ئه‌مریكا 45 ڕۆژ ده‌رفه‌ت ده‌داته‌ عێراق بۆ كڕینی گازی سروشتی له‌ ئێران

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- باڵیۆزخانه‌ی ئه‌مریكا له‌ به‌غدا ڕای‌گه‌یاند که‌ ماوه‌ی 45 ڕۆژ ده‌رفه‌ت دراوه‌ به‌ عێراق بۆ هاورده‌كردنی گازی سروشتی له‌ ئێرانه‌وه‌ كه‌ له‌لایه‌ن حكوومه‌تی واشنتۆنه‌وه‌ سزای به‌ سه‌ردا سه‌پێنراوه‌.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، باڵیۆزخانه‌ی ئه‌مریكا له‌ به‌غدا ڤیدیۆیێکی له‌ پێگه‌ی فه‌یسبووکی خۆی بڵاو کردۆته‌وه‌ که‌ تێیدا هاتوووه‌: "ئه‌مریكا ماوه‌ی 45 ڕۆژ ده‌رفه‌تی كاتیی بۆ عێراق ده‌سته‌به‌ر كردوووه‌ بۆ كڕینی گازی سروشتی له ‌ئێران".

له‌ ڤیدیۆكه‌دا كه‌ ده‌بینرێت هه‌ندێک له‌ به‌رپرسانی باڵیۆزخانه‌كه‌ به‌ زمانی عه‌ره‌بی قسه‌ ده‌كه‌ن هاتوووه‌: "سزاكانی ئه‌مریكا ده‌وڵه‌تی ئێران ده‌كه‌نه‌ ئامانج نه‌ک گه‌له‌كه‌ی".

بۆ ده‌سته‌به‌ركردنی سووته‌مه‌نی بۆ وێستگه‌كانی كاره‌با، عێراق گازی سروشتی له‌ ئێرانه‌وه‌ هاورده‌ ده‌كات.

عادل عه‌بدولمه‌هدی سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق له ‌چه‌ند ڕۆژی ڕابردوودا ئاماژه‌ی به‌وه‌ کرد که‌ عێراق له ‌سزاكانی سه‌ر ئێراندا له‌لایه‌ن ئه‌مریكاوه‌ چاوپۆشیی لێكراوه‌ چوونكه‌ بێلایه‌نه‌ له‌ كێشمه‌كێشه‌كانی ناوچه‌كه‌دا.

شایانی باسه‌؛ 5ی تشرینی دووه‌م ئه‌مریكا ناوی 50 بانكی ئێرانی و زیاتر له‌ 700 كۆمپانیا و كه‌سایه‌تیی خسته‌ لیستی سزاكانه‌وه‌.

هه‌روه‌ها حكوومه‌تی ئه‌مریكا ماوه‌ی 180 ڕۆژی دیكه‌ی وه‌ک چاوپۆشی بۆ درێژه‌دان به‌ بازرگانییه‌كانیان له‌گه‌ڵ ئێران داوه‌ته‌ هه‌ریه‌كه‌ له‌ وڵاتانی توركیا، كۆریای باشوور، ئیتاڵیا، یۆنان، چین، تایوان، هیندستان و ژاپۆن.

سه‌رچاوه‌: میدیاکانی هه‌رێمی کوردستان

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 39407

Your Comment

You are replying to: .
captcha