کوردپرێس:
مەلا بەختیار، ئەندامی ئەنجوومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندییەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کە ماوەیەک پێش ئێستا بەهۆی تێکچوونی دۆخی تەندروستییەوە چووە ئەڵمانیا، لە وتارێکدا کە لە فەیسبووکی خۆی بڵاوی کردووەتەوە باسی هەوڵەکانی کوشتن و ژەهرخواردکردنی دەکات، هەروەها تیشک دەخاتە سەر گۆڕانکارییەکانی نێوخۆی حیزبەکەی دوای کۆنگرەی چوارەم.
وتارەکە لەژێر ناونیشانی "بەراوردێک لەنێوان ژەهرخواردکردنم و هەوڵی تیرۆرکردنم 25/10/2005" بڵاوکراوەتەوە کە وەکو خۆی باسی دەکات، لە ساڵی 2005 "ترسناکترین هەوڵی تیرۆرکردنم" جێبەجێ کراوە، بەڵام بەهۆی وەرگرتنی چارەسەرەوە نەیتوانیوە بەراوردێک لە نێوان ئەو رووداوە و "ژەهرخواردکردنم لەسەر دەستی( هەڤاڵان!!! ) بکەم".
لە کۆنگرەی چوارەمی یەکێتی کە لە 25-09-2019 بەڕێوەچوو، بڕیاردرا سیستەمی هاوسەرۆکایەتی لە حیزبەکە جێبەجێبکرێت و بافڵ تاڵەبانی و لاهوور شێخ جەنگی بوونە هاوسەرۆکانی یەكێتی، هەروەها ئەنجوومەنێک بە ناوی "ئەنجوومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندییەکانی یەكێتی" بە سەرۆکایەتیی کۆسرەت رەسوول و ئەندامێتیی چەند سەرکردەیەکی یەکێتی لە نێویشیاندا مەلا بەختیار دامەزرا.
مەلا بەختیار ئەنجامی کۆنگرەکە بە "پەراوێزخستن" ناو دەبات و دەڵێت، ئەوانەی کە هەوڵی ئەوەیان داوە کە پەراوێزیان بخەن "لە ویژدانی خۆیاندا ئەو پەراوێزخستنە رەتدەکەنەوە.. بۆیە چاریان نەما تەنیا هەڵگەڕانەوە نەبێ بۆ رەگەزی فاشستییانە. ئەویش لەناوبردنی جەستەییە".
مەلا بەختیار بە کۆسرەت رەسوول، سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندییەکانی یەكێتی دەڵێت، "کەی قەول و قەرار وابوو؟ کە بە ئەنجوومەنی باڵا رازی بووین بۆ ئەوەی کێشەکانی یەکێتی لەناو کۆنگرە قووڵتر نەبێت، کەچی هەوڵی لەناوبردنمان دەدرێت.. بەداخەوە خراپتریش بەڕێوەیە".
لە بەشێکی دیکەی وتارەکەدا مەلا بەختیار روو لە هێرۆ خان دەکات و دەڵێت، "میهرەبانیت زاڵ کرد بەسەر ژیانی حیزبایەتیدا، بۆیە بەشێکی چواردەورت پاداشتێکی ناجومێرانەیان دایتەوە و لە پەنای خۆتا پیلانیان لێ ئەگێڕایت".
ئامانجی یەکێتی لە کۆنگرەی چوارەم رێکخستنەوەی نێوماڵی حیزبەکە بوو، بەڵام لە هەڵبژاردنی 10-10-2021 ژمارەی کورسییەکانی یەكێتی کەمیان کرد، مەلا بەختیار لەو بارەوە دەڵێت، یەكێتی "سەنگی پێش کۆنگرەشی لەدەست دا. لەم هەڵبژاردنەی عێراقدا 300 هەزار دەنگدەر، متمانەیان لە یەکێتی سەندەوە".
هەروەها لەبارەی رەوشی یەکێتییەوە مەلا بەختیار دەڵێت، "بە چڕکردنەوەی ململانێکانی ناو یەکێتی، ئیتر ریزەکانی یەکێتی ناو یەکێتی، کۆتایی هات.. هێزی تایبەتی هەندێک لە سەرکردەکان بەهێزتر کراون. تەواوی ژیانی حیزبایەتی پێشێل کرا، گەندەڵی و سەرانەسەندن و موڵکی حەرام دابەشکردن کەوتووەتە سەر وێردی هەموو زمانێک."
پرسی "ژەهرخواردکردنی" بەرپرسانی یەکێتی دوای رووداوەکانی 8ـی تەممووزی 2021 بووەتە رۆژەڤ، بەتایبەت دوای ئەوەی بافڵ تاڵەبانی لاهوور شێخ جەنگیی بە "ژەهرخواردکردنی" تۆمەتبارکرد و لە میدیاکانەوە گوتی، ئەوەی بە بەڵگە لایە و لەئاییندەدا بەڵگەکانیش دەخاتەڕوو.
بەپێی زانیارییەکانی رووداو، مەلا بەختیار رۆژی 20-10-2021 هەرێمی کوردستانی جێهێشتووە و ئێستا لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی ئەڵمانیا لەژێر چارەسەری پزیشکیدایە.
دەقی وتارەکەی مەلا بەختیار:
بەراوردێک لەنێوان ژەهرخواردکردنم و هەوڵی تیرۆرکردنم 25/10/2005
هەموو مرۆڤێک هەر دەمرێ مردنیش بەگشتی تەمەنی بۆنیە. هەموو مرۆڤایەتی هاوقەبرین. بەڵام کەسانی سیاسی، پێشمەرگە، فەرماندە و بەرپرس، دەبێ چاوەڕوانی مردنی نائاسایش بکەن. حکومەت بەردەوام هەوڵی کوشتنی داوم. چەندجارێکیش هەوڵەکانیان جێ بەجێ کردوە. بەڵام ڕێکەوت پاراستومی. لەشەڕی ناوخۆدا ، کە قەت نەدەبوو ئەوەندە درێژە بکێشێت (1976 -1998) دووجار پارتی هەوڵی لەناوبردنی داوم. ئنجا هێزەکانی قاعیدە و داعشیش چەندجارێک هەوڵیانداوە تیرۆرم بکەن. لە سلێمانی، فڕانکفۆرت و دوزخورماتوو، دیسان دەرباز بووین.
25/10/2005 ترسناکترین هەوڵی تیرۆرکردنم جێ بەجێ کرا. هەفتەیەک لەمەوبەر یادی ئەم هەوڵەبوو کە من بەڕستی ئەوەم نەبوو بەهۆی چارەسەرەوە بەراوردێکی تیرۆر کردنم لەسەر دەستی قاعیدە و ژەهرخواردکردنم لەسەر دەستی( هەڤاڵان!!! ) بکەم. مێژووی تیرۆرکردنەکانم هەمیشە لە لایەن فاشیستەکان و قاعیدەی رەشەکوژەوە، یان لەئەنجامی شەڕی ناوخۆوە بووە. ئەوانەی لە سەنگەری دوژمنایەتی یەکێتییەوە، هەوڵی تیرۆرکردنی من و هاوسەنگەرەکانیان داوم، تەنانەت سەرۆک مام جەلال و شادڕەوان نەوشیروان و سەرکردەی تریش، هەروەها لەکاتی سەرۆک وەزیراندا کاک کۆسرەت و دکتۆر بەرهەمیش هەوڵی تیرۆرکردنیان درا. ئەوکاتە دەمانزانی بۆ هەوڵی تیرۆرکردنمان دەدرێت، چونکە لە سەنگەرەکانی پێشەوەی شۆڕشگێڕێتی و دیموکراسیدا بووین (دوورلەئێستا) بەڵام دوای ئەوەی یەکێتی لە پەیامە مێژووییەکەی بەهۆی زاڵبوونی بەرژەوەندیی خۆپەرستی و دەستەگەریەوە، بەهۆی دەستخستنە ناو بازاڕ و بازرگانی ناشەرعیەوە، یەکێتی بە روواڵەت ئەیویست هاوسەنگی بەدی بێنێت، بەڵام بەکردەوە لەدوای چوارەمین کۆنگرەوە، سەنگی پێش کۆنگرەشی لەدەست دا. لەم هەڵبژاردنەی عێراقدا 300 هەزار دەنگدەر ، متمانیان لە یەکێتی سەندەوە.
لەناو دۆخێکی ئاوای ناشەریفانە و پڕاوپڕ لە خۆپەرستی و مەزنخوازی ناڕەوادا، ململانێکانی یەکێتی لە بەرامبەر نەیارەکانیدا، بە بەرنامە، لەژێر پەردەی هاوسەنگی دروستکردن، ململانێکانیان لەناو یەکێتی چڕ کردەوە. بەچڕکردنەوەی ململانێکانی ناو یەکێتی، ئیتر ریزەکانی یەکێتی ناو یەکێتی، کۆتایی هات. بۆیە ئەبینین تەکەتولەکان بەئاشکرا ئیش ئەکەن. هێزی تایبەتی هەندێک لە سەرکردەکان بەهێزتر کراون. تەواوی ژیانی حزبایەتی پێشێل کرا، گەندەڵی و سەرانەسەندن و موڵکی حەرام دابەشکردن کەوتووەتە سەر وێردی هەموو زمانێک.
لە دۆخێکی وادا پێوەرە حزبییەکان و مۆڕاڵی حیزبایەتی دەکرێنە پەڕۆی بێ نوێژ. ئیتر هەرچی بەهای مرۆڤایەتی و ئایدۆلۆجی هەیە نامێنێت. تەنانەت وای لێدێت چاودێریی کادرەکان لە فەیسبووک بکەن بزانن وێنەی بەرپرسەکانیان لەسەر تەنەکەی ماستاو دەنەخشێنن یان نا؟
لەو چوارچێوەیەدا ژەهرخواردکردنمان لەناو یەکێتی ، ئەنجامێکی فاشستیانەی چاوەڕوان کراوە. زۆر جار لەمێژوودا بەشێکی چەپەکان هەڵدەگەڕێنەوە بۆ فاشیەت. پرەنسیپی بنچینەی نازیەکان ئەوەیە، یان لەگەڵمی یاخود دوژمنمی. واتە بێلایەنی سەربەخۆیی لەناو ژیانی حزبایەتی ڕەتدەکەنەوە.
بەدرێژایی مێژووی یەکێتی شانازیمان دەکرد کە شۆڕشگێڕین، شانازیشمان دەکرد کە دوژمنەکانمان ئەوەندە لێما ئەترسان پیلانیان لێ ئەگێڕاین. بەڵام ئێستا لەناو ململانێکانی یەکێتی، لافی چ بیروباوەڕێک لێ دەدرێ و شانازی بەکام ململانێوە بکرێت؟
چۆن ساڵانە یادی ژەهرخواردن لەناوخۆماندا بکەین؟ ئەوانەی تاوانەکەیان ئەنجام داوە، شەرم ئەکەن باسی بکەن.
ئێمەش کە تاوانەکەمان بەرامبەر ئەنجام دراوە، لەبەر دابونەریتی کوردەواری و شکۆی مام جەلال، ئارام ، عەلی عەسکەری، شیهاب، دکتۆر خالد ، شێخ حسێنی یەزیدی، سەعدی گچکە، ڕەوف بەگ، ڕەسول مامەند ، سەید کەریم ، ملازم تایەر علی والی، تاد.... ناتوانین بەدڵی خۆمان باسیشی بکەین.
ئەو شەوەی لەکونە گورگ 25/12/1977 هەوڵی کوشتنیان داین بەشایی شۆڕشگێڕانم دەزانی، ئەو ڕۆژەی دوو خۆکوژ خۆیان پیا تەقاندمەوە لە 25/10/2005 بەشانازی ڕۆشنگەریم ئەزانی. ئەو ڕۆژەی لەگەڵ شێخ جەعفەر لەدووزخورماتو (ْ 24/8/2014) کەوتینە بۆسەی داعشەکانەوە بەسەر بڵندی بەرەنگاری تاریکپەرستی و هێزی خۆکووژم ئەزانی.
بەڵام ئێستا بچمە سەر قەبری مام جەلال بڵێم چی؟ بچمە تەنگی سەر چی بەئارام بڵێم؟ بە شیهابی شێخ نوری بڵێم ئێوە کەم ژیان و کەڵ ژیان. بەڵام ئێمە زۆرتر ژیاین کەچی خەریکە بە (گوێدرێژی) سیاسی لە سەر هەڵوێستەکانمان لەناو ئەبرێین.
چی بە کاک کۆسرەت بڵێم ، کەی قەول و قەرار وابوو؟ کە بە ئەنجومەنی باڵا ڕازی بووین بۆئەوەی کێشەکانی یەکێتی لەناو کۆنگرە قوڵتر نەبێت، کەچی هەوڵی لەناوبردنمان دەدرێت. قەت نەدەبوو ئەنجومەنی باڵا رێبدا یەکێتی بگاتە ئەم ڕۆژگارە نالەبارە. ئەگەر کێشەکانمان پێ چارەسەر نەکرایە، دەتوانرا وای بەسەرنەیەت. بەداخەوە خراپتریش بەڕێوەیە.
روو دەکەمە هێرۆ خانی میهرەبان و پێی دەڵێم : میهرەبانیت زاڵ کرد بەسەر ژیانی حزبایەتی دا، بۆیە بەشێکی چواردەورت پاداشتێکی ناجومێرانەیان دایتەوە و لەپەنای خۆتا پیلانیان لێ ئەگێڕایت.
هەرچی چۆنێک بووە بەشانازییەکانی خۆمان و شەرمەزاریەکانی بەرامبەرەکانمان ئێمە ماوین . ئەوانەی وایان ئەزانی لەدوای چوارەمین کۆنگرەوە تەواو پەراوێزیان خستبوین، تێگەیشتن یەکێتیە ڕەسەنەکان و تێکۆشەرە دێرینەکان و هەڤاڵانی دڵسۆزی یەکێتی، لەویژدانی خۆیاندا ئەو پەراوێزخستنە ڕەتئەکەنەوە و هاوکێشەکانی ناو یەکێتی ڕوو لەگۆڕانکاری بابەتی بوو، بۆیە چاریان نەما تەنها هەڵگەڕانەوە نەبێ بۆ ڕەگەزی فاشیانە. ئەویش لەناوبردنی جەستەییە. بەڵام ئەم پیلانە چ بەرامبەر بە خۆم و چ بەرامبەر هەڤاڵانی تر، لاپەڕە ڕەشەکانی ڕابردوو تاڕادەیەکی زۆر دادەخات. ئیتر هەڤاڵانی یەکێتی بەچاوی یەکێتیەکی ڕەسەن و شۆڕشگێری ڕاستەقینە و دادپەروەرێکی گەورەوە، دەڕواننە هاوکێشەکانی ناو حزبەکەیان. تەنانەت ئەوانەی لەترسان و لەبرسان نەیاندەوێرا هەڵوێست دەرببڕن، لەمەودوا لەبەر پەرۆشی بۆ یەکێتی، ئیتر بێ هەڵوێست نابن و لێناگەڕێن یەکێتیەکەی مام جەلال و کاروانی شەهیدان و تێکۆشەرانی کۆڵنەدەر لەمە زیاتر هەڵبدێرێ. هەڵیشنادێرێ.. قەت هەڵنادێرێ.
مەلا بەختیار
Your Comment