بەپێی هەواڵی کوردپرێس، نوێنەرایەتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق ئەمڕۆ سێشەممە رایگەیاند: "رێکخراوی داعش 202 گۆڕی بەکۆمەڵی لە عێراق لە دوای خۆی جێهێشتووە، کە زیاتر لە 12 هەزار تەرمی خەڵکی مەدەنیان تێدایە و دەکرێت ئەم گۆڕە بەکۆمەڵانە وەکوو بەڵگەی تاوانی جەنگ سوودیان لێ ببیندرێت".
بەپێی زانیارییەکانی یونامی، گۆڕەکان لە رۆژهەڵات و باکووری عێراق دۆزراوەنەتەوە، مێژووەکەیان بۆ ساڵانی 2014 تاوەکوو 2017 دەگەڕێتەوە، واتا بۆ ئەوکاتانەی داعش لە ناوچەکە بووە.
یونامی راشیگەیاندووە رەنگە لە مانگەکانی داهاتوودا، گۆڕی دیکەی بەکۆمەڵ بدۆزرێنەوە، داواش لە حکوومەتی عێراق دەکات پارێزگاری لە گۆڕە بەکۆمەڵەکان بکات، هەڵیانبداتەوە تاوەکوو بتوانێت نیشانی خانەوادەی قوربانییەکانی بدات.
لە کۆی ئەو 202 گۆڕە بەکۆمەڵەی لە راپۆرتەکەی نەتەوە یەکگرتووەکاندا هاتووە: تەنیا 28 گۆڕیان هەڵدراونەتەوە، کە هەزار و 258 تەرمیان تێدابووە. نیوەی گۆڕە بەکۆمەڵەکان لە پارێزگای نەینەوان، گۆڕە بەکۆمەڵەکانی دیکەش لە پارێزگاکانی کەرکووک، سەلاحەدین و ئەنبارن.
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment