌کانی سه‌رۆکی ھه‌رێمی لایه ئێستا تایبه‌ت به سوێندخواردن و مه‌رسوومی دادوه‌ران، داوام لێکرد مه‌رسووم ده‌رنه‌کات".
شێخ له‌تیف له کۆتاییدا بڕیاری ده‌ستله‌کارکێشانه‌وه‌ی خۆی دا و ڕاشی‌گه‌یاند: "ئیتر من پێموایه کار له ناو ئه‌م دامه‌زراوه‌یه‌دا ناکرێت بۆیه بۆ خه‌ڵکی کوردستان رایده‌گه‌یه‌نم دوای ٣٠ ساڵ کارکردن بڕیارم دا ده‌ستله‌کارکێشانه‌وه‌ی خۆم ڕابگه‌یێنم".
سه‌رچاوه: میدیاکانی هه‌رێمی کوردستان
کۆدی هه‌واڵنێر: 60103
Your Comment