بەپێی هەواڵی کوردپرێس، حوسێن حەمەکەریم گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، بە وشە-ی ڕاگەیاندووە: ڕۆژی چوارشەم بە ئامادەبوونی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پێشانگە و کۆنفرانسی یەکەمی کشتوکاڵی و بەروبوومە ئاژەڵییەکان لە شاری هەولێر دەکرێتەوە.
زیاتر گوتی، هەریەک لە بێگەرد تاڵەبانی وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و محەمەد کەریم وەزیری کشتوکاڵی عێراقی فیدراڵ، ئامادەی دەبن.
باسی لەوەش کرد، لە دوای کردنەوەی پێشانگەکە، کۆنفرانسێک بۆ بەرپرسانی وەزارەتی کشتوکاڵی کوردستان و عێراق بەڕێوە دەچێت، ئامانجیش لە کۆنفرانسەکە خستنەڕووی کێشە و گرفتەکانی کشتوکاڵە.
کردنەوەی ئەو پێشانگەیە لە کاتێکدایە، ئێستە بەهۆی باشتربوونی پێوەندییەکانی نێوان حکوومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان، ڕێگرییەکان لە بەردەم جووتیاران کەم بووەتەوە، ئەم پێشانگەیەش هەوڵێکە بۆ چارەسەرکردنی ئەو بەربەستانەی ئێستە بوونیان هەیە.
Your Comment