نێچیرڤان بارزانی و عه‌ممار حه‌كیم کۆ بوونه‌وه‌

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- جێگری سه‌رۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان له‌گه‌ڵ شاندێکی باڵای هاوپه‌یمانیی ئیسڵاح به‌ سه‌رۆکایه‌تیی عه‌ممار حه‌کیم کۆ بوونه‌وه‌ و له‌ کۆبوونه‌وه‌که‌دا جێبه‌جێ کردنی 3 بنه‌ماکه‌ی مه‌سعوود بارزانی و به‌شداری پارتی له‌ پڕۆسه‌ی سیاسی و قۆناغی داهاتووی عێراق خرایه‌ به‌ر باس و لێکدانه‌وه‌.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، ئێواره‌ی ڕۆژی یه‌کشه‌ممه‌ 14ی تشرینی یه‌که‌می 2018 نێچیرڤان بارزانی جێگری سه‌رۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان له‌گه‌ڵ شاندێكی باڵای هاوپه‌یمانیی ئیسڵاح به‌ سه‌رۆكایه‌تیی عه‌مار حه‌كیم كه له‌ نوێنه‌رانى فراكسيۆنه‌كانى ئه‌حرار ـ سه‌درييه‌كان، وه‌ته‌نييه‌، قه‌رار، عه‌ره‌بييه‌، نه‌سر، حيكمه‌ و به‌ره‌ى حيوار پێكهاتبوون، گفتوگۆیان له‌باره‌ی به‌شداریی پارتی له‌ پرۆسه‌ی سیاسی و قۆناغی داهاتووی عێراقدا كرد.

له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا شانده‌كه‌ پیرۆزبایی سه‌ركه‌وتنی پارتی دیموكراتی كوردستانى له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی په‌رله‌مانی كوردستانی كرد و هیوای سه‌ركه‌وتنى بۆ خواست، هه‌روه‌ها باسيان له‌ ڕۆڵى پێشه‌نگانه‌ى پارتی دیموكراتی كوردستان له‌ هه‌رێمى كوردستان و عێراق كرد و ئاماده‌يى و به‌شداريى به‌هێزى پارتييان له‌ پرۆسه‌ی سیاسیی عێراقدا به‌ گرنگ و له‌ به‌رژه‌وه‌نديى عێراق و هه‌رێمى كوردستان له‌ قه‌ڵه‌م دا.

له‌ به‌شێكی دیكه‌ی كۆبوونه‌وه‌كه‌دا باس له‌ قۆناغی داهاتووی پرۆسه‌ی سیاسی له‌ عێراق كرا و هه‌ردوولا هاوڕا بوون كه‌ پرۆسه‌ى سياسى له‌سه‌ر هه‌ر سێ بنه‌ماى هاوبه‌شى و يه‌كسانى و سازان به‌ڕێوه‌ بچێت و كێشه‌كانى هه‌ولێرـ به‌غدا به‌پێى ده‌ستوور چاره‌سه‌ر بكرێن، هه‌روه‌ها لایه‌نه‌كان بۆ قۆناغی داهاتوو هه‌وڵی جددی بۆ پێشخستنى عێراق له‌ هه‌موو ڕوويێكه‌وه‌ بده‌ن و كار بۆ جێبه‌جێ كردنى داواكاريى هاووڵاتیيان له‌ سه‌قامگيرى و ئاوه‌دانى و دابين كردنى خۆشگوزه‌رانی بكرێت.

له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا نێچیرڤان بارزانی دووپاتی كرده‌وه که‌ پارتی دیموكراتی كوردستان خوازياره‌ له‌سه‌ر ئه‌و سێ بنه‌مايه‌ و دابین كردنی مافه‌ ده‌ستوورییه‌كانی گه‌لی كوردستان به‌شدارييێكی كارا و به‌هێز له‌ پرۆسه‌ی سیاسیی عێراقدا بكات، به ‌شێوه‌یێک پرۆسه‌كه‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندیی ته‌واوی گه‌لانی عێراقدا بێت.

شاندی میوان كه‌ ڕۆژی 14ی 10ی 2018 به‌ سه‌ردانێک گه‌یشته‌ هه‌ولێری پایته‌خت، پێشتریش له‌گه‌ڵ مه‌سعوود بارزانی كۆ بوووه‌وه‌ و تێیدا وێڕای داواكردنی كردنه‌وه‌ی لاپه‌ڕه‌یێكی نوێ له ‌نێوان هه‌رێم و به‌غدا، حه‌كیم پشتیوانیی خۆشی بۆ هه‌ر سێ بنه‌مای "ته‌وافوق و شه‌راکه‌تی ڕاسته‌قینه‌ و هاوسه‌نگی" نیشان دا كه‌ مه‌سعوود بارزانی بۆ په‌یوه‌ندیی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا ناساندوویه‌تی.

لای خۆیه‌وه‌ مه‌سعوود بارزانیش دووپاتی كرده‌وه‌ گه‌لی كورد خاوه‌ن دۆزێكی ره‌وایه‌ و ئه‌وه‌ی گرنگه‌ چاره‌سه‌ركردنی ئه‌و پێشێلكارییانه‌یه‌ كه‌ به‌رامبه‌ر به‌ كورد كراوه و گوتیشی: "پێویسته‌ به‌غدا گه‌ره‌نتی شه‌راكه‌تی ڕاسته‌قینه‌ به‌ كورد بدات."

سه‌رچاوه‌: میدیاکانی هه‌رێمی کوردستان

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 38773

Your Comment

You are replying to: .
captcha