بەپێی هەواڵی کوردپرێس، بیستوون زەنگەنە ئەندامی فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق لە گفتوگۆ لەگەڵ هەواڵدەریی مەعلوومەدا وتی: فراکسیۆنە کوردستانییەکان لە ئەنجومەنی نوێنەراندا دەیانەوێت بەشێک بن لە سیستەمی حکوومی و جێبەجێکاری لەسەر بنەمای شەراکەت و هاوسەنگی و ڕێککەوتن و هەروەها پێشوازی دەکەن لە پەیامەکەی موقتەدا سەدر لەبارەی مانەوەی کوردەکان لە عێراقێکی یەکگرتوودا.
ناوبراو زیادی کرد: "ئێمە دەمانەوێت هاوبەشێکی ڕاستەقینە و چالاک بین لە بڕیارە سیاسی و دەوڵەتییەکاندا لە عێراق و یەکێتیی نیشتمانی پشتگیری دەکات لە هەموو ئەو ستراتێژییانەی کە بۆ خزمەت کردنی وڵات و خەڵکی عێراقە".
شایانی باسە موقتەدا سەدر لە پەیامێکیدا کە بۆ گەلی کورد لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی توویتەر بڵاوی کردەوە ڕایگەیاند: "ئێمە دەمانەوێت کوردەکان بێ جیابوونەوە لە عێراق، لە عێراقێکی هاوبەشدا بمێننەوە و هاوڕێ لەگەڵ دیکەی عێراقییەکان ئەم وڵاتە ڕزگار بکەن و کۆتایی بە پشکبەندییەکان لە عێراق بێنن."
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment