مه‌ترسیی جموجووڵی نوێی داعش له‌ ناوچه‌ جێناکۆکه‌کانی عێراق وه‌ک خۆی ماوه‌ته‌وه‌

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- سه‌عید مه‌مۆزینی سیاسه‌توانی کوردی عێراقی له‌ دیمانه‌یێک له‌گه‌ڵ کوردپرێسدا تیشکی خستۆته‌ سه‌ر په‌ره‌سه‌ندنی جموجووڵی داعش له‌ پارێزگای نه‌ینه‌وا و پارێزگاکانی دیکه‌ی ناوچه‌ جێناکۆکه‌کانی عێراق و له‌باره‌ی مه‌ترسیی ئه‌و جموجووڵانه‌وه‌ هۆشدار ده‌دات.

کوردپرێس: له‌م ڕۆژانه‌ی دواییدا کۆمه‌ڵێک هه‌واڵ و ڕاپۆرت له‌باره‌ی په‌ره‌سه‌ندنی جموجووڵی داعش له‌ چه‌ند پارێزگایێکی عێراق و به‌ تایبه‌ت ئه‌و پارێزگا و ناوچانه‌ی که‌ پێشتر له‌ ژێر کۆنتڕۆڵی داعشدا بوون بڵاو کراوه‌ته‌وه‌. له‌م نێوانه‌دا میدیا و به‌رپرسانی هه‌رێمی کوردستان زیاتر له‌ هه‌موووان ته‌رکیزی کردوووه‌ته‌ سه‌ر ئه‌و بابه‌ته‌ و جه‌خت له‌سه‌ر ئاوڕدانه‌وه‌ی زیاتری به‌غدا بۆ چاره‌ کردنی ئه‌و قه‌یرانه‌ و نه‌هێشتنی هه‌ڕه‌شه‌ی تیرۆر ده‌که‌نه‌وه‌. نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆک وه‌زیرانی هه‌رێمی کوردستان له‌ ئه‌خیر کۆنفڕانسی ڕۆژنامه‌وانی خۆیدا وتوویه‌تی نیگه‌رانیی جیدی هه‌یه‌ له‌سه‌ر ڕه‌وشی که‌رکووک و دیکه‌ی ناوچه‌ جێناکۆکه‌کان بۆیه‌ ده‌بێت چاره‌سه‌رێکی خێرا بۆ ئه‌و بابه‌ته‌ بدۆزرێته‌وه‌.

سه‌عید مه‌مۆزینی له‌باره‌ی بارودۆخی نه‌ینه‌وا و ئه‌و جموجووڵانه‌ی داعش که‌ له‌وێ زیادیان کردوووه‌ به‌ ئاژانسی هه‌واڵی کوردپرێسی ڕاگه‌یاند: جموجووڵی داعش لێره‌ زۆر بوووه‌ و وه‌زعه‌که‌ باش نییه‌ و خه‌ڵکی نه‌ینه‌وا ئێستا له‌ مووسڵ هه‌ڵدێن و خه‌ڵکێکی زۆر ڕووی له‌ هه‌رێمی کوردستان کردوووه‌.

مه‌مۆزینی زیادی کرد: جموجووڵی داعش زیاتر له‌ شه‌رگات و حه‌زه‌ر هه‌یه‌ که‌ ده‌که‌وێته‌ لای ڕاستی مووسڵ.

له‌م ڕۆژانه‌دا هه‌واڵه‌کان باس له‌وه‌ ده‌که‌ن نزیکه‌ی 500 ئه‌ندامی داعش له‌ ده‌وروبه‌ری گوێر و دیکه‌ی ناوچه‌کانی نه‌ینه‌وا بڵاو بوونه‌ته‌وه‌ مه‌مۆزینی له‌وباره‌یه‌وه‌ به‌ هه‌واڵنێری کوردپرێسی وت: ئێستا داعش له‌ هه‌موو ناوچه‌کانی باکووری عێراق که‌ له‌ژێر کۆنتڕۆڵی هێزی عێراقی و حه‌شدی شه‌عبیدایه‌ جموجووڵی هه‌یه‌.

هه‌ندێک سۆشیال میدیا و ده‌زگای ڕاگه‌یاندنی عێراقی باسی پێکدادانی نێوان پێشمه‌رگه‌ی سه‌ر به‌ پارتی و داعشیان کردبوو سه‌عید مه‌مۆزینی له‌وباره‌یه‌وه‌ به‌ کوردپرێسی ڕاگه‌یاند: داعش له‌ ناوچه‌ی ژێر ده‌سه‌ڵاتی پارتی بوونی نییه و هیچ چه‌شنه‌ جموجووڵێکیان له‌و ناوچه‌یه‌دا نییه‌ و ئه‌گه‌ریش ببێت هێزی پێشمه‌رگه‌ زوو سه‌رکوتیان ده‌کات و له‌ ناویان ده‌بات.

ناوبراو جه‌ختیشی کرده‌وه‌ حکوومه‌تی پێشووی عێراق که‌مته‌رخه‌میی زۆری له‌باره‌ی ئه‌و ناوچانه‌وه‌ هه‌بوووه‌ بۆیه‌ هیواشی خواست حکوومه‌تی نوێی عێراق به‌ سه‌رپه‌رشتیاریی عادل عه‌بدولمه‌هدی هه‌موو عێراقییه‌کان به‌ یه‌ک چاو سه‌یر بکات چ کورد و چ عه‌ره‌ب و چ شیعه‌.

مه‌مۆزینی زیادی کرد: ئه‌گه‌ر عادل عه‌بدولمه‌هدی له‌ سه‌رۆکایه‌تیی حکوومه‌تی نوێی عێراق فه‌رقی نه‌خست له‌ نێوان کورد و عه‌ره‌ب و شیعه‌ ته‌بعه‌ن داعش وجوودی نامێنێت و له‌وه‌ی که‌ هه‌یه‌ زیاتر سه‌ر هه‌ڵنادات.

ئه‌و سیاسه‌توانه‌ کورده‌ له‌باره‌ی پێوه‌ندی و هاوکاریی نێوان پێشمه‌رگه‌ و هێزی عێراقی بۆ دابین کردنی ئاسایشی ناوچه‌که‌ به‌ هه‌واڵنێری کوردپرێسی ڕاگه‌یاند: له‌لایه‌ن حکوومه‌تی هه‌رێمه‌وه‌ ده‌یڵێم که‌ پاش ئه‌وه‌ی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی عێراق کراوه‌ ده‌بێت حکوومه‌تی هه‌رێم هاوکاریی به‌غدا بکات بۆ هه‌موو بابه‌ته‌کان.

هه‌ر سه‌باره‌ت به‌ ئه‌گه‌ری سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ و جموجووڵی داعش له‌ ناوچه‌که‌ سه‌عید مه‌مۆزینی دووپاتی کرده‌وه‌: ئه‌گه‌ر ئه‌و بارودۆخه‌ی ئێستا هه‌یه‌ به‌رده‌وام بێت ئه‌وا داعش دووباره‌ سه‌رهه‌ڵداته‌وه‌ چ له‌ نه‌ینه‌وا و چ له‌ ناوچه‌ سوننه‌نشینه‌کانیش بۆیه‌ مه‌ترسییه‌که‌ ئێستاش وه‌کوو خۆی ماوه‌ته‌وه‌.

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 38687

Your Comment

You are replying to: .
captcha