توركمانه‌كان گه‌ڕانه‌وه‌ى پێشمه‌رگه‌ ره‌ت ده‌كه‌نه‌وه‌

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- توركمانى کەرکووک به‌هه‌موو شێوه‌یێک گه‌ڕانه‌وه‌ى پێشمه‌رگه ‌و ئاسایش بۆ پارێزگاى کەرکووک ره‌ت ده‌كه‌نه‌وه‌ و ده‌زگا ئه‌منییه‌ فیدراڵییه‌كانیش به‌ به‌رپرسی دۆسێی ئه‌منى ده‌زانن.

کوردپرێس:

ده‌سته‌ى باڵای هاوئاهه‌نگیى توركمان دواى كۆبونه‌وه‌یێكی له ‌به‌یاننامه‌یێكدا ته‌ئكیدی كردۆته‌وه‌، سه‌رجه‌م توركمانه‌كان به‌رپرسن له‌ بڕیاره‌ سیاسییه‌كانیان نه‌ک ته‌نها حزبێك و پێویسته‌ لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی عێراقیش له‌ كۆبوونه‌وه‌ و رێكه‌وتنه‌كاندا ئه‌و خاڵه‌ له‌به‌رچاوبگرن.

هه‌روه‌ها ده‌سته‌كه‌ ده‌ڵێت "جێى داخه‌ له‌پێكهاته‌ى حكوومه‌تى نوێی عیراقدا هیچ وه‌زیرێكى توركمانى بوونى نییه‌، بۆیه‌ داوا ده‌كه‌ین یه‌كێك له‌و وه‌زاره‌تانه‌مان بدرێتێ، كه‌ ماون. هه‌روه‌ها به‌پێویستى ده‌زانین یه‌كێك له‌جێگره‌كانى سه‌رۆك كۆمار له‌ نه‌ته‌وه‌ى توركمان بێت".

ده‌سته‌ى باڵای هاوئاهه‌نگیى توركمان ئاماژه‌یان به‌وه‌ش داوه‌، توركمانه‌كان به‌هه‌موو شێوه‌یێک وته‌كانى به‌شیر حه‌داد جێگرى دووهه‌مى سه‌رۆكى په‌رله‌مان سه‌باره‌ت به‌ کەرکووک ره‌ت ده‌كه‌نه‌وه‌، هه‌روه‌ها هه‌ر رێكه‌وتنێكى تاك لایه‌نه‌ش له‌گه‌ڵ كورد له‌سه‌ر ئیداره‌دانى کەرکووک ره‌ت ده‌كه‌نه‌وه‌.

ته‌ئكیدیش ده‌كه‌نه‌وه‌، هه‌رسێ پێكهاته‌كه‌ى کەرکووک و یاساكان بڕیار له‌سه‌ر بارودۆخى کەرکووک و ئیداره‌دانى ده‌كه‌ن، هه‌روه‌ها رێككه‌وتن له‌سه‌ر دابه‌شكردنى پۆسته‌كان باشترین رێگه‌یه‌ بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ى سه‌قامگیرى پارێزگاكه‌، به‌هه‌موو شێوه‌یێكیش گه‌ڕانه‌وه‌ى پێشمه‌رگه‌و ئاسایش بۆ وه‌رگرتنى دۆسێی ئه‌منى ره‌ت ده‌كه‌نه‌وه‌ و ئه‌وان هێزه‌ ئه‌منییه‌ فیدراڵییه‌كان به‌ به‌رپرس له‌و دۆسیه‌یه‌ ده‌زانن.

News Code 39278

Your Comment

You are replying to: .
captcha