پێوەندیی نێوان تورکیا و هەرێمی کوردستان یەک ساڵ پاش ڕیفراندۆم

بەشی جیهان- پاش ئەوەی ڕیفراندۆمی سەربەخۆییی هەرێمی کوردستان بەڕێوە چوو عیلاقات و پێوەندیی نێوان تورکیا و هەرێم تێکچوو بەڵام بەوەشەوە ئێستا پێوەندییێکی فراوان بەتایبەت لە باری ئابوورییەوە لە نێوان ئەنقەرە و هەولێر بەردەوامە بەڵام بەڕای چاودێرانی سیاسی تازە چیتر پێوەندیی نێوان تورکیا و هەرێم ناگەڕێتەوە بۆ دۆخەکەی جارانی خۆی.

کوردپرێس:

"موتاۆ چویر ئۆغڵۆ" چاودێری سیاسی بۆ کاروباری سووریا و کورد لەو بارەیەوە بە ماڵپەڕی ئەحواڵی ئەمریکیی وتووە ئێستا تورکیا بە قەیرانێکی ئابووریدا تێدەپەڕێت و هەر بەو بۆنەیەشەوە باشتر وایە پێوەندییە ئابوورییەکانی لەگەڵ هەرێمی کوردستان پەرە پێبداتەوە و بیباتەوە ئاستی جاران.

ناوبراو ئاماژە بە مەسعوود بارزانی سەرۆکی پێشووی هەرێمی کوردستان دەکات و دەڵێت: " من لەو بڕوایەدا نیم کە عیلاقاتی سیاسیی تورکیا لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان بە سەرۆکایەتیی مەسعوود بارزانی وەکوو جاران گەرم بێت بەڵام تورکیا لەباری ئابوورییەوە پێویستیەتی کە بەهرە لە هەرێمی کوردستان وەربگرێت. زۆرینەی کۆمپانیا تورکییەکان پێشتر لە هەرێمی کوردستان و بەتایبەت لە بەری ڕۆژئاوای ئەو هەرێمە چالاک بوون کە بە دەست پارتی دیموکراتی کوردستانەوەیە. بۆیە پێوەندیی ئابووریی نێوان هەرێم و تورکیا گەلێک گرینگە و تورکیا نایهەوێت ئەو دەرفەتە زێڕینە لە دەست بدات.

پێوەندیی ئابووریی نێوان تورکیا و هەرێمی کوردستان ئەگەرچی پاش ڕیفراندۆمەکەی 25ی ئەیوول تۆزێک تێکچوو بەڵام ئێستاش تەق و لەق بەردەوامە و ئەگەرچی ئەنقەرە لەو بارەیەوە ڕەخنەی توندی لە هەولێر گرت بەڵام هەرگیز دەروازە سنوورییەکانی خۆی لەگەڵ هەرێم دانەخست.

جویل وینگ چاودێری سیاسی لە کاروباری عێراق نووسەری ماڵپەڕی Mousings on Iraq بڕوای وایە هەرێمی کوردستانیش و تورکیاش بەنیازن پێوەندییەکانیان باشتر بکەن کە پاش ڕیفراندۆم تا ڕادەیێک تێک چووبوو.

ناوبراو بە ماڵپەڕی ئەحواڵی وتووە: ڕاستە ئەردۆغان پاش ڕیفراندۆم ڕەخنەی لە هەولێر گرت بەڵام لەبەر ئەوەی دەیزانی لە ئەنجامدا عیلاقاتیان باش دەبێتەوە هەموو سزا و گەمارۆ ئابوورییەکانی دژ بە هەرێمی کوردستان بەکار نەهێنا.

ئێستاکە پێوەندیی نێوان هەرێم و تورکیا بەهەند وەردەگیرێت و ڕۆژنامەی دەیلی سەباحی تورکی کە دەوڵەتی ئەنقەرە نزیکە ڕاپۆرتێکی دەرکردووە و نووسیویەتی تورکیا پشکی گەورەی بەرکەوتووە لە بیناسازی و پڕۆژە ئابوورییەکانی هەرێمی کوردستان. بۆیە ڕەنگە باشتربوونی عیلاقاتی نێوان ئەو دوو لایەنە بە چاو بیبینین.

وینگ جەختیشی کردۆتەوە کە هەرێمی کوردستان شەریکێکی گەورەی بازرگانیی تورکیایە و ئەنقەرە پێی خۆش نییە ئەو شەراکەتە تێک بدات.

ناوبراو زیادی کرد: پارتی دیموکراتی کوردستان کە حیزبی باڵادەستی هەرێمی کوردستانە لە دوو پارزگای هەولێر و دهۆک هاوپەیمانێکی گەورەی نێو عێراق و ڕکابەرێکی گەورەی دیکەی لایەنە کوردییەکانە لە ناوچەکە.

ناوبراو دەشڵێت: لەو ڕووەوە کە هەرێمی کوردستان بۆ هەناردەکردنی نەوتەکەی پێویستی بە تورکیایە حەز ناکات ئەو هاوپەیمانێتییە تێک بدات و بەڕێوەبردنی ڕیفراندۆمیش زیاتر لە لەمپەرێک دەچوو بۆ پێوەندیی نێوان ئەو دوولایەنە بۆ ئەوەی دوا پردی پێوەندییەکانیان بێت.

بیلال وەهاب توێژەری پەیمانگای واشەنتۆنیش تەرکیزی کردۆتە سەر پڕۆسەی حوکمڕانی لە هەرێمی کوردستان و بڕوای وایە پێوەندیی نێوان تورکیا و هەرێمی کوردستان ڕوو لە باش بوونە بەڵام بەوەشەوە بڕوای وایە ئاستی ئەو عیلاقاتە ناگەڕێتەوە بۆ ئاستی پێش ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان.

ناوبراو هەروەهاش وتوویەتی ئێستا ئەو سەردەمە بەسەر چوو کە هەرێمی کوردستان تاکە بازاڕی سەرمایەی تورکیا بوو بۆیەش ئاستی پێوەندییە ئابوورییەکانی تورکیا و هەرێم ناگەڕێتەوە بۆ قۆناغی پێش ڕیفراندۆم.

میدیایێکی سەر بە دەوڵەتی تورکیا پاش ڕیفراندۆمەکەی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند تورکیا بەنیازە دەروازەیێکی نوێ لە سنووری نێوان عێراق و سووریا وتورکیا لە "اواکوی" بکاتەوە بۆ ئەوەی بە بێ هەرێمی کوردستان ڕاستەوخۆ لەگەڵ دەوڵەتی عێراق بازرگانی بکات.

ئەنقەرە ئێستا کار بۆ کردنەوەی ئەو دەروازە سنوورییە دەکات. بەڵام بەستەڵەکی عیلاقاتی نێوان تورکیا و هەولێریش لە پاش ڕیفراندۆمەوە بەرەو توانەوە دەڕوات و پێ ناچێت تورکیا بیهەوێت لەباری ئابوورییەوە هەولێر پەراوێز بخات بۆیە دیار نییە ئەو دەروازە سنوورییە نوێیە بکرێتەوە یان خەیر.

"موتاۆ چویر ئۆغڵۆ" دەڵێت پێوەندیی سیاسیی نێوان تورکیا و هەرێمی کوردستان بەم زووانە باشتر نابێت.

ناوبراو زیادی کرد: لە تورکیا داواکارییەکان بۆ پەرەپێدانی ئوپەراسینۆی دژ بە پەکەکە زیادی کردووە. پەکەکە لە هەرێمی کوردستان نیشتەجێیە و ئەگەری ئەوەش هەیە کە تورکیا داوا لە پارتی بکات لەو بارەیەوە یارمەتیی بدات. بەڵام کورد ناچێتە شەڕی ناوخۆوە و زەحمەتە پارتی لەو بارەیەوە لەگەڵ تورکیا ڕێک بکەوێت.

هۆکارێکی دیکە بۆ ئەوەی ئاستی پێوەندیی نێوان هەولێر و تورکیا نەگەڕێتەوە بۆ ئاستی قۆناغی پێش ڕیفراندۆم ئەو قسە توندانەیە کە ئەردۆغان دژ بە مەسعوود بارزانی سەرۆکی پێشووی هەرێمی کوردستان دەربڕی کرد.

"موتاۆ چویر ئۆغڵۆ" لەو بارەیەوە دەشڵێت: لە ڕوانگەی بەرپرسانی تورکیاوە ڕیفراندۆمەکەی هەرێمی کوردستان خەیانەتێک بوو کە کورد و بەتایبەت مەسعوود بارزانی کردی هەر بۆیەش زەحمەتە عیلاقاتی گەرم و گوڕی جارانی نێوان تورکیا و هەولێر دەست پێبکاتەوە. بەو حاڵەشەوە پێوەندیی تورکیا لەگەڵ کوردی عێراق گەلێک باشترە لە پێوەندیی تورکیا لەگەڵ کوردی سووریا.

دیارە پارتی دیموکراتی کوردستان بژاردەیێکی هەرەباشترە لە پەکەکە و دیکەی گرووپە کوردییەکان بۆ ئەوەی تورکیا پێوەندیی لەگەڵیان هەبێت بۆیە مانەوەی عیلاقاتی نێوان دوو لایەن شتێکی ئەستەم نییە بەڵام بەو گەرموگوڕییەی جاران نابێت.

هەروەهاش پێوەندیی نێوان پارتی و تورکیا زۆر باشترە لە پێوەندیی نێوان یەکێتی لەگەڵ ئەو وڵاتە.

ئاگێستی 2017 پاش ئەوەی پەکەکە دوو هێزی هاواڵگریی تورکیای لە پارێزگای سلێمانی ڕفاند، نوێنەری یەکێتیی لە ئەنقەرە دەرکرد. جگە لەوەش پاش ئەوەی عێراق فڕۆکەخانەکانی هەرێمی کوردستانی داخست مانگی مارچی 2017 تورکیا گەستە ئاسمانییەکانی نێوان تورکیا و هەولێری کردەوە بەڵام ئێستاش گەشتی ئاسمانیی نێوان سلێمانی و تورکیا بەنکراوەتەوە.

بیلال وەهاب لەو بارەیەوە دەڵێت: هەرێمی کوردستان چیتر وەکوو جاران یەک بەرەی یەکگرتوو نییە و ئەوەش بە نەکرانەوەی گەشتە ئاسمانییەکانی سلێمانی بۆ تورکیا دەردەکەوێت.

"موتاۆ چویر ئۆغڵۆ" نەکرانەوەی گەشتە ئاسمانییەکانی نێوان سلێمانی و تورکیا دەگەڕێنێتەوە بۆ ڕق و تووڕەبوونی ئەنقەرە نیسبەت بە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان.

ناوبراو دەڵێت: یەکێتی پێوەندیی باشی لەگەڵ کوردی ڕۆژئاوا و پارتی دیموکراتیکی گەلانی تورکیا و هەروەهاش پەکەکە هەیە. بۆیە بژاردەیێکی خوازراو نییە بۆ تورکیا.

چویر ئۆغڵۆ بڕوای وایە تورکیا هەوڵ دەدات هەلەکە بقۆزێتەوە و ئەم جارەیان گۆڕانکارییەکان بەقازانجی خۆی بقۆزێتەوە و بەتیابەت لە هەڵبژێردرانی بەرهەم ساڵح وەکوو سەرکۆماری عێراق کەڵک وەربگرێت.

هەڵبژێردرانی بەرهەم ساڵح کە ئەندامێکی کۆنی یەکێتییە پێشوازیی زۆری لێکرا. ئیلنۆر چویک ڕاوێژکاری ئەردۆغان بەرهەم ساڵحی بە هاوپەیمانێکی باشی تورکیا زانیوە.

چویک لە وتاری ئەم دواییەی خۆیدا نووسیویەتی: بەرهەم ساڵح تێگەشتووە و کە تورکیا وڵاتێکی هەرەگرینگە و ئێستا ئێمە هاوپەیمانێکی باشمان لە بەغدا هەیە کە تامی مام جەلال دەدات. "مام جەلال" دەستەواژەیێکی کە کوردەکان بۆ جەلال تاڵەبانی سکرتێری خوالێخۆشبووی یەکێتی بەکاری دەبەن و دەربڕینی هەستێکی ئاوا دەیسەلمێنێت کە پێوەندیی نێوان یەکێتی وتورکیا لە داهاتوودا دەگەڕێتەوە هەلەکەی جاران.

بیلال وەهاب لەو بارەیەوە ئاوا خوێندنەوەی کردووە: "ڕاستە توانەوەی بەستەڵەکی نێوان تورکیاو یەکێتی دەرفەتێک دەبت بۆ بەرهەم ساڵح بەڵام پێوەری سەرەکی و گرینگ دەگەڕێتەوە بۆ کێبەرکێ و کێشەی نێوان یەکێتی و پارتی کە لە قۆناغی پاش ڕیفراندۆم و بەتایبەت لە مەسەلەی هەڵبژاردنی سەرکۆماردا پەرەی سەند.

ڕاستە پاراستنی عیلاقات و پێوەندیی نێوان تورکیا و هەرێمی کوردستان قورسترین قۆناغی خۆی سەرکەوتووانە تێپەڕاند بەڵام هێشتا زۆر قۆناغ ماوە هەر دوو لایەن بیبڕن بۆ ئەوەی پێوەندییەکانیان بگەڕێتەوە هەلەکەی جاران.

سەرچاوە: ماڵپەڕی ئەحواڵی ئەمریکی

نووسەر: پۆل ئیدوون

وەرگێڕان لە فارسییەوە: بەشی کوردیی ئاژانسی هەواڵی کوردپرێس

News Code 39005

Your Comment

You are replying to: .
captcha