هێرۆ ئیبراهیم ئه‌حمه‌د ڕاگه‌یێنراوێکی بڵاو کرده‌وه‌

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- هێرۆ ئیبراهیم ئه‌حمه‌د ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان، ڕاگه‌یێنراوێکی بڵاو کرده‌وه‌ و تیایدا داوا له‌ لایه‌نه‌كان ده‌كات "به‌ ڕۆحێكی كوردانه‌وه‌ هه‌وڵی جدی بده‌ن بۆ دروست كردنی یه‌كڕیزی و ته‌بایی و دوور بكه‌ونه‌وه‌ له‌ بیری ته‌سک و كورتبینی حیزبایه‌تی."

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، ڕۆژی سێشه‌ممه‌ 23ی تشرینی یه‌که‌می 2018 هێرۆ ئیبراهیم ئه‌حمه‌د له ڕێگای‌ ڕاگه‌یێنراوه‌که‌یه‌وه‌ ده‌ڵێت: "داوا له‌ سه‌رجه‌م لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان ده‌كه‌م به‌ ڕۆحێكی كوردانه‌وه‌ هه‌وڵی جدی بده‌ن بۆ دروست كردنی یه‌كڕیزی و ته‌بایی و دوور بكه‌ونه‌وه‌ له‌ بیری ته‌سک و كورتبینی حیزبایه‌تی و گرتنه‌به‌ری هه‌ر ڕێگه‌یێک كه‌ زیان به‌و ته‌بایییه‌ ده‌گه‌یه‌نێت چوونكه‌ میلله‌ته‌كه‌مان ساڵانێكی دژوار و ناهه‌مواری گوزه‌راندوووه‌ و شایه‌نی كه‌شوهه‌وایێكی ئارام و خزمه‌تی ئێجگار زیاتره‌."

ده‌قی ڕاگه‌یێنراوه‌که‌:

به‌ بۆنه‌ی ڕاگه‌یاندنی ئه‌نجامی فه‌رمیی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان و سه‌ركه‌وتنی پرۆسه‌كه‌وه‌ سوپاس و پێزانینی خۆم بۆ خه‌ڵكی كوردستان به‌گشتی و ئه‌ندامان و لایه‌نگر و هه‌واداره‌ وه‌فادار و خۆڕاگر و پشوودرێژه‌كانی یه‌كێتیی نیشتیمانیی كوردستان به‌تایبه‌تی ده‌كه‌م بۆ به‌شداری كردنتان له‌ ده‌نگدان و سه‌رخستنی وێستگه‌یێكی دیكه‌ی خه‌باتی دیموكراسی و مه‌ده‌نیمان.

متمانه‌ی خه‌ڵكی كوردستان به‌ یه‌كێتییه‌كه‌ی مام، ئاماژه‌یێكی ڕوونی ڕه‌وایی خه‌باتی یه‌كێتی و قه‌درزانینه‌ بۆ مێژوووه‌ پڕ سه‌روه‌رییه‌كه‌ی. هه‌روه‌ها دووپاتكردنه‌وه‌ی بڕوای ته‌واوه‌تیی خه‌ڵكه‌ به‌ یه‌كێتییه‌كه‌یان، به‌وه‌ی له‌ ئاستی چاوه‌ڕوانیدایه‌ و ده‌توانێت داوا و مافه‌ ڕه‌واكانیان به‌دی بهێنێت.

سه‌ركه‌وتنی ئه‌مجاره‌مان، درێژكراوه‌ی مێژووی زێڕین و هه‌رگیز له‌بیرنه‌كراوی مامه‌ كه‌ له‌ تاریكترین چركه‌ساتی مێژوودا، بوووه‌ مه‌شخه‌ڵهه‌ڵگری گه‌له‌كه‌مان و بۆ یه‌كه‌مجار توانیی قه‌واره‌ی هه‌رێمی كوردستان دروست بكات. پێویسته‌ یه‌كێتییش له ‌ئاست گه‌وره‌ییی ئه‌و مێژووه‌دا بێت و كه‌م و زۆریش سازش له‌ بچووكترین مافی خه‌ڵک نه‌كات. چوونكه‌ یه‌كێتی خۆی هه‌ر له‌و پێناوه‌دا دامه‌زراوه‌ و ڕه‌نجی داوه‌ و ڕووبارێک خوێنی به‌خشیوه‌.

لێره‌وه‌ پیرۆزبایی له‌ دڵه‌وه‌ هه‌ڵقوڵاوی خۆم ئاڕاسته‌ی پێشمه‌رگه‌ و كه‌سوكاری سه‌ربه‌رزی شه‌هیدان و ئه‌نفالكراوان و ته‌واوی لایه‌نگران و ئه‌ندامانی یه‌كێتی و كاندیده‌ سه‌ركه‌وتوووه‌كانی یه‌كێتی و سه‌رۆكی لیسته‌كه‌مان ده‌كه‌م به‌تایبه‌ت و بێگومانیشم سه‌باره‌ت به‌و به‌رپرسیارێتییه‌ مێژوویییه‌، سه‌ركه‌وتوو ده‌بێت.

داواش له‌ سه‌رجه‌م لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان ده‌كه‌م به‌ ڕۆحێكی كوردانه‌وه‌ هه‌وڵی جدی بده‌ن بۆ دروست كردنی یه‌كڕیزی و ته‌بایی و دوور بكه‌ونه‌وه‌ له‌ بیری ته‌سک و كورتبینی حیزبایه‌تی و گرتنه‌به‌ری هه‌ر ڕێگه‌یێک كه‌ زیان به‌و ته‌بایییه‌ ده‌گه‌یه‌نێت. چوونكه‌ میلله‌ته‌كه‌مان ساڵانێكی دژوار و ناهه‌مواری گوزه‌راندووه‌ و شایه‌نی كه‌شوهه‌وایێكی ئارام و خزمه‌تی ئێجگار زیاتره‌.

هێرۆ ئیبراهیم ئه‌حمه‌د

به‌یروت

2018-10-23

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 39022

Your Comment

You are replying to: .
captcha