وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ ڕوونکردنه‌وه‌ له‌سه‌ر ناردنی‌ وه‌فدێكی‌ هه‌رێم بۆ به‌غدا ده‌دات

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- داوای ناردنی وه‌فدێكی هه‌رێم بۆ به‌غدا ده‌كرێت بۆ گفتوگۆكردن له‌باره‌ی كه‌م كردنه‌وه‌ی پشكی پێشمه‌رگه‌ له ‌بودجه‌ی گشتیی 2019ی‌ عێراقدا و وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ش ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات که‌ ئه‌وان ناتوانین بڕیار له ‌ناردنی وه‌فدی وه‌زاره‌ت بده‌ن و ئه‌مینداری گشتیی وه‌زاره‌ته‌كه‌ش ڕوونكردنه‌وه‌ی‌ زیاتر له‌وباره‌یه‌وه‌ ده‌خاته‌ڕوو.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، فه‌ریق جه‌بار یاوه‌ر ئه‌مینداریی گشتیی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ به ‌SNNی ڕاگه‌یاند: "ئێمه‌ وه‌ک وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ ناتوانین خۆمان بڕیار بۆ ناردنی وه‌فد بۆ به‌غدا بده‌ین تایبه‌ت به ‌گفتوگۆكردن له‌سه‌ر پشكی پێشمه‌رگه‌ له ‌بودجه‌ی 2019ی‌ عێراق به‌ڵكوو ده‌بێت حكوومه‌تی هه‌رێم ئه‌و بڕیاره‌ بدات".

ناوبراو وتیشی: "تا ئێستا هیچ بڕیارێک له‌لایه‌ن حكومه‌تی هه‌رێمه‌وه‌ نه‌دراوه‌، هه‌ر كاتێكیش حكوومه‌تی هه‌رێم وه‌فدی پێكهێنا بۆ گفتوگۆكردن له‌گه‌ڵ حكوومه‌تی عێراق له‌باره‌ی بودجه‌ی گشتی و پشكی هه‌رێم له‌و بودجه‌یه ‌و داوامان لێكرا به‌شداریی ئه‌و وه‌فده‌ بكه‌ین، ئه‌وكات به‌شداریی ده‌كه‌ین به‌ڵام تا ئێستا نه‌ ئاگادار كراوینه‌ته‌وه ‌و نه‌ هیچ بڕیارێكیش دراوه‌".

ئه‌مه‌ له‌ كاتێكدایه‌ به‌ گوێره‌ی زانیاری په‌رله‌مانتارانی كورد له ‌به‌غدا، له‌پڕۆژه‌یاسای بودجه‌ی 2019دا جارێكی دیكه‌ پشكی پێشمه‌رگه‌ له‌ چوارچێوه‌ی بودجه‌ی‌ وه‌زاره‌تی به‌رگریی عێراقدا دیاری كراوه‌ كه‌ بڕه‌كه‌ی مانگانه‌ به‌ 37 ملیار دینار خه‌مڵێنراوه‌ كه‌ كۆی گشتی له‌ ساڵێكدا ده‌كاته‌ 444 ملیار دینار و نوێنه‌رانی‌ كوردیش له ‌به‌غدا داوا ده‌كه‌ن هه‌رێم وه‌فدی تایبه‌ت بۆ گفتوگۆكردن له‌سه‌ر ئه‌و پشكه‌ بنێرێته‌ به‌غدا.

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 38728

Your Comment

You are replying to: .
captcha