مه‌ریه‌م قازی چیرۆكنووسی کورد كۆچی دوایی كرد

به‌شی ئازه‌ربایجانی ڕۆژئاوا- مه‌ریه‌م قازی چالاكوانی مه‌ده‌نی و چیرۆكنووسی کورد له‌ شاری مه‌ھاباد كۆچی دوایی كرد.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، سه‌رله‌به‌یانیی ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 5ی نۆڤێمبێری 2018 مه‌ریه‌م قازی چالاكوانی مه‌ده‌نی و چیرۆکنووسی مه‌هابادی دوای ماوه‌یێكی زۆر ناڵاندنی به‌ ده‌ست نه‌خۆشینی شێرپه‌نجه‌ كۆچی دوایی كرد.

مه‌ریه‌م قازی دانیشتووی شاری مه‌ھاباده‌ و پسپۆر له ‌بواری ئه‌ده‌بیات و چیرۆكنووس بوو و بۆ ماوه‌ی 7 ساڵیش وه‌كوو نووسه‌ری كه‌ناڵی ته‌له‌فزیۆنی مه‌ھاباد كاری كردوووه‌ و بڕیاره‌ ئه‌مڕۆ له‌ شاری مه‌ھاباد و له‌ گۆڕستانی ئه‌دیبان به‌ خاک بسپێردرێت.

ئه‌و خانمه‌ نووسه‌ره‌ له‌ ڕێگای چیرۆک و نووسینه‌کانی په‌ی به‌ ئازاری گه‌له‌که‌ی بردوووه‌ و هه‌وڵی داوه‌ کێشه‌ و به‌دبه‌ختییه‌کانی کورد له‌ ڕێگای چیرۆک و نووسینه‌کانی به‌ دونیا بگه‌یه‌نێت.

ژیاننامه‌ی مریه‌م قازی

له‌ ساڵی (1963ی زایینی) له‌ مه‌ھاباد له‌دایک بوووه‌.

له‌ ساڵی (1987ی زایینی) ده‌ستی به‌ كاری نووسین كردوووه‌.

ماوه‌یێكی كورت پاش كاره‌ساتی ھه‌ڵه‌بجه‌ چیرۆكێكی به‌ ناوی "په‌رژین" له‌سه‌ر ئه‌و كاره‌ساته‌ نووسیوه‌ و له‌ گۆڤاری سروه‌دا بڵاو كراوه‌ته‌وه‌.

دوو به‌رھه‌می به‌ ناوه‌كانی "ھاتنه‌ ژوور قه‌ده‌غه‌یه‌" و "زینده‌ به‌گۆڕ" چاپ و بڵاو كراونه‌ته‌وه‌.

ڕۆمانی "ژیانم خۆش ده‌وێ"ی له‌ژێر چاپدا بوووه‌.

به‌رھه‌مێكی قوتبه‌دین سادقی وه‌رگێڕاوه‌ته‌ سه‌ر زمانی كوردی و ئاماده‌ی چاپه‌.

چه‌ندین ساڵ به‌ڕێوه‌به‌ری ئه‌نجومه‌نی ئه‌ده‌بیی مه‌ھاباد بوووه‌.

له‌ زۆربه‌ی گۆڤاره‌ و ڕۆژنامه‌كانی ئێران و هه‌رێمی کوردستان به‌رھه‌م و بابه‌ت و دیمانه‌ی بڵاو بوووه‌ته‌وه‌.

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 39326

Your Comment

You are replying to: .
captcha