نەوەی نوێ سەبارەت بە بودجەی گشتیی فیدراڵیی ساڵی ٢٠١٩ بەیاننامەیێک دەردەکات

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- دوای تێڕوانینی پڕۆژە یاسای بودجەی گشتیی فیدراڵی بۆ ساڵی ٢٠١٩، فراکسیۆنی جووڵانەوەی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی عێراق بەیاننامەیێکی سەبارەت بە پڕۆژەیاسای بودجەی 2019ی عێراق دەرکردووە و ڕایگەیاندووە هێشتا ڕۆحی تۆڵەسەندنەوە زاڵە لە دژی هەرێمی کوردستان لەوکاتەی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولا ئاڵۆز بووە، کە ڕێژەی هەرێمی کوردستان کەم کراوە بۆ ١٢%.

کوردپرێس:

لە بەیاننامەیێکدا جووڵانەوەی نەوەی نوێ دەربارەی پرۆژە یاساکە ڕایگەیاندووە، لەمیانی سووربوونی لەسەر مافی سەرجەم پارێزگاکانی عێراق و بەهێزکردنی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان، هەڵوێستەی کردووە لەسەر ئەو بابەتە و تێبینیی هەیە لەسەر هەندێک لە مادە و بڕگەکانی ناو پرۆژە یاساکە و پێیان وایە پێداچوونەوە پیایدا پێداویستییێکی هەنووکەییە بۆ ئەنجامدانی چەند چاکسازییێک بەرلەوەی بخرێتە بەردەست بۆ گفتوگۆ کردن.

یەکەم: خۆگێلکردن لە ناونەهێنانی پارێزگای هەڵەبجە، کە بەگوێرەی ڕێنمایی و یاسا پەیڕەوکراوەکانی عێراق پەسەند کراوە.

دووەم: تەرخاننەکردنی بودجەی پێویست بۆ چارەسەکردنی کێشەکانی شاری بەسرە و وەڵامدانەوەی داخوازییەکانی خۆپیشاندەرانی پارێزگاکە، کە بە شادەماری ئابووری وڵاتەکە دادەنرێت، لە دابینکردنی ئاوی خواردنەوە و چارەسەرکردنی کێشەی ژەهراویبوونی ئاو و ژینگەی ناوچەکە و ڕەخساندنی هەلی کار بۆ گەنجەکانی، چوونکە نالۆژیکییە پایتەختی ئابووری عێراق کێشەی ئاوی خواردنەوەی هەبێت، کە بە سەرچاوەی بودجەی وڵاتەکە دادەنرێت.

سێهەم: بێویژدانی بەرامبەر ئەو پارێزگایانە و ئەو ناوچانەی کە بەهۆی شەڕەوە زیانیان پێگەیشتووە، لەپێشیانەوە پارێزگاکانی نەینەوا و سەلاحەدین و ئەنبار، بەتایبەت دوای ئەوەی ڕووبەڕووی وێرانبوون بوونەتەوە بەهۆی ئۆپراسیۆنە سەربازییەکان لە دژی داعش.

چوارەم: بەردەوامیی ڕۆحی تۆڵەسەندنەوە لە دژی هەرێمی کوردستان لەو کاتەوەی کێشە و قەیرانەکان لە نێوان هەردوولادا هاتووەتە ئاراوە، ئەویش لە ڕێگەی زیادکردنی تێچوون و بودجەی (سیادی و حاکمیەت) و کەمکردنەوەی بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان لە ١٧% بۆ ١٢.٦٩%، کە پێچەوانەی ڕێککەوتنەکانی پێشوو لەنێوان هەردوولا و بنەمای هاوبەشی لە دەسەڵاتدا.

پێنجەم: خۆگێلکردن لە مافەکانی هێزەکانی پێشمەرگە، کە بەشێکە لە سیستمی بەرگری عێراق، بەتایبەت کە ڕۆڵێکی پاڵەوانانەی بینیوە لە شەڕی ڕزگارکردنی شارەکانی ژێردەستی داعش و بەرپەرچدانەوەی ئەو ڕێکخراوە، کە بووبووە مایەی هەڕەشە لە بوونی سەرجەم پێکهاتەکانی عێراق.

ئەوە لەکاتێکدایە، ڕۆژی سێشەممە (٦ی تشرینی دووەمی ٢٠١٨) ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق فەرمانی کرد بە پێکهێنانی لیژنەیێکی حکوومی لەگەڵ پەرلەمان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی بودجەی ساڵی ٢٠١٩

*لە ئێن ئاڕ تی وەرگیراوە

News Code 39379

Your Comment

You are replying to: .
captcha