تورکیا دەیهەوێت باکووری سووریا بکاتە کۆیلەی خۆی/ ئایندەی کوردی سووریا دڵخۆشکەر نییە

بەشی جیهان- دوکتور نیکۆلاس پانایۆتیدس سەرۆکی پەیمانگای چاودێریی جیۆستراتێژی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بڕوای وایە تورکیا بەنیازە ناوچەی باکووری سووریا بلکێنێت بە خاکی خۆیەوە وەکوو پشتێنی غەزەی لێ بکات لە فەڵەستین و لە دیمانەیێکی تایبەتیشدا بە کوردپرێسی وتووە تا ئەو کاتەی لە تورکیا ئەرۆدغان دەسەڵاتی بەدەستەوە بێت کورد ئایندەیێکی باشی نابێت.

کوردپرێس:

تورکیا پێش چەند ساڵ هەوڵی دەدا لەگەڵ کورد تەعامول بکات بەڵام ئێستا دەستی کردووە بە دژایەتی کردن و بەرپەرچدانەوەی کوردەکانی سووریا. کوردی سووریا هەوڵیان دا سێ کانتۆنی کوردنشینی عەفرین و کۆبانی و جزیرە بەیەکەوە بلکێنن و تورکیاش ئەوە بە هەڕەشە دژ بە ئاسایشی نیشتمانیی خۆی دەزانێت و ساڵی ڕابردوو بە هاوکاریی میلیشیا توندڕەوەکانی سوپای ئازادی سووریا دەستی بە هێرشکردنە سەر عەفرین کرد و لە ئەنجامدا توانیی شارەکە داگیر بکات.

تورکیا ئێستاش لە بەری ڕۆژهەڵاتی ڕووباری فورات تۆپبارانی کوردەکان دەکات بەو هومێدەی بتوانێت ناچاریان بکات لەو ناوچەیە دەریان بکات. ئاژانسی هەواڵی کوردپرێس بە مەبەستی ورووژاندی ئەو باسە و نواندنی شیکارییێکی پسپۆڕانە چەند پرسیارێکی لە نیکۆلاس پانایۆتیدس سەرۆکی پەیمانگای چاودێریی جیۆستراتێژی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کردووە و ناوبراو هێرشەکانی ئەم دواییەی تورکیا بۆ بەری ڕۆژهەڵاتی ڕووباری فورات دەگەڕێنێتەوە بۆ مەوزووعی هەڵبژاردنی ناوخۆ لە تورکیا و نیازی ئەردۆغان بۆ قۆستنەوەی ئەو تۆپباران کردنە بە قازانجی خۆی لە هەڵبژاردنەکانی ئەم دواییەی تورکیا.

ناوبراو بڕوای وایە ئەزدۆغان نایهەوێت باکووری سووریا و ناوچەی ژێردەسەڵاتی کوردی سووریا بلکێنێت بە خاکی تورکیاوە بەڵکوو دەیهەوێت بیکاتە خاکی بندەست و ناوچەیێکی داگیرکراوی خۆی ڕاست وەکوو پشتێنی غەزە لە فەڵەستین کە لەلایەن ئیسرائیلەوە داگیر کراوە.

دەقی دیمانەکەی کوردپرێس لەگەڵ نیکۆلاس پانایۆتیدس سەرۆکی پەیمانگای چاودێریی جیۆستراتێژی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لێرە بخوێنەوە:

کوردپرێس: ئەردۆغان وتوویەتی شەڕێکی دیکە دژ بە کوردی سووریا لە بەری ڕۆژهەڵاتی ڕووباری فورات دەست پێدەکات. بەڕای ئێوە شیمانەی سەپاندنی ئەو شەڕە بە سەر کورددا تا چەند ڕاستە؟

نیکۆلاس پانایۆتیدس: ئامانجی ئەردۆغان ئەوە بوو ئەو شتەی دەیگوت هەڕەشەیە لە سەر ئاسایشی نیشتمانیی تورکیا لەناوی بەرێت. ئوپەراسیۆنی چڵە زەیتوون کە ئەردۆغان ساڵی ڕابردوو لە مانگی کانوونی دووهەمدا ئەنجامی دا هەر بەو مەبەستە بوو و لە ئەنجامیشدا سوپای تورکیا عەفرینی داگیر کرد و ئەردۆغان بە مەرامی خۆی گەیشت. ئەوەی ئەردۆغان وەکوو هۆکاری ئەو کارەی خۆی دەیخستە ڕوو ئەوە بوو کە دەیگوت نەخشەڕێگای مەنبەج جێبەجێ نەکراوە ئەوەش لە کاتێکدایە سەرەڕای هێرشی تورکیا بۆ بەری ڕۆژهەڵاتی ڕووباری فورات نزیکە 2000 هێزی ئەمریکی لە شەڕی دژ بە داعشدا یارمەتیی کورد دەدات و ئەو هێرشانەی تورکیا مەترسی و هەڕەشەیە لە سەر ئەو هێزانە.

بەڕای من ئەمریکا بۆ ماوەیێکی درێژ ناتوانێت بەردەوام بێت لە ئامانجە دژبەیەکەکانی خۆ. بۆیە دەبێت هەڵوێستی شەفاف بگرێتە بەر. بەتایبەت ئێستا کە ئەمریکا ناتوانێت هاوکات هەم یارمەتیی کوردی سووریا بدات بۆ شەڕی دژبەداعش یان بۆ ڕێگری کردن لە هەژموونیی وڵاتانی دیکە و هەم لەو لاشەوە ئاگای لە بەرژەوەندییەکانی تورکیا بێت.

کوردپرێس: هەندێک کەس بڕوایان وایە هەڕەشەکانی ئەم دواییەی تورکیا دژ بە کوردی سووریا پێوەندیی بە هەڵبژاردنی ئایندەی تورکیاوە هەیە کە بڕیارە مانگی مارچ بەڕێوە بچێت. گوایا ئەردۆغان دەیەوێت بەم سیاسەتەی خۆی نەتەوەخوازەکانی تورکیا بەرەو لای خۆی ڕابکێشێت. ئایا ئەوە خوێندنەوەیێکی ڕاستە؟

نیکۆلاس پانایۆتیدس: ڕاستە. ئەردۆغان هاوپەیمانێتیی لەگەڵ نەتەوەخوازە توندڕەوەکان و بەتایبەت حیزبی دژەکوردی مەهەپە پێک هێناوە. بەو حاڵەشەوە بەڕای من ئەو بابەتە تاکە هۆکاری دژایەتییەکانی ئەردۆغان بەرانبەر بە کورد نییە. "سیندرۆمی پەیمانی سوور" تورکیای ئیزعاج کردووە و بەو پێیەش تا ئەو کاتەی یاسا و ڕێسای پێبەندکەری سیستەمی و ناوچەیی نەبێت ڕێگر، ئەنقەرە بەردەوام دەبێت لە سیاسەتی چاوچنۆکی و دەستدرێژی لە ناوچەکە. ئەردۆغان بوونی کورد لە سێ کانتۆنی کوردنشینی کۆبانێ و جزیرە و عەفرین بە هەڕەشە دەزانێت و ئامادەیە بۆ پارێزگاری کردن لە بەرژەوەندییەکانی خۆی هێرش بکاتە سەر ئەو ناوچە کوردنشینانە.

کوردپرێس: بۆچی پەکەکە لەم ڕۆژانەی دواییدا بەرانبەر بە هێرشەکانی تورکیا بێدەنگی دەنوێنێت؟

نیکۆلاس پانایۆتیدس: من لەو بارەیەوە زانیاریی وردم لا نییە بەڵام وای بۆ دەچم پەکە ئێستا بەنیازە بە سیاسەتەکانی خۆیدا بچێتەوە و ئەوەش هاوکاتە لەگەڵ ئەو گۆڕانکارییە بەرفراوانەی ناوچەەی بە ئاژاوەو ناسەقامگیری لێک دابڕاندووە. ڕاستە تورکیا ئوپەراسیۆنی فراوانی دژبە پەکەکە لە مانگی مارچی ڕابردووەوە لە باکووری عێراق دەست پێکردووە بەڵام دۆخی کوردەکان لە باکووری سووریا و تۆپارانی ئەم دواییەی تورکیا بۆ سەر کوردەکانی ئەو ناوچەیە سەرنجی هەمووانی ڕاکێشاوە.

کوردپرێس: پێ دەچێت ڕووسیا هەڵوێستی خۆیی لەبارەی کوردەوە گۆڕیوە. ڕووسیا دەڵێت ئەمریکا بەنیازە نیمچە وڵاتێکی کوردی دابمەزرێنێت و سووریا دابەش بکات. بۆچی؟

نیکۆلاس پانایۆتیدس: ڕووسیا بە سەرۆکایەتیی ڤیلادیمیر پووتن لە هەمان سەرەتای قەیرانی سووریاوە کاری بۆ پاراستن و دابین کردنی ئاسایش و بەرژەوەندییەکانی ئەو وڵاتە کردووە. ڕووسیا لە نەتەوەیەکگرتووەکان چەندین جار ماف و دەنگی ڤیتۆی خۆی بەکار هێناوە و بەقازانجی بەشار ئەسەد دەنگی داوە. ڕووسیا ساڵی 2015 تەداخولی لە سووریا کرد و باڵانسی دەسەڵاتی لەو وڵاتەدا بە قازانجی ئەسەد گۆڕی و سەرەڕای ئەوەی فڕۆکەیێکی ئەو وڵاتە لە تورکیا کەوتە خوارەوە بەڵام پێوەندییەکانی خۆی لە تورکیا بەباشی هێشتەوە.. با نموونەیێکی بەرچاوتان بۆ بهێنمەوە: یەپەگە هاوپەیمانی دوژمنەکەی ڕووسیا (ئەمریکا)یە. ڕووسیا هەموو ئەو پڕۆژانە ڕەت دەکاتەوە کە کار بۆ دابڕان و دابەش کردنی خاکی سووریا بکات لەبەر ئەوەی مومکینە ئەو پڕۆژەیە بنکە سەربازییەکانی ڕووسیا لە سووریا بخاتە مەترسییەوە. دیارە عیلاقات و تەعامول و جووڵەی سیاسی و سەربازیی زلهێزەکان لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست تەوا تەواو جیۆپۆلەتیکییە.

کوردپرێس: ژمارەیێک لە چاودێرانی سیاسی بڕوایان وایە تورکیا دەیەوێت ناوچەی باکووری سووریا وەکوو عەفرین و باب و ئەو ناوچانە بلکێنێت بە خاکی خۆیەوە. ئەوە ڕاستە؟

نیکۆلاس پانایۆتیدس: من وای بۆ ناچم. لەبەر ئەوەی ئەو کارەی تورکیا بەرژەوەندیی دیکەی لایەنەکانی سووریا بەتایبەت ڕووسیا و دیمەشق و کوردەکان دەخاتە مەترسییەوە. ئەو بابەتە نەک هەر خزمەت بە بەرژەوەندییەکانی ئەنقەرە ناکات بەڵکوو بەرژەوەندییەکانیشی دەخاتە مەترسییەوە. بەڵام تورکیا بەنیازە تەعامولێکی نیۆ کۆلۆنیالیسیتی لەگەڵ ئەو ناوچەیە بکات ڕاست وەکوو پشتێنی غەزە کە ئیسرائیل تەعامولی وای لەگەڵ دەکات. هەمووان دەزانن تورکیا لە باکووری سووریا دەستی کردووە بە کردنەوەی زانکۆ و هەوڵ دەدات لە بابیش چەند زانکۆیێک دابمەزرێنێت. بەو حاڵەشەوە دۆخی ئەو ناوچەیە زۆر جیاوازە لە پارادایمی ئیسرائیل/ فەڵەستین؛ لەبەر ئەوەی ڕووداوەکان بەرەو ئەو ئاراستەیە دەڕۆن کە بە قازانجی بەشار ئەسەدە و ئەگەر وا دەرچێت دەبێت مەسەلەی کوردیش یەکلا بکرێتەوە.

کوردپرێس: دۆخی کوردی سووریا لە ئایندەی نزیکدا چۆن لێک دەدەنەوە؟

نیکۆلاس پانایۆتیدس: تا ئەو کاتەی ئەردۆغان سەرۆکی تورکیا بێت من هیچ گەشبین نیم بە باشتر بوونی دۆخی کورد. ئەردۆغان ساڵی 2013 دەستی بە گفتوگۆکردن لەگەڵ پەکەکە کرد. ئەگەرچی ئەو دانووستانە ساڵی 2015 لەناوچوو. ئەردۆغان پاشتر سەلماندی کە تەنها بە مەبەستی سیاسی و بۆ سەرکەوتنی خۆی ئەو گفتوگۆیەی دەست پێکردبوو لە بەر ئەوەی دەموچاوێکی ئیسلامخوازی میانەڕەو لە خۆ بنوێنێت بۆ ڕازی کردنی یەکێتیی ئەورووپا و کۆمەڵگەی دەولی. ستراتێژییەکەی ئەردۆغان زەمینەی ڕەخساند بۆ کەم کردنەوە دسەەڵاتی دامودەزگا دامەزراوەکان بە سوپا و دەسەڵاتی دادوەری و بەگشتی دەوڵەتی شاراوە. بەڕای من دۆخی کوردی تورکیا بەرەو هەمان ڕێچکەی پێشوو دەچێت کە توندئاژۆیی و پێکدادانی ناوبەناو و ڕەدفیعلی بەرانبەری دەبینرێت لە باشووری ڕۆژهەڵاتی تورکیا.

دیمانە: بەشی جیهان- ئاژانسی هەواڵی کوردپرێس

News Code 39378

Your Comment

You are replying to: .
captcha