به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، فه‌ریق جه‌بار یاوه‌ر ئه‌مینداری گشتیی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه به SNNی ڕاگه‌یاند: له دوای ده‌رچوونی به‌یاننامه‌ی كۆتایی هێنان به داعش له‌لایه‌ن حكوومه‌تی عێراقه‌وه، به ئاشكرا ڕه‌تمان كرده‌وه كه داعش كۆتایی هاتبێت به‌ڵكوو ته‌نها له شاره گه‌وره‌كان كۆتایی پێهێندراوه و شێوازی كاری تیرۆریستیی خۆی بۆ گرووپی بچووک بچووک ده‌گۆڕێت و جموجۆڵه‌كان ده‌ست پێده‌كاته‌وه و ئێستاش له سه‌رجه‌م ناوچه‌كان زیادی كردوووه به تایبه‌ت دوای شه‌ڕه گه‌وره‌كانی سووریا و به‌رته‌سک كردنه‌وه‌ی ناوچه‌كانی ژێر ده‌ستی داعش.
ناوبراو سه‌باره‌ت به هه‌ماهه‌نگییان له‌گه‌ڵ هاوپه‌یمانان بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی چه‌كدارانی داعش گوتیشی: "دوو هه‌فته جارێک كۆبوونه‌وه‌یێكی به‌رفراوان له‌گه‌ڵ نوێنه‌رانی هاوپه‌یمانی بۆ شه‌ڕی دژ به داعش ده‌كه‌ین و ده‌رخسته‌یێک له‌لایه‌ن ژووری ئۆپه‌راسیۆنه هاوبه‌شه‌كانی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌وه ده‌خرێته‌ڕوو و ده‌رباره‌ی هه‌موو كرده‌وه تیرۆریستییه‌كان گفتوگۆش له‌باره‌ی چۆنییه‌تیی به‌ره‌نگاربوونه‌وه و كۆتایی پێهێنانیان ده‌كرێت".
به‌رپرسه‌كه‌ی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه ئاشكراشی كرد: جموجۆڵه تیرۆریستییه‌كان له‌و ناوچانه‌ن كه له ژێر ده‌سه‌ڵاتی سوپا و حه‌شدی شه‌عبی و پۆلیسی فیدراڵیدان و هیچ جموجۆڵێكی ئه‌وتۆیان نییه له‌و ناوچانه‌ی له ژێر كۆنترۆڵی پێشمه‌رگه‌دان و بۆ له‌ناوبردنیشیان له ناوچه جێناكۆكه‌كان داوای گه‌ڕانه‌وه‌مان بۆ میكانیزمی هاوبه‌شی پێش ساڵی 2014 كردوووه به‌تایبه‌ت بۆ ناوچه‌كانی پارێزگای كه‌ركووک و دیاله و سه‌ڵاحه‌دین و هه‌ولێر و مووسڵ كه هێز و ئۆپه‌راسیۆن و بازگه‌ی هاوبه‌شمان هه‌بوو به‌ڵام حكوومه‌تی عێراق بۆ ئه‌و هه‌ماهه‌نگییه نه‌هاتۆته پێشه‌وه".
کۆدی هه‌واڵنێر: 60103
Your Comment