به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، سه‌عدی ئه‌حمه‌د پیره له میانی لێدوانێكی ڕۆژنامه‌وانیدا گوتی: پۆستی پارێزگاری که‌رکووک پشكی كورده و له ناو كوردیش به‌شی یه‌كێتی نیشتمانییه بۆیه "سوورین له‌سه‌ر وه‌رگرتنی ئه‌و پۆسته".
وته‌بێژی یه‌كێتی گوتیشی: ده‌بێت یه‌كێتییش كه‌سێک بۆ ئه‌و پۆسته قبووڵ بكات كه لایه‌نه‌كان په‌سه‌ندی بكه‌ن چوونكه له که‌رکووک جگه له كورد، توركمان و عه‌ره‌بیش ده‌ژین.
پیره ئه‌وه‌شی ڕاگه‌یاند: ده‌بێت به زوویی لایه‌نه‌كان كار بۆ هه‌ڵبژاردنی پارێزگارێكی نوێ بۆ که‌رکووک بكه‌ن به‌تایبه‌تی به‌هۆی ئه‌وه‌ی ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنی پارێزگاره‌كان دوا ده‌كه‌وێت بۆ ساڵی داهاتوو.
ناوبراو ئاماده‌ییی یه‌كێتییشی بۆ گفتوگۆ له‌باره‌ی دیاری كردنی پارێزگارێكی نوێ ڕاگه‌یاند و جه‌ختی کرده‌وه كه ده‌بێت لایه‌نه‌كانیش له‌وباره‌وه هاوكاری یه‌كتری بكه‌ن.
شایانی باسه؛ پۆستی پارێزگاری که‌رکووک له 16ی ئۆكتۆبه‌ری ڕابردوووه‌وه به‌وه‌كاله‌ت به‌رێوه ده‌برێت، دوای ئه‌وه‌ی له‌و واده‌یه حكوومه‌تی عێراق نه‌جمه‌دین كه‌ریمی له پۆسته‌كه‌ی خست.
کۆدی هه‌واڵنێر: 60103
Your Comment