كۆمه‌ڵی ئیسلامی: جارێ زوووه‌ باس له‌ به‌شداری یان بایكۆتی حكوومه‌تی داهاتووی هه‌رێم بكه‌ین

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- وته‌بێژی کۆمه‌ڵی ئیسلامیی کوردستان سه‌باره‌ت به‌ به‌شداری یان بایکۆت کردنی حکوومه‌تی داهاتووی هه‌رێم ڕای‌ده‌گه‌یێنێت که‌ له‌ کاتی خۆیدا کۆمه‌ڵ بڕیار ده‌دات و هێشتا زوووه‌ قسه‌ له‌سه‌ر ئه‌و پرسه‌ بکرێت.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، ڕێبوار حه‌مه‌د وته‌بێژی كۆمه‌ڵی ئیسلامیی كوردستان گوتی: ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تیی حزبه‌كه‌یان كۆبوونه‌وه‌ی ئاساییی خۆی ساز ده‌كات كه‌ هاوكاته‌ له‌گه‌ڵ ڕاگه‌یاندنی ده‌رئه‌نجامه‌كانی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان و تێیدا دوایین هه‌ڵوێستیان له‌وڕوووه‌وه‌ باس ده‌كرێت و هه‌روه‌ها پرسی پێكهێنانی حكوومه‌تی نوێی عێراق و واقیعی ئه‌مڕۆی هه‌رێمیش ده‌خرێته ‌به‌ر باس و لێکدانه‌وه‌.

ناوبراو وتیشی: "كۆمه‌ڵی ئیسلامی تێبینی جدی له‌سه‌ر ده‌رئه‌نجامه‌كانی هه‌ڵبژاردن و ساخته‌كارییه‌كان هه‌یه‌ به‌تایبه‌ت پرسی تێپه‌ڕاندنی ده‌رئه‌نجامه‌كان به‌بێ ڕه‌زامه‌ندیی به‌شێک له‌ كۆمیسیاران".

ڕێبوار حه‌مه‌د سه‌باره‌ت به‌و پرسه‌ی ئاخۆ كۆمه‌ڵی ئیسلامی به‌شداری له‌ حكوومه‌تی داهاتووی هه‌رێم ده‌كات یان ده‌بێته‌ ئۆپۆزسیۆن؟ ڕای‌گه‌یاند: "له ‌كاتی خۆیدا كۆمه‌ڵ بڕیار ده‌دات، هێشتا زوووه‌ قسه‌ له‌سه‌ر ئه‌و پرسه‌ بكرێت".

بڕیاره‌ ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 23ی تشرینی یه‌که‌می 2018 ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تیی كۆمه‌ڵی ئیسلامی كۆبوونه‌وه‌ی ئاسایی خۆی ساز بكات و دوایین هه‌ڵوێستی خۆی له‌باره‌ی پرسی هه‌ڵبژاردن و ده‌رئه‌نجامی ئه‌و پرۆسه‌یه‌ رابگه‌یه‌نێت.

سه‌رچاوه‌: ڕادیۆ نه‌وا

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 38983

Your Comment

You are replying to: .
captcha