سەرۆککۆماری عێراق: رووبەڕووبوونەوەی گۆڕانی کەشوهەوا هەلێکی ئابوورییە بۆ عێراق

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- بەرهەم ساڵح لە کۆڕبەندی ڕووبەڕووبوونەوەی گۆڕانی کەشوهەوا وتارێکی پێشکەش کرد و ئەو بابەتەی بە هەلێکی ئابووری بۆ عێراق لە قەڵەم دا.

کوردپرێس:

دەقی وتارەکەی بەرهەم ساڵح سەرۆککۆماری عێراق لە کۆڕبەندی جیهانیی ڕووبەڕووبوونەوەی گۆڕانی کەشوهەوا لێرە بخوێنەوە:

ماوەی 40 ساڵە عێراق رووبەڕووی رەشەبای خراپ دەبێتەوە. جەنگەکان، گەمارۆکان، تیرۆر و گرژییە نێوخۆییەکان هەڕەشەیان لە سەقامگیریی عێراق و باشیی گوزەرانی هاووڵاتییەکانی کردووە.

بەڵام کاریگەرییە ئابووری و ژینگەییە شاراوەکانی سەر گۆڕانی کەشوهەوا تاوەکو ئێستا مەترسیدارترین هەڕەشەی ماوەدرێژن کە رووبەڕووی وڵاتەکە بوونەتەوە. بەپێی پرۆگرامی ژینگەیی نەتەوە یەکگرتووەکان، عێراق پێنجەم وڵاتی هەستیارە لە ئاستی جیهان بۆ گۆڕانی کەشوهەوا.

بەرزبوونەوەی زۆری پلەی گەرمی زیاتر روودەدات، وشکەساڵی زیاتر دووبارە دەبێتەوە و خۆڵبارینەکان خەستتر بوون. بەبیابانبوون کاریگەریی لەسەر 93٪ـی ناوچەکانی عێراق دروستکردووە و بەرزبوونەوەی رێژەی خوێ لە نێو خاک هەڕەشە لە 54٪ـی کشتوکاڵی نیشتمانەکەمان دەکات.

ئەو بەنداوانەی لەسەر سەرچاوە و لقی رووبارە مێژووییەکانی دیجلە و فوراتن -شادەماری وڵاتەکەمان- ئاستی ئاوەکەیان کەمکردووەتەوە و بوونەتە هۆی کەمئاوی. بەپێی وەزارەتی سەرچاوە ئاوییەکانی عێراق، رەنگە وڵاتەکەمان ساڵانە تاوەکو 2035 بە بڕی 10.8 ملیار مەتر سێجا، رووبەڕووی کەمبوونەوەی ئاو ببێتەوە.

ئەوەش بەپێی رێژەی دانیشتووان و هۆکارە ژینگەییەکان خراپتر دەبێت: پێشبینی دەکرێت دانیشتووانی عێراق کە ئێستا 40 ملیۆنە تاوەکو ساڵی 2050 دوو هێندە زیادبکات و ببێتە 80 ملیۆن کەس، هەروەها داهاتمان کە زۆربەی پشت بە نەوت دەبەستێت، لە ئەنجامی وازهێنانی جیهان لە بەکارهێنانی وزە ئەندامییەکان و رووکردنە وزەی پاک و نوێبووەوە، زۆر کەمدەبێتەوە.

کاریگەرییە ناڕاستەوخۆکانی گۆڕانی کەشوهەوا ئەگەر لە کاریگەرییە راستەوخۆکانی تووندتر نەبن، وەکو ئەو دەبن. کەمبوونەوەی داهات رەنگە ببێتەهۆی کۆچکردن بەرەو شارەکان کە ئێستاش خزمەتگوزارییەکانیان ناتوانن وەڵامدەرەوەی داواکارییەکانی دانیشتووانیان بن. ئەو کۆچکردنەش لەوانەیە ببێتە هۆی پەڕگیری و نائارامی، کاتێک گەنجەکان ناتوانن کارێک بدۆزنەوە کە بتوانن ژیانێکی ئاسایی بەڕێبکەن.

رووبەڕووبوونەوەی گۆڕانی کەشوهەوا دەبێت لە پێشینەی کارە نەتەوەییەکانمان بێت، بەڵام لە هەمان کاتدا ئەوە هەلێکە بۆ هەمەجۆرکردنی ئابووریی عێراق؛ پاڵپشتیکردنی بەکارهێنانی وزەی خاوێن و بەکارهاتووەوە، بەشداریکردن لە بازاڕەکانی کاربۆن؛ زیادکردنی ئاستی بەرگەگری لە رووی ژینگەیی و ئابوورییەوە لە ناوچە هەستیارەکان؛ و دابینکردنی بارودۆخێکی باشتر و سەقامگیرتر بۆ هاووڵاتییانمان.

لە مانگی کانوونی دووەم، بڕیاری پەرلەمانی عێراقم بۆ بەشداریکردن لە رێککەوتننامەی پاریس لەبارەی گۆڕانی کەشوهەوا پەسندکرد و ئێمە بەڵگەنامەی بەشداریی نیشتمانیمان پێشکێشکردووە ئەوەش وەکو ئامادەکارییەک بۆ 26ـەمین کۆنفرانسی ساڵانەی کەشواهەوا. هەروەها عێراق پاڵپشتی لە رێککەوتننامەی ZEF کردووە کە پابەندمان دەکات بە کۆتاییهێنان بە دەردانی گاز تاوەکو ساڵی 2030.

لە روانین بۆ داهاتوویەکی باشتر، پێویستە بگەڕێینەوە بۆ رابردووە سەوزەکەمان. پرۆژەی نوێکردنەوەی میزۆپۆتامیا، لە کۆمەڵێک پرۆژە پێکهاتووە کە جەختیان لەسەر ئەوەیە لەگەڵ کەرتی گشتی و تایبەت کار بکەن تاوەکو بە ئامانجەکەمان بگەین لە رووی گۆڕانی کەشوهەواوە. یەکێک لە رێگەکان هەوڵێکی نیشتمانییە بۆ دروستکردنەوەی دارستان لە باشوور و رۆژئاوای وڵاتەکە بە چاندنی دارخورما کە سیمبولی کولتووریی میزۆپۆتامیایە- هەروەها گەڕاندنەوەی دارستانەکانە بۆ شاخ و ناوچەکانی کوردستان. بیرۆکەکانی دیکەش پێکدێن لە بە مۆدێرنکردنی شێوازی ئیدارەدانی ئاو و زیادکردنی بەکارهێنانی وزەی خۆر.

عێراق پێویستی بە هاوکاریی هاوڕێکانی دەبێت لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە رووی تەکنیکی، پلانی پاڵپشتی و گەیاندنی تەکنەلۆژیاوە. ئێمە دەمانەوێت سوود لە بودجەی سەوز، بازاڕی سەرمایەی تایبەت و بەخشەرە نێودەوڵەتییەکان وەربگرین بۆ هاوکاریی لە وەبەرهێنان لە پرۆژەکەدا. هیوادارین کە ئەم کارە هاوکاریی ئابووری عێراق بکات لە ئابوورییەکی پشتپێبەستووەوە تاوەکو جارێکی دیکە ببێتە سەرچاوەی داهات بۆ هەرێمەکە و شوێنێکی سەرەکیی ئاڵوگۆڕی بازرگانی.

عێراق کە دەکەوێتە نێوجەرگەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و لە رووی ژینگەییەوە هەمەجۆرییەکی دەوڵەمەندی هەیە، دەتوانێت وڵاتەکانی دیکە لەبارەی هەڕەشەکانی گۆڕانی کەشوهەوا کۆبکاتەوە. ئێمە رووبەڕووی کارێکی سەخت دەبینەوە و نابێت کات لە دەستبدەین، بەڵام کارکردن لەسەر گۆڕانی کەشوهەوا هەلێک دەداتە عێراق و ناوچەکە بۆ ئەوەی کۆمەڵێک پێوەر دابنێن کە عێراق و ناوچەکە بخەنە دۆخێکی بەهێزتر لە رووبەڕووبوونەوەی ئەو ئاڵنگارییانەی کە لە دەیەکانی داهاتوو رووبەڕوومان دەبنەوە.

* ئەم وتارەی سەرۆککۆماری عێراق لە رۆژی 31-10-2021 لە رۆژنامەی فاینەنشەڵ تایمزی بەریتانی بڵاوکراوەتەوە.

News Code 3910

Your Comment

You are replying to: .
captcha