باڵیۆزی ئوسترالیا ئامادەیی وڵاتەکەی بۆ پەرەپێدانی زیاتری پێوەندییەکان لەگەڵ هەرێم دەربڕی

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- نێچیرڤان بارزانی و باڵیۆزی ئوسترالیا ڕه‌وشی ناوچه‌كه‌یان تاووتوێ كرد و لە دیدارەکەدا باڵیۆزی ئوسترالیا ئاماده‌ییی وڵاته‌كه‌ی بۆ په‌ره‌پێدانی زیاتری په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان ئوسترالیا و هه‌رێمی كوردستان ده‌ربڕی.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، پێشنیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 16/10/2018 نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆک وه‌زیرانی هه‌رێمی كودستان، پێشوازی له‌ جوانا لۆندێز باڵیۆزی ئوسترالیا له‌ عێراق و شاندێكی یاوه‌ری كرد.

له‌ دیدارێكدا لۆندێز خۆشحاڵیی خۆی به‌ سه‌ركه‌وتنی پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان ده‌ربڕی و له‌مباره‌یه‌وه‌ پیرۆزبایی له‌ سه‌رۆک وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان كرد، هه‌روه‌ها هیوای خواست هه‌وڵه‌كان بۆ پێكهێنانی هه‌ردوو كابینه‌ی نوێی حكوومه‌تی عێراق و هه‌رێمی كوردستان سه‌رکه‌وتوانه‌ به‌ڕێوه‌ بچن و سه‌قامیگری و ئاسایش بۆ ناوچه‌كه‌ بگه‌ڕێنرێته‌وه‌.

له‌ به‌شێكی دیكه‌ی قسه‌كانیدا ئاماژه‌ی به‌ پڕۆژه‌ خزمه‌تگوزاری و هاوكارییه‌ مرۆیییه‌كانی وڵاته‌كه‌ی بۆ ناوچه‌ ئازادكراوه‌كان له‌ ده‌ستی تیرۆر كرد‌ و داوای كرد هاوكارییان بكرێت بۆ جێبه‌جێ كردنیان، هه‌روه‌ها ئاماده‌ییی وڵاته‌كه‌یشی بۆ په‌ره‌پێدانی زیاتری په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان ئوسترالیا و هه‌رێمی كوردستان ده‌ربڕی.

لای خۆیه‌وه‌ سه‌رۆک وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان سوپاسی ئه‌و سه‌ردانه‌‌ی كرد و ئاماده‌ییی حکوومه‌تی بۆ هه‌ر هاوكاری و ئاسانكارییێک به‌مه‌به‌ستی جێبه‌جێ كردنی پڕۆژه‌كانی ئوسترالیا له‌ بواری هاوكاریی مرۆیی ده‌ربڕی و هیوای خواست په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌ردوولا له‌ هه‌موو بواره‌كاندا زیاتر په‌ره‌یان پێ بدرێت.

تاوتوێكردنی چه‌ند بابه‌تێكی په‌یوه‌ندیدار به‌ ڕه‌وشی ناوچه‌كه‌ و عێراق و هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌، لایه‌نێكی دیكه‌ی دیداره‌كه‌ بوو.

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 38834

Your Comment

You are replying to: .
captcha