به‌رهه‌م ساڵح پێشوازی له‌ شاندێكی گه‌وره‌ی عه‌شیره‌ته‌کانی هه‌رێم ده‌كات

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- سه‌رۆک كۆماری عێراق له‌ كۆشكی سه‌لام له‌ به‌غدا پێشوازیی له‌ شاندێكی عه‌شیره‌ته‌كانی هه‌رێمی كوردستان كرد كه‌ بۆ پیرۆزبایی كردن به‌ بۆنه‌ی هه‌ڵبژاردنی به‌ سه‌رۆک كۆمار سه‌ردانیان كردبوو.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، نووسینگه‌ی ڕاگه‌یاندنی به‌رهه‌م ساڵح سه‌رۆک كۆماری عێراق بڵاو‌ی كرده‌وه‌ که‌ ڕۆژی شه‌ممه‌ 13ی تشرینی یه‌که‌می 2018 به‌رهه‌م ساڵح و شاندێکی گه‌وره‌ی عه‌شیره‌ته‌کانی هه‌رێمی کوردستان کۆ بوونه‌وه‌ و له‌ دیداره‌که‌دا به‌رهه‌م ساڵح سوپاسی شانده‌كه‌ی كرد له‌ به‌رامبه‌ر سه‌ردانی كردنیان و گرنگیی قووڵكردنه‌وه‌ی گیانی برایه‌تیی و به‌هێزكردنی گیانی نیشتمانپه‌روه‌ریی و دووپات كردنه‌وه‌ی پێكه‌وه‌ژیانی ئاشتییانه‌ی نێوان پێكهاته‌كانی عێراق.

ئاماژه‌ به‌وه‌ش كراوه‌ که له‌و کۆبوونه‌وه‌دا‌ سه‌رۆک كۆمار دووپاتی كرده‌وه‌ پێویسته‌ قۆناغی داهاتوو له‌دایكبوونی حكوومه‌تێكی عێراقیی به‌هێز به‌خۆوه‌ ببینێت كه‌ بتوانێت به‌ره‌نگاری مه‌ترسییه‌كان ببێته‌وه‌ و خزمه‌تگوزاریی پێویست پێشكه‌ش به‌ هه‌موو ڕۆڵه‌كانی عێراق بكات.

ئه‌وه‌ش خراوه‌ته‌ ڕوو، "د. به‌رهه‌م ساڵح داواشی له‌ هه‌موو ئه‌و هێز و كه‌سایه‌تیی و سه‌رۆک عه‌شایره‌ ڕه‌سه‌نانه‌ كرد كه‌ خۆشیی و هێمنییان ده‌وێت به‌شداریی بكه‌ن له‌ به‌دیهێنانی ئامانج و ویسته‌كانی هاووڵاتیی عێراقی له‌ سه‌قامگیر بوونی ئاسایش و ئۆقره‌یی و تاوسه‌ندن و پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی هه‌موو ڕه‌نگ و پێكهاته‌كانی گه‌لی عێراق".

ڕاگه‌یێندراوه‌كه‌ی نووسینگه‌ی سه‌رۆک كۆمار ڕوونی کردۆته‌وه‌ که‌ ‎میوانه‌كان پشتگیریی ته‌واوی خۆیان ده‌ربڕ‌ی بۆ سه‌رۆک به‌رهه‌م ساڵح و داوای سه‌ركه‌وتنیان بۆ كرد له‌ ڕاپه‌ڕ‌اندنی ئه‌ركه‌كانی سه‌رۆكایه‌تیی كۆماردا بۆ خزمه‌تی گه‌لی عێراق به‌ هه‌موو ڕه‌نگ و پێكهاته‌كانییه‌وه‌ بێ جیاوازیی.

سه‌رچاوه‌: میدیاکانی هه‌رێمی کوردستان

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 38738

Your Comment

You are replying to: .
captcha