پێویسته‌ سه‌رجه‌م پێكهاته‌كان به‌شدارى له‌ پرۆسه‌ى سیاسیی هه‌رێمى كوردستان بکه‌ن

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- سكرتێرى حزبى دیموكراتى به‌یتولنه‌هرێن به‌ پێویستى ده‌زانێت به‌شدارى به‌ سه‌رجه‌م پێكهاته‌كان بكرێت له‌ پرۆسه‌ى سیاسى له‌ هه‌رێمى كوردستان و ده‌ڵێت "ئه‌گه‌ر پێكه‌وه‌ژیان و یه‌كتر قبووڵكردنى ڕاسته‌قینه‌ له‌ هه‌رێمدا هه‌یه‌ ئه‌وا ده‌بێت پێكهاته‌كانى كلد و ئاشوور و توركمان ڕۆڵى كاریگه‌ریان پێبدرێت له‌كوردستاندا".

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، ڕۆمیۆ هه‌كارى سكرتێرى حزبى دیموكراتى به‌یتولنه‌هرێن دووپاتی كرده‌وه‌ که‌ به‌شداری پێكردنى سه‌رجه‌م پێكهاته‌ نه‌ته‌وه‌یی و ئایینییه‌كان له‌ پرۆسه‌ى سیاسى كارێكى جوانه‌ بۆ حكوومه‌تى ئاینده‌ى هه‌رێم و گرنگیشه‌ بۆ چه‌سپاندنى دیموكراسى و پێكه‌وه‌ژیان و فره‌یى و یه‌كتر قبووڵكردن له‌م هه‌رێمه‌دا.

ناوبراو وتیشى: "به‌پێى قۆناغه‌ مێژوویییه‌کانی ئه‌م ناوچه‌یه‌، ئاشورییه‌كان له‌ كورد زیاتر سته‌میان لێكراوه ‌و ڕووبه‌ڕووی جینۆساید و ڕاگواستن بوونه‌ته‌وه‌ و له ‌شه‌ڕى داعشدا ڕووبه‌ڕووی كاره‌سات بوونه‌ته‌وه‌ له ‌ده‌شتى نه‌ینه‌وا بۆیه‌ مافى خۆیانه‌ په‌راوێز نه‌خرێن و ڕۆڵیان پێبدرێت له‌ پرۆسه‌ى سیاسیدا".

رۆمیۆ هه‌كارى سكرتێرى حزبى دیموكراتى به‌یتولنه‌هرێن ئاماژه‌ى بۆ ئه‌وه‌ش كرد که‌ له‌م قۆناغه‌ نوێیه‌ى هه‌رێمى كوردستان، نوێنه‌رى كلد و ئاشوور و توركمانه‌كان به ‌شێوه‌یێكى جیاوازتر له‌ قۆناغه‌كانى پێشوو ده‌ڕواننه‌ داهاتووى جه‌ماوه‌ر و خه‌ڵكى خۆیان و داوا ده‌كه‌ن به ‌شێوه‌یێكى كاریگه‌ر به‌شدارییان پێبكرێت له ‌ده‌سه‌ڵات و پرۆسه‌ى سیاسى نه‌ک ته‌نها به‌ڕووكه‌ش بوونیان هه‌بێت له‌ پرۆسه‌كه‌دا.

سه‌رچاوه‌: ڕادیۆ نه‌وا

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 39099

Your Comment

You are replying to: .
captcha