یۆنامی ئاماری مانگی ڕابردووی قوربانیانی تیرۆر له‌ عێراق ئاشكرا ده‌كات

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- یۆنامی له‌ ڕاگه‌یێندراوێکدا ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌کات که‌ له‌ مانگی ئۆكتۆبه‌ردا به‌هۆی كرده‌وه‌ی توندوتیژی، تیرۆر و ململانێی چه‌كداری له‌ عێراق 69 كه‌س كوژراون و 105 كه‌سیش بریندار بوون.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتوووه‌كان رایگه‌یاند "به‌پێی ئه‌و ژمارانه‌ی نێرده‌ی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان بۆ هاوكاریكردنی عێراق (یۆنامی) تۆماری كردوون، له‌ مانگی تشرینی یه‌كه‌می ڕابردوو (ئۆكتۆبه‌ر) له‌ ئه‌نجامی كرده‌وه‌ی توندوتیژی، تیرۆر و ناكۆكی چه‌كداری له‌ عێراق 69 كه‌س كوژراون و 105 كه‌سی دیكه‌ش بریندار بوونه‌."

به‌پێی ڕاگه‌یێندراوه‌كه‌ "ئه‌و ژمارانه‌ هه‌موو ئه‌وانه‌ ده‌گرێته‌وه‌ كه‌ له‌ كاتی كرده‌وه‌ توندوتیژییه‌كان كوژراون یان بریندار بوونه‌ به‌ پۆلیسه‌كانی به‌رگری شارستانی، تیمه‌كانی ئاسایشی كه‌سی، پۆلیسی پاراستنی دامه‌زراوه‌كان و پۆلیس و فه‌رمانبه‌رانی ئاگركوژێنه‌وه‌شه‌وه‌."

هه‌روه‌ها ده‌ڵێت: "له‌و ڕۆژه‌ی نێرده‌ی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتوووه‌كان بۆ هاكاریكردنی عێراق (یۆنامی) له‌ تشرینی دووه‌می 2012 له‌ عێراق ده‌ستبه‌كار بوووه‌ ئه‌م ژماره‌یه‌ كه‌مترینه‌ له‌ ماوه‌ی مانگێک تۆمار كرابێت و نیشانده‌ری ئه‌وه‌یه‌ كه‌ وڵاته‌كه‌ ورده ‌ورده‌ له‌ بازنه‌ی توندوتیژی دێته‌ده‌ره‌وه‌ كه‌ له‌لایه‌ن تیرۆریستانه‌وه‌ خرابوووه‌ ناو ئه‌و بازنه‌یه‌وه‌."

پارێزگای نه‌ینه‌وا به‌ركه‌وته‌ترین پارێزگا بوووه که‌‌‌ 65 هاووڵاتی مه‌ده‌نی بوونه‌ته‌ قوربانی (29 كوژراو و 36 بریندار) و دوای ئه‌و پارێزگای به‌غدا دێت كه‌ ئاماره‌كانی برتییه‌ له‌ (29 كوژراو و 35 بریندار) و پارێزگای ئه‌نبار (5 كوژراو و 19 بریندار).

سه‌رچاوه‌: میدیاکانی هه‌رێمی کوردستان

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 39255

Your Comment

You are replying to: .
captcha