عێراق و توركیا پڕۆتۆكۆڵی هه‌ماهه‌نگیی پاراستنی ئاسایشی سنووریان واژۆ كرد

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی عێراق پڕۆتۆكۆڵی هه‌ماهه‌نگیی پاراستنی ئاسایشی سنووری له‌گه‌ڵ حكومه‌تی توركیا واژۆ كرد و سه‌رچاوه‌كانی وه‌زاره‌تی ناوخۆی توركیاش ده‌ڵێن که‌ پڕۆتۆكۆڵه‌كه‌ به‌ ئامانجی پاراستنی ئاسایشی سنووره‌ له‌ نێوان هه‌ر دوو وڵاتدا.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 15ی تشرینی یه‌که‌می 2018 نووسینگه‌ی راگه‌یاندنی حه‌یده‌ر عه‌بادی سه‌رۆک وه‌زیرانی عێراق بڵاوی كرده‌وه وه‌زاره‌ته‌كانی ناوخۆی عێراق و توركیا پڕۆتۆكۆڵی هه‌ماهه‌نگیی ئه‌منییان واژۆ كردوووه‌.

له‌ ڕاگه‌یێندراوه‌که‌ی نووسینگه‌ی سه‌رۆک وه‌زیرانی عێراقدا زانیاری له‌باره‌ی ورده‌كارییه‌كانی پڕۆتۆكۆڵه‌كه‌وه‌ نه‌خراوه‌ته‌ڕوو.

هاوكات ئاژانسی ئه‌نادۆڵوی توركیا له‌ زاری سه‌رچاوه‌كانی وه‌زاره‌تی ناوخۆی توركیا بڵاوی كرده‌وه‌ که‌ پڕۆتۆكۆڵه‌كه‌ به‌ ئامانجی پاراستنی ئاسایشی سنوور له‌ نێوان هه‌ر دوو وڵاتدا واژۆ كراوه‌.

سه‌رچاوه‌كه‌ ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كردووه: له‌ ئێستادا هێزه‌كانی پاسه‌وانی سنووری سه‌ر به‌ وه‌زاره‌تی ناوخۆی عێراق ئاسایشی سنووره‌كه‌ ده‌پارێزێت و به‌پێی پڕۆتۆكۆڵه‌كه‌ عێراق ڕێگری له‌ هه‌ر هێرش و په‌لامارێک ده‌کات كه‌ له‌ خاكی عێراقه‌وه‌ بۆ سه‌ر توركیا ئه‌نجام ده‌درێت و ڕێز له‌ سه‌روه‌ریی خاكی هه‌ر دوو وڵات ده‌گیرێت.

ئه‌و ڕێككه‌وتنه‌ی نێوان عێراق و توركیا له‌ كاتێكدایه‌ مانگی ڕابردوو عه‌بادی فه‌رمانی كردبوو له‌ جێگیركردنی هێزی چه‌كدار بۆ پارێزگاری كردن له‌ ئاسایشی سنووری عێراق- توركیا.

سه‌رچاوه‌: خه‌ندان

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 38795

Your Comment

You are replying to: .
captcha