پەرلەمانی کوردستان لەبارەی قاچاخی نەوتی هەرێمەوە هۆشدار دەدات

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- سه‌رۆكی‌ لیژنه‌ی‌ وزه‌ و سه‌رچاوه‌ سروشتییه‌كان لە پەرلەمانی کوردستان چه‌ند حاڵه‌تێكی‌ دزیكردن له‌ نه‌وتی‌ هه‌رێم ئاشكرا ده‌كات و ڕایده‌گه‌یه‌نێت، "چه‌ندین حاڵه‌تی‌ مه‌ترسیداری‌ دیكه‌ هه‌یه‌ سه‌باره‌ت به‌یاریكردن به ‌سه‌روه‌ت و سامانی‌ هه‌رێم له‌بواری‌ نه‌وتدا".

کوردپرێس:

له‌سه‌ركونكردنی‌ بۆریی‌ نه‌وتی‌ هه‌رێم و بردنی‌ سامانه‌كه‌ی‌ و یاریكردن به ‌قووتی‌ هاووڵاتییان و مووچه‌خۆران په‌رله‌مان هاته‌ده‌نگ و شێركۆ جه‌وده‌ت سه‌رۆكی‌ لیژنه‌ی‌ وزه‌ و سه‌رچاوه‌ سروشتییه‌كان له‌په‌رله‌مانی‌ كوردستان لەو بارەیەوە ڕایگەیاند: "پێشتر ئێمه‌ حكوومه‌ت و داواكاری گشتیمان ئاگادار كردۆته‌وه‌ له‌سه‌ر كونكردنی‌ بۆریی‌ نه‌وتی هه‌رێم له‌لایه‌ن چه‌ند كه‌سێكه‌وه‌ و چه‌ند جارێكیش ڕامانگه‌یاندووه‌ چه‌ند كه‌س و به‌رپرسێک هه‌ن له‌گه‌ڵ داعش بازرگانیی‌ نه‌وت ده‌كه‌ن سێ ساڵ پێش ئێستا ئه‌و دۆسیه‌یه‌مان جووڵاند".

ناوبراو وتیشی‌: "ئێمه‌ وه‌ک په‌رله‌مانی كوردستان و لیژنه‌ی‌ په‌یوه‌ندیدار ڕامانگه‌یاندووه‌ كه‌ له‌سنووری‌ كێڵگه‌ نه‌وتییه‌كانی‌ عه‌ین زاله ‌و كۆرمۆر چه‌ندین كه‌س و به‌رپرس هه‌ن به‌هه‌مان شێوه‌ بازرگانی‌ به‌سامانی نه‌وت و بژێوی خه‌ڵكه‌وه‌ ده‌كه‌ن".

ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ ڕوونیشی كرده‌وه‌، "چه‌ندین دۆسیه‌ی‌ دیكه‌ی گه‌نده‌ڵی‌ و به‌هه‌ده‌ردانی‌ سامانی‌ گشتیمان خستۆته‌ ڕوو، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا له‌ دوا لێدوانی‌ سه‌فین دزه‌یی وته‌بێژی‌ حكوومه‌تی‌ هه‌رێمدا نكۆڵیی‌ له‌و كارانه‌ نه‌كرد كه‌ به‌رامبه‌ر به‌و بۆرییه‌ نه‌وته‌ی‌ هه‌رێم كراوه ‌و نه‌وته‌كه‌ی له‌لایه‌ن چه‌ند كه‌سێكه‌وه‌ براوه‌".

شێرکۆ جەودەت ئه‌وه‌شی‌ وت:"چه‌ند حاڵه‌تێكی‌ دیكه‌مان ئاشكرا كردووه‌ تایبه‌ته‌ به‌هه‌ده‌ردانی‌ نه‌وت و سامانه‌ سروشتیه‌كان كه‌ چه‌ندین كه‌سی له‌پشته‌وه‌یه‌، به‌ڵام ئێستا حكومه‌ت ده‌ستی به‌لێكۆڵینه‌وه‌ كردوه‌و گه‌یشتۆته‌ ئه‌و بڕوایه‌ی لێپێچینه‌وه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و كه‌سانه‌ بكات كه‌ بۆریی‌ نه‌وتی‌ هه‌رێمیان كون كردووه‌ و نه‌وته‌كه‌یان بردووه‌".

News Code 38934

Your Comment

You are replying to: .
captcha