نێچیرڤان بارزانی و باڵیۆزی توركیا، لە هەولێر کۆ بوونەوە

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- باڵیۆزی توركیا له‌ عێراق، لە یەکەم سەردانی بۆ هەرێمی کوردستان لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی-دا کۆ بووەوە و جەختیان کردەوە لە په‌ره‌پێدانى په‌یوه‌ندییه‌كانى نێوان هه‌ولێر ـ ئه‌نقه‌ره.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، نیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 24-10-2018 نێچیرڤان بارزانى، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان پێشوازیى له‌ فاتیح یڵدز، باڵیۆزی توركیا له‌ عێراق كرد‌. باڵیۆزی تورکیا خۆشحاڵیی خۆی لە‌ یه‌كه‌م سه‌ردانی بۆ هه‌رێمی كوردستان ده‌ربڕی و پیرۆزباییى سه‌ركه‌وتنی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستانى له‌ سه‌رۆک وه‌زیرانی هەرێمی کوردستان كرد.

بەپێی راگەیێندراوی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە دیدارەکەدا باڵیۆزی تورکیا لە عێراق به‌شداریی به‌هێزی هه‌رێمی كوردستانی له‌ پرۆسه‌ی سیاسیی عێراق و كابینه‌ی نوێی حكوومه‌تی عێراق، هەروەها چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی هه‌ولێر ـ به‌غداى له‌ چوارچێوه‌ی ده‌ستووردا بەپێویست زانی.

نێچیرڤان بارزانى، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە دیدارەکەدا رایگه‌یاند: "هێزه‌ سیاسییه‌كانی كوردستان به‌ هێزه‌وه‌ له‌ به‌غدا ده‌بن و به‌شداریی له‌ حكوومه‌تی عێراقدا ده‌كه‌ن".

سه‌باره‌ت به‌ هه‌رێمی كوردستانیش سەرۆک وەزیران تیشكی خسته‌سه‌ر‌ سه‌ركه‌وتنی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی کوردستان و ئاشكرای كرد كه‌ له‌ سه‌روبه‌ندی ئه‌وه‌دان كابینه‌ی نوێی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان پێک بهێنرێت.

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 39054

Your Comment

You are replying to: .
captcha