به‌رهه‌م ساڵح: پێویسته‌ قورسایی و گوشاری گرژییه‌كان نه‌خرێته‌ سه‌ر شانی عێراق

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- سه‌رکۆماری عێراق له‌گه‌ڵ باڵیۆزانی ده‌وڵه‌تانی عه‌ره‌بی و ئیسلامی له‌ به‌غدا کۆ بوویه‌وه‌ و جه‌ختی کرده‌وه‌ که‌ پێویسته‌ قورسایی و گوشاری گرژییه‌كان نه‌خرێته‌ سه‌ر شانی ئه‌و وڵاته‌ و پێویسته‌ عێراق ببێته‌ مه‌یدانی به‌یه‌كگه‌یشتن و سازان بۆ به‌رژه‌وه‌ندییه‌ ناوچه‌یی و نێوده‌وڵه‌تییه‌كان نه‌ک دابڕ‌ان و لێكترازانیان.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، ڕۆژی سێشه‌ممه‌ 16ی تشرینی یه‌که‌می 2017 د. به‌رهه‌م ساڵح سه‌رۆک كۆماری عێراق له‌ كۆشكی سه‌لام له‌ به‌غدا پێشوازی کرد له‌ باڵیۆزانی ده‌وڵه‌تانی عه‌ره‌بی و ئیسلامی له‌ به‌غدا كه‌ پیرۆزباییی پادشا و سه‌رۆک كۆمار و سه‌رۆک وه‌زیر و میر و سه‌ركرده‌ی ده‌وڵه‌ته‌كانیان گه‌یانده‌ به‌ڕ‌ێزیان به‌ بۆنه‌ی وه‌رگرتنی ئه‌ركه‌كانی سه‌رۆک كۆماریی.

له‌و کۆبوونه‌وه‌دا به‌رهه‌م ساڵح سه‌رکۆماری عێراق ئاماژه‌ی به‌وه‌ كرد که‌ تێده‌كۆشێت بۆ گرنگیی په‌ره‌پێدانی په‌یوه‌ندیی بنیادنه‌رانه‌ له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تانی برا و دۆستدا به‌ شێوه‌یێكی كارا به‌و جۆره‌ی خزمه‌تی به‌رژه‌وه‌ندیی هاوبه‌شی گه‌لانی یه‌كتر ده‌كات.

به‌رهه‌م ساڵح دووپاتی كرده‌وه‌: "پێویسته‌ قورسایی و گوشاری گرژییه‌كان نه‌خرێته‌ سه‌ر شانی عێراق، عێراق وڵاتێكی میحوه‌رییه‌ له‌ ناوچه‌كه‌دا و لێپرسراویه‌تی و ڕۆڵی گرنگیی ده‌كه‌وێته‌ ئه‌ستۆ له‌ پێناوی كه‌م كردنه‌وه‌ی كێشه‌كان و هێور كردنه‌وه‌ی گرژییه‌كان و قووڵ كردنه‌وه‌ی ڕایه‌ڵه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كان و لێكتێگه‌یشتنی هاوبه‌ش."

ناوبراو ڕوونیشی کرده‌وه‌ که‌ ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌ مێژویییه‌ی كه‌ له‌ قووڵیی مه‌ودا و ڕه‌هه‌نده‌ عه‌ره‌بی و ئیسلامییه‌كه‌ی سه‌رچاوه‌ی گرتوووه‌ هاوبه‌شیی سیاسی و ستراتێژیی گرنگ ئه‌سه‌پێنێت‌ كه‌ ئه‌وه‌ش ده‌رفه‌ت بۆ ناوچه‌كه‌ ده‌ڕ‌ه‌خسێنێت ڕۆڵێكی هاوسه‌نگیی ببینێت له‌ هاوكێشه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كاندا بۆ ئامانجی پاراستنی مه‌سه‌له‌ جێ بایه‌خه‌ هاوبه‌شه‌كان.

د. به‌رهه‌م ساڵح له‌ وته‌كانیدا ڕوانینی عێراقی له‌باره‌ی په‌یوه‌ندییه‌كان له‌گه‌ڵ هه‌موو لایێكدا ڕوون کرده‌وه‌ كه‌ ئه‌و په‌یوه‌ندییانه‌ له‌سه‌ر بناغه‌ی ڕه‌چاو كردنی به‌رژه‌وه‌ندییه‌ هاوبه‌شه‌كان و ده‌ستوه‌رنه‌دان له‌ كاروباری یه‌كتر و خۆ نه‌خزاندنه‌ نێو هیچ ده‌سته‌گه‌رییێک و هه‌ڵوێسته‌ دژبه‌یه‌كه‌كانی ناوچه‌كه‌ دامه‌زراوه‌.

سه‌رکۆماری عێراق یه‌ک هه‌ڵوێستیی ناوخۆی عێراقیشی له‌ ئاست مه‌سه‌له‌ ناوچه‌یی و نێوده‌وڵه‌تییه‌كان بۆ ئاماده‌بوووان خسته‌ڕوو و دووپاتیشی كرده‌وه‌ که‌ عێراق له ‌به‌رده‌م قۆناغێكی نوێدایه‌ كه‌ پێویسته‌ پشتگیریی عادل عه‌بدولمه‌هدی سه‌رۆک وه‌زیرانی ڕاسپێردراو بكرێت له‌ ئه‌ركی پێكهێنانی حكوومه‌تێكی به‌هێز و لێهاتوو تا بتوانێت كۆسپ و ته‌گه‌ره‌کان تێبپه‌ڕ‌ێنێت و ئاشتیی پێشكه‌وتن بۆ گه‌لی عێراق دابین بكات.

‎لای خۆیانه‌وه‌ باڵیۆزانی ده‌وڵه‌تانی عه‌ره‌بی و ئیسلامی پێزانینی خۆیان ده‌ربڕ‌ی بۆ هه‌وڵه‌كانی عێراق له‌ هه‌نگاونان به‌ره‌و قۆناغێكی نوێی گه‌شه‌پێدانی هاریكاری و دیالۆگی ئیقلیمیی و نێوده‌وڵه‌تی و په‌رۆشیی وڵاته‌كانیشیان نوێ كرده‌وه‌ بۆ به‌هێزكردنی په‌یوه‌ندییه‌ هاوبه‌شه‌كان.

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 38846

Your Comment

You are replying to: .
captcha