حه‌یده‌ر عه‌بادی: ئه‌م هه‌فته‌یه‌ پڕۆژه‌یاسای بودجه‌ی 2019 ڕه‌وانه‌ی په‌رله‌مان ده‌كه‌ین

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- سه‌رۆک وه‌زیرانی عێراق ڕایده‌گه‌یه‌نێت که‌ ئه‌م هه‌فته‌یه‌ پرۆژه‌یاسای بودجه‌ی 2019 ڕه‌وانه‌ی په‌رله‌مان ده‌كه‌ن و پێویسته‌ هه‌ر سێ ده‌سه‌ڵاته‌كانی عێراق واتا یاسادانان و جێبه‌جێكردن و دادوه‌ریی ڕێز له‌ ده‌سه‌ڵاته‌كانی یه‌كدی بگرن و ده‌ستوه‌رنه‌ده‌نه‌ ناو كاروباری یه‌كدی.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، ڕۆژی سێشه‌ممه‌ 16ی تشرینی یه‌که‌می 2018 حه‌یده‌ر عه‌بادی له ‌میانی كۆنگره‌ی ڕۆژنامه‌وانی هه‌فتانه‌ی خۆیدا ڕایگه‌یاند پێویسته‌ هه‌ر سێ ده‌سه‌ڵاته‌كانی عێراق واتا یاسادانان و جێبه‌جێكردن و دادوه‌ریی ڕێز له ‌ده‌سه‌ڵاته‌كانی یه‌كدی بگرن و ده‌ستوه‌رنه‌ده‌نه‌ ناو كاروباری یه‌كدی و داوای له‌ ئه‌ندامانی خولی نوێی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران كرد ده‌ستوه‌رنه‌ده‌ن له‌ ورده‌كاریی بڕیاره‌كانی سه‌رۆكایه‌تیی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران.

عه‌بادی له ‌وه‌ڵامی پرسیارێكدا سه‌باره‌ت به‌ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی بڕیاری دوورخستنه‌وه‌ی فالح فه‌یاز ڕاوێژكاری ئاسایشی نیشتیمانی عێراق گوتی: "ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران تانه‌ی له‌ بڕیاره‌كه‌ی دادگا داوه‌ و له‌ ماوه‌ی چوارساڵی كاركردنم وه‌كوو سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران ڕێزم له‌ بڕیاره‌كانی دادگا گرتوووه‌ و له‌ ڕێگای دادگاوه‌ ئه‌و كێشه‌یه‌ چاره‌سه‌ر ده‌كه‌ین."

ناوبراو سه‌باره‌ت به‌ پڕۆژه‌یاسای بودجه‌ی ساڵی داهاتووی عێراق جه‌ختی كرده‌وه‌ تاوتوێی پرۆژه‌یاساكه‌ ته‌واو بوووه‌ و ته‌نها هه‌ندێک گفتوگۆ له‌سه‌ر هه‌ندێک ژماره‌ ماوه‌ و پێده‌چێت ئه‌م هه‌فته‌یه‌ پڕۆژه‌یاساكه‌ به‌ شێوه‌ی كۆتایی بنێردرێت بۆ په‌رله‌مان.

حه‌یده‌ر عه‌بادی جه‌ختیشی كرده‌وه‌ ئه‌و وه‌كوو سه‌رۆكی حكوومه‌ت به‌پێی یاسا ئه‌ركی ئه‌وه‌یه‌ پڕۆژه‌یاساكه‌ بنێرێت بۆ په‌رله‌مان و حكوومه‌تی نوێی عێراقیش مافی ئه‌وه‌ی هه‌یه‌ دواتر له‌گه‌ڵ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌راندا تاوتوێی بودجه‌كه‌ بكات.

سه‌رۆک وه‌زیرانی عێراق سه‌باره‌ت به ‌شه‌ڕی دژی تیرۆریش ڕای‌گه‌یاند که‌ حكوومه‌ته‌كه‌ی به‌ ته‌واوی ده‌سه‌ڵاته‌كانییه‌وه‌ به‌رده‌وام ده‌بێت له‌ شه‌ڕی دژی تیرۆر.

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 38848

Your Comment

You are replying to: .
captcha