داعش مه‌ترسییێکی گه‌وره‌ بۆ سه‌ر عێراق و هه‌رێمی کوردستانه‌

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- شاره‌زایێکی بواری ئه‌منیی هه‌رێمی کوردستان مه‌ترسییێکی گه‌وره‌ له‌سه‌ر ھه‌رێمی کوردستان ئاشکرا ده‌کات و ڕای‌ده‌گه‌یێنێت: "ئێستا داعش خاوه‌نی پێنج بۆ شه‌ش ھه‌زار چه‌کداری توندڕه‌و و شه‌ڕکه‌ره‌ ‌و ژماره‌یێکی زۆریش له‌و چه‌کدارانه‌ له ‌سنووری ھه‌رێمی کوردستانن که‌ مه‌ترسییێکی گه‌وره‌ و جیدی بۆ سه‌ر ئاسایشی عێراق و هه‌رێمی کوردستان دێته‌ ئه‌ژمار.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، ھاوکار جاف شاره‌زای بواری ئه‌منی زانیاری وردی له‌باره‌ی جموجووڵی داعش له‌ سووریا و عێراق ئاشکرا کرد و ڕایگه‌یاند: "به‌گشتی داعش ئێستا ته‌نھا له‌ عێراق خاوه‌نی پێنج بۆ شه‌ش ھه‌زار چه‌کداری توندڕه‌و و شه‌ڕکه‌ره‌ که‌ به‌داخه‌وه‌ به‌شێک له‌و تیرۆریستانه‌ له‌ ھه‌رێمی کوردستانن".

جاف ئه‌وه‌شی ڕوون کرده‌وه‌: "به‌ گوێره‌ی ئه‌و زانیارییانه‌ی ده‌ستمکه‌وتوووه‌، ھیچ کام له‌و ئۆپه‌راسیۆنانه‌ی له‌ عێراق و سووریاش کراون ١٠٠% نه‌یانتوانیوه‌ تیرۆریستانی داعش بنبڕ بکه‌ن و کۆتایی به ‌کرده‌وه‌کانیان بھێنن".

ناوبراو سه‌باره‌ت به‌و ناوچانه‌ش که‌ چه‌کدارانی داعش لێی ده‌مێننه‌وه‌ ئاشکرای کرد: "له ‌به‌رزایییه‌کانی حه‌مرینه‌وه‌ تاوه‌کوو ده‌گاته‌ سنووری سه‌ڵاحه‌ددین و ئه‌نبار و له‌وێشه‌وه‌ تاوه‌کوو سنووره‌کانی سووریا و عێراق ھه‌موویان کراوه‌ن و داعش به ‌ئازادانه ‌و به ‌بێ ترس ھاتوچۆی لێ ده‌کات و ھێزه‌کانی خۆی تێدا وه‌کوو ناوچه‌یێکی ئارام مۆڵداوه‌".

ئه‌و شاره‌زایه‌ی بواری ئه‌منیی هه‌رێمی کوردستان گوتیشی: "داعش ھێزه‌کانی خۆی مۆڵداوه و چاوه‌ڕوانی ھه‌ل ده‌کات بۆ ئه‌وه‌ی ده‌ست بکاته‌وه‌ به ‌کرده‌وه‌ تیرۆریستییه‌کانی خۆی، به‌تایبه‌ت به‌رنامه‌ی ھه‌یه‌ به‌گوێره‌ی زانیاریه‌کانمان که‌ له‌ وه‌رزی زستاندا کرده‌وه‌کانی به ‌ئه‌نجام بگه‌یه‌نێت بۆ ئه‌وه‌ش ئه‌وه‌نده‌ی زانیاریمان پێگه‌یشتوووه‌ ئاماده‌کاریی خۆی کردوووه‌".

جاف له‌باره‌ی مه‌ترسییه‌کانی ئه‌و گرووپه‌ له‌سه‌ر ھه‌رێم نه‌یشارده‌وه‌ "نازانین و چۆن و به ‌چ شێوه‌یێک و به‌ قودره‌تی قادر له ‌شه‌و و ڕۆژێکدا ٤٠٠ بۆ ٥٠٠ چه‌کداری داعش گه‌یه‌نرانه‌ چیای قه‌ره‌چوغ له‌ مه‌خموور که‌ ئه‌وان ھه‌میشه‌ مه‌ترسین بۆ سه‌ر ھه‌رێمی کوردستان و ھێزه‌کانی پێشمه‌رگه‌".

ھاوکار جاف به‌ پێویستی زانی ھه‌ماھه‌نگیی ته‌واو له‌ نێوان ھێزه‌کانی سووریای دیموکرات له سووریا و پێشمه‌رگه‌ له هه‌رێم و سوپای عیراق ھه‌بێت "بۆ ئه‌وه‌ی بتوانن به‌ ھه‌ماھه‌نگی ڕووبه‌ڕووی تیرۆریستان ببنه‌وه‌".

ناوبراو ڕاشی‌گه‌یاند: "له ‌سووریاش داعش ژماره‌یێک ناوچه‌ی به‌رفراوانی داگیر کردۆته‌وه‌ بۆ نمونه‌ ناوچه‌کانی نزیک ھۆل و ھه‌روه‌ھا میادین که‌ ئه‌وه‌ش مه‌ترسییێکی گه‌وره‌یه‌ بۆ سه‌ر ھه‌رێمیش که‌ ھاوسنووره‌ له ‌سووریاوه‌ ھه‌م له‌گه‌ڵ عێراق و ھه‌میش له‌گه‌ڵ ھه‌رێمی کوردستان".

سه‌رچاوه‌: تۆڕی هه‌واڵی سلێمانی (SNN)

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 39176

Your Comment

You are replying to: .
captcha