کوردپرێس:
بەپێی بەیاننامەیێکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، پۆمپیۆ پەیوەندییێکی تەلەفۆنیی لەگەڵ عەبدولمەهدیدا ئەنجام داوە و تیایدا پیرۆزباییی لێکردووە بەبۆنەی بوون بە سەرۆک وەزیرانی نوێی عێراق پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەت.
لە پەیوەندییەکەدا پۆمپیۆ وتوویەتی "لەنزیکەوە کار لەگەڵ عەبدولمەهدیدا دەکەین و هاوکاریی حکوومەتەکەی دەکەین بۆ سەقامگیرکردن و ئاسایشی عێراق و بەدەستخستنی سەرکەوتن بۆ هەموو عێراقییەکان."
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا باسی لەوەش کردووە، بەردەوام دەبن لە بەرەوپێشبردنی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ عێراق.
رۆژی پێنجشەممە (٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٨)، ڕێوڕەسمی دەستاودەستکردنی دەسەڵات لە نێوان حەیدەر عەبادی و عادل عەبدولمەهدی ئەنجام درا، کە تیایدا عەبادی ئاماژەی بەوە کرد، شانازى دەکەن بە گواستنەوەى دەسەڵات بە شێوەیێکى دیموکراسییانە.
پاش تێپەڕبونی پێنج مانگ بەسەر هەڵبژاردنی پەرلەمان و ململانێکانی هێزە جیاوازەکانی عێراق، شەوی چوارشەممە پەرلەمان متمانەى بە ١٤ وەزیری کابینەکەی عادل عەبدولمەهدی بەخشى و لە ئێستاشدا ٨ وەزارەت ماون کە پەرلەمان متمانەیان پێ ببەخشێت.
عادل عەبدولمەهدى تا شەشى مانگى داهاتووى لەبەردەستدایە بۆ تەواوکردنى کابینەى حکوومەتەکەى و پێش ئەو وادەیەش دەبێت بچێتە دانوستانەوە لەگەڵ کوتلە سیاسییەکان بۆ یەکلاییکردنەوەى ئەو وەزارەتانەى کە ناکۆکییان لەسەرە.
Your Comment