کوردپرێس:
وەک ناوەندە سیاسییەکان باسی لێوەدەکەن، ئەنجامی هەڵبژاردنەکان گورزێک بوو بۆ دۆناڵد ترەمپ کە خوازیار بوو وەک پێشوو پارێزگاریی لە زۆرینەی کورسییەکانی هەردوو ناوەندی دەسەڵاتی یاسادانان کە ئەنجومەنی پیران و ئەنجومەنی نوێنەران پێکەوە بکات، بەڵام ئەنجامەکان دەریانخست کە دیموکراتەکان لە ئەنجومەنی نوێنەران باڵادەست بوون، کە ماوەی هەشت ساڵە لەدەستی کۆمارییەکاندا بووە، بەڵام کۆمارییەکان پارێزگارییان لە زۆرینەی کورسییەکانی خۆیان کردووە لە ئەنجومەنی پیران.
باڵادەستبوونی دیموکراتەکان لە ئەنجومەنی نوێنەران، ئەرکەکانی دۆناڵد ترەمپ قورستر دەکات، چوونکە دیموکراتەکان دەتوانن زۆرێک لە پڕۆژە یاساکان کە سەرۆک پێشکەشی دەکات نەهێڵن تێپەڕێت، جگە لەوەش زیاتر لە ڕابردوو چاودێریی ئاراستە سیاسییەکانی ترەمپ دەکەن لەماوەی دوو ساڵی داهاتووی دەسەڵاتیدا.
ئەنجامی هەڵبژاردنەکانیش ئەوە دەسەلمێنێت کە وەک هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی کە بەرد لە دوو ساڵ ئەنجامدرا، زۆرینەی هاوڵاتیانی ئەمریکا پشتگیریی لە سیاسەتەکانی ترەمپ ناکەن، کە ئەوەش دەبێتە کارتێکی فشار بۆ دیموکراتەکان تا دژی کۆمارییەکان بەگشتی و خودی ترەمپ بە تایبەتی بەکاری بهێنن.
بەوەش دۆناڵد ترەمپ چانسی کەمتر دەبێت لەوەی سەرلەنوێ گەلی ئەمریکا بۆ خولێکی تری سەرۆکایەتی دەنگی پێبدەنەوە، چونکە هەڵبژاردنەکە بە تاقیکردنەوەیەک بۆ داهاتووی سیاسی ناودەبرا و تیایدا ترەمپ دۆڕاندی.
هەروەها ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی کۆنگرێس تیشک دەخاتە سەر باشی یان خراپیی ئەو سیاسەتانەی کە بەر لە هەڵبژاردنەکانی پەیڕەوی کردبوو وەک دۆسێیی ئابوری و دۆزینەوەی هەلی کار و هێرشکردنە سەر دیموکراتەکان و بەکارهێنانی دەسەتەواژەی ڕەگەزپەرستی لە هەندێک بابەتی وەک کۆچکردن و هەڵوەشاندنەوەی بیمەی تەندروستی کە ١٢٠ ملیۆن کەس لێی سوودمەندبوون.
لە مێژووی ئەمریکادا بەم هەڵبژاردنەوە ٤٠ جار هەڵبژاردنی نیوەیی کۆنگرێس ئەنجامدراوە و تیایدا پارتی سەرۆک ٣٧ جار هەڵبژاردنەکەی دۆڕاندووە.
بەڵام وێڕای لەدەستدانی زۆرینەی پەرلەمان لەلایەن کۆمارییەکانەوە، سەرۆکی ئەمریکا ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی بە سەرکەوتنێکی گەورە ناوبردووە و سوپاسی هاوڵاتیانی کردووە.
سیناریۆکانی دوای هەڵبژاردنەکان بریتین لەوەی داواکارییەکان بۆ لێپرسینەوە لەگەڵ ترەمپ زیاتر دەبن، ئەوە جگە لەوەی لە ڕێگەی دەستبەسەرداگرتنی لیژنەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانەوە لەلایەن دیموکراتەکانەوە لێکۆڵینەوە لە گەندەڵییەکانی ترەمپ بکەن و داواکاریی بۆ لەسەرکارلابردنی پێشکەش بکەن، لە کاتێکدا تۆمەتەکانی وەک گێچەڵی سێکسی و دەسوەردانی ڕوسیا لە هەڵبژاردنەکاندا بەسەردا ساغببنەوە.
ئەو کارەش لەمەودوا دەبێتە خەمێکی ترەمپ بەتایبەتی دوای ئەوە پێشتر لە پرۆگرامێکی تەلەفزیۆنیدا وتبووی ئەگەر کارێکی وا بەرامبەری بکرێت، ئەوا بازاڕەکان دادەڕمێن و هەموو هاوڵاتی ئەمریکا هەژار دەبن.
لە ئێستاشدا سەرۆکی لیژنەی چاودێریی ناوخۆیی چاکسازیی حکوومی لەناو کۆنگرێس، کە سەر بە دیموکراتەکانە بەنیازە چاو بەو ڕاپۆرتانەدا بخشێنێتەوە کە باس لە خۆدزینەوەی ترەمپ دەکەن لە پێدانی باج، بۆ ئەو مەبەستەش لەهەوڵی ئەوەدایە لە داهاتوودا بانگهێشتی پەرلەمانی دەکات.
لەمەودوا دیمەنێکی جیاواز لە کۆنگرێسی ئەمریکا و ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەو وڵاتە دەبینین، بۆ یەکەمجار دوو ژنی موسڵمانی بە ڕەگەز عەرەب لە ھەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا سەرکەوتنیان بەدەستھێنا و بوونە ئەندامی گۆنگرێسی ئەمریکا، میدیاکانی ئەمریکا ئەمەیان بە مێژوویەکی نوێ بۆ ئەمریکا ناوبرد. لەگەڵ ھاتنە سەر کاری دۆناڵد ترەمپ رەخنە و سەرنجێکی زۆر دروستبوو لەسەر ڕێگری کردن لە پیدانی فیزا بە چەند وڵتێکی زۆرینە موسوڵمان و ڕێگری کردن لە سەردانیکردنیان بۆ ئەو وڵاتە و لێدوانە توندەکانی بەرامبەر موسوڵمانان و ئەو وڵاتانەشی کە ڕێژەیەکی زر موسوڵمانی تێدایە،بەڵام موسوڵمانەکان توانییان سەرکوتوبن بە گەیشتن بە یەکێک لە ھەستیارترین شوێنەکانی بڕیاردان و کایەی سیاسی ئەمریکا کە ئەنجومەنی نوێنەرانە،
لە ھەڵبژاردنی کۆنگرێس و ئەنجومەنی پیراندا کە سێ شەمەی ڕابردوو بەڕێوەچوو،پارتە ڕکابەرەکەی دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا کە پارتی دیموکراتەکانە توانی لە کۆی ٤٣٥ کورسی ئەنجومەنی نوێنەران ٢٢٢ کورسی و کۆماریەکانیش ١٩٩ کورسی بەدەستبھێنن،لەو ٢٢٢ کورسیەی دیموکراتەکان دوان لە ھەڵبژێردراوەکان موسوڵمان بوون لە کاتێکدا کە بەشێک لەوتارەکانی سەرۆکی ئەمریکا لە دژی پەیڕەوانی موسڵمان لێکدەدرێتەوە
رشیدە تەلیبی فەلەستینی کە لەدایکبووی ئەمریکایە ،سەرکەوتنی بەدەست ھێنا لە ھەڵبژاردنەکانی نیوەی کۆنگرێس و بووە یەکەم موسوڵمان کە بچێتە ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا. ھاوکات ئیلھان عومەر کە لە ناوچەیەکی پڕ لە جەنگی سۆماڵ ژیاوە دووم ژنە موسڵمانە کە دەبێتە ئەندامی کۆنگرێس ،ئیلھان سیاسییەکی ئەمریکی بە رەچەڵەک سۆماڵییەو لە ویلایەتی مینیسوتایە، توانی بچێتە ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا و لە ھەڵبژاردنەکاندا توانیویەتی سەرکەوتن بەدەست بھێنێت. ئیلھات ،لە دوای جەنگی ناوخۆی سۆماڵ خێزانەکەی بەجێھێشتبوو،دوای گەیشتنی بە ئەمریکا لە یەکێک لە کەمپەکانی پەنابەراندا لە کینیادا ژیاوە.
Your Comment