پارتی مۆدێلێکی نوێی حوکمڕانی لە ھەرێم تاقی دەکاتەوە

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- پارتی دیموکراتی کوردستان ئاشکرا دەکات لیژنەی بۆ سەردانی لایەنەکان پێکھێناوە بە مەبەستی گفتوگۆ کردن لەسەر میکانیزمی پێکھێنانی حکوومەت.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، عەتا شێخ حەسەن وتەبێژی ئەنجومەنی سەرکردایەتی پارتی ڕایگەیاند: "وەکوو پارتی لیژنەمان پێکھێناوە بە مەبەستی سەردانی لایەنەکان و لە ئایندەیێکی زۆر نزیکیشدا کە ڕەنگە چەند ڕۆژێکی دیکە بێت، سەردانی لایەنەکان دەکرێت بۆئەوەی لێکتێگەیشتنێک یان نەخشەڕێگەیێک بۆ حکوومەتی نوێ دروست بکرێت".

سەبارەت بە ڕێکەوتنی نێوان پارتی و گۆڕانیش بۆ ئەوەی پۆستی جێگری سەرۆک وەزیرانی پێبدرێت، بەرپرسەکەی پارتی ئەو زانیاریی و دەنگۆیانەی ڕەت کردەوە و وتی: "ھێشتا گفتوگۆکان دەستیان پێنەکردووە تاوەکوو ئێمە پۆست بدەین بە گۆڕان".

ناوبراو ڕونیشی کردەوە لەکاتی گفتوگۆکاندا گەیشتینە ھەر ڕێکەوتنێک بۆ بەشداریی ھێزە سیاسییەکان، ئەوکاتە بۆ ڕای گشتیی ئاشکرا دەکرێت.

سەبارەت بەشێوازی حوکمڕانی ھەرێمیش وتەبێژەکەی پارتی تەئکیدی کردەوە کە بەشێوەی گشتیی حوکمڕانی ھەرێم دوو قۆناغی بەخۆوە بینی.

ئەوەشی وت کە قۆناغی یەکەم ٥٠ بە ٥٠ بوو، بەداخەوە سەختی لێکەوتەوە، دواتریش حکوومەتی بنکە فراوان ئەزموون کرا، ھیچکام لەمانەش سەرکەوتوو نەبوون، بۆ ئێستاش بەدوای بەدیلی تازەدا دەگەڕێین بۆ بەڕێوەبردنی ھەرێمی کوردستان.

سەرچاوە: تۆڕی هەواڵی سلێمانی

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 39372

Your Comment

You are replying to: .
captcha