کوردپرێس:
بە گوتەی غازی کەرکووکی ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتی، بڕیاری دەرکردنی چەند ئەندامێکی حیزبەکە "بڕیاری تاکە کەسی نەبووە، بەڵکو زۆرینەی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی دەسەڵاتیان دایە دەست کاک بافڵ تاڵەبانی بۆ ئەوەی رێکارەکان بگرێتەبەر، بۆ ئەوەی هەندێک پاداشت بکرێن و هەندێکیش سزا، ئەوانەی کاری باشیان کردووە پاداشت بکرێن، کۆمەڵێکیش سزا دەدرێن".
ئەندامەکەی سەرکردایەتیی یەکێتی دەشڵێت: "بە داخەوە هەندێک لەو برادەرانە، نەک کاریان بۆ یەکێتی نەکرد، بەڵکو هانی خەڵکیشیاندا بۆ ئەوەی خەڵک دەنگ بە یەکێتی نەدەن و تەنانەت هانی خەڵکیانداوە دەنگ بە لایەنی دیکە بدەن، ئەمەش یەکێک لەو کارە خراپانە بوو کە هەندێک لەو برادەرانە کردوویانە".
شایانی باسە رۆژی سێشەممە 02-11-2021، سەرچاوەیەکی باڵای یەکێتی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بڕیاردراوە لاهوور شێخ جەنگی، هاوسەرۆکی یەكێتیی نیشتمانیی کوردستان و چوار ئەندامی سەرکردایەتی ئەو حیزبە دووربخرێنەوە.
جگە لە لاهوور شێخ جەنگی، هەر یەک لە ئاراس شێخ جەنگی، ئاڵا تاڵەبانی، ژینۆ محەممەد و شادوومان مەلا حەسەن لە یەکێتی دوورخراونەتەوە.
لەبارەی بڕیارەکان، غازی کەرکووکی، ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لەکاتی بەشداریکردنی لە بوولتەنی هەواڵەکانی کاژێر 22:00ی تۆڕی میدیایی رووداو، کە فوئاد رەحیم پێشکەشی دەکرد، رایگەیاند: "ئێمە حیزبین، حیزبیش پەیڕەوێکی هەیە کاری لەسەر دەکات، لەو کاتانەی هەڵبژاردن بەڕێوەدەچێت ئەگەر سەرکردەکانی ئەو حیزبە کاریان بۆ ئەو حیزبە نەکرد یان دژی حیزبەکە کاریان کرد، بەپێی پەیڕەو دەبێت سزا بدرێن. بۆیە پێموایە ئەوەی ئەمڕۆ کراوە وەکو حیزبێک کە خاوەنی پەیڕەوە ئەو سزایانەی دەرکردووە".
Your Comment