کوردپرێس:
بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عێراق لە پەیامێکدا بەبۆنەی چلەی ماتەمینی ئیمان حسێنەوە (د.خ) رایدەگەیەنێت، شۆڕشی ئیمام حسێن، شۆڕشێك بوو بۆ گۆڕینی واقیع و چاكسازی. بۆیە سەرۆککۆماری عێراق تەرکیزی کردە سەر ئەنجامدانی چاکسازی بۆ پێکهێنانی دەوڵەتێکی بەهێز لە عێراق.
دەقی پەیامەکەی بەرهەم ساڵح بە بۆنەی چلەی ماتەمینی ئیمام حسێن (د.خ):
گەلی سەربەرزی عێراق، برایان و خوشكانی زیارەتكەر بۆ نزرگەی ئیمام حسێن (د.خ)، بە گەلی ئێمە و گەلانی دیکەشەوە سڵاوی خوداتان لێبێت، سڵاو لە هەموو ئەوانەی بەرەو كەربەلای سەربەرز رێ دەكەن.
لەم بۆنە پیرۆزەدا، سەرەخۆشی لە گەلی عێراق و نەتەوەی ئیسلامی و مەرجەعییەتی باڵای نەجەف دەكەم.
شۆڕشی ئیمام حسێن (د.خ)، وەك شۆڕشی ئازادی و دادپەروەری بەڕووی سەركوتكاری و ستەمدا دەمێنێتەوە، شۆڕشی چاكسازی و گۆڕینی واقیع بوو، نیشتمانی ئەوانەیە كە بەشوێن مرۆڤایەتی و ژیان و دادپەروەریی كۆمەڵایەتیدا دەگەڕێن.
ئیمام حسێن بۆ داواكردنی چاكسازی لەنێو نەتەوەكەیدا شۆڕشی كرد، با ئێمەش دروشم و كار و تێكۆشانمان بۆ پاككردنەوەی وڵاتەكەمان بێت لە گەندەڵی و خراپ بەڕێوەبردن و بێبەشكردن لە ماف و خزمەتگوزارییەكان.
پێویستە لە یادی زیندووی ئیمام حسێن وانە وەربگرێن بۆ جێبەجێكردنی چاكسازییێكی راستەقینە و رێكردن بەرەو دامەزراندنی دەوڵەتێكی بەهێز و بەتوانا كە بەشێوەیێكی شیاو خزمەت بە گەلی عێراق و مێژووەكەی بكات.
هاوکات پێکهێنانی حکوومەت لە ماوەی دەستووری و دیاریکراودا بە ڕووداوێکی خێر دەزانین و بەوەشەوە چەڵەمەی زۆرمان لە پێشە کە پێویستی بە یەکڕیزی و یەکدەنگی و یەکڕێبازی هەیە تاوەکوو دەستمان بە چاکسازی بگات؛ لەبەر ئەوەی چاکسازی بە دروشم و قسە نابێت بەڵکوو دەبێت بڕوا و قەناعەتمان بەوە هەبێت کە بە کرداری کار بۆ چاکسازی بکەین.
ئێمە بڕوامان بە خودا و بەو گەلە مەزنە هەیە و بە هەموو توانامانەوە کار بۆ پاراستنی ڕێبازی چاکسازی دەکەین و پشتگیری لە هەموو هەنگاوێک دەکەین کە یارەمەتیدەر بێت بۆ پێشخستنی چاکسازی و هەوڵ دەدەین باشترین کەس بین کە ئەمانەتی دەسەڵات و خزمەت کردن بە بەرژەوەندیی گەلی عێراقمان پێ سپێردراوە.
لە کۆتاییدا سوپاسی ئاسایش و هێزی ئەمنیی قارەمان و هەموو دامودەزگا دەوڵەتییە پێوەندیدارەکان دەکەم کە پشکیان هەبوو بۆ پاراستنی ئاسایشی مەڕاسیمی چلەی ماتەمین. ئەو ڕێپێوانە مەزنە لە دڵ و گیانی عێراقییەکاندا جێگای خۆی کردۆتەوە.
سڵاو بۆ مێزپۆتامیا، سڵاو بۆ مەڵبەندی مێژوو و شارستانییە و دروود و سڵاو و بەرەکەتی خودا بۆ سەر گەلی عێراق.
Your Comment