سه‌رۆکایه‌تیی به‌رهه‌م ساڵح و عادل عه‌بدولمه‌هدی ده‌رفه‌تێکی زێڕینه‌ بۆ عێراق و هه‌رێمی کوردستان

به‌شی دیمانه‌/ عێراق و هه‌رێمی کوردستان- عارف قوربانی چاودێری سیاسیی کورد له‌ هه‌رێمی کوردستان گفتوگۆیێکی تایبه‌تی له‌گه‌ڵ کوردپرێس کردوووه‌ و تێیدا سه‌رنج ده‌خاته‌ سه‌ر ته‌عامولی نێوان به‌رهه‌م ساڵح وه‌کوو سه‌رۆک کۆمار و عادل عه‌بدولمه‌هدی وه‌کوو سه‌رۆک وه‌زیرانی نوێی عێراق و ده‌ڵێت: چوار ساڵی ئاینده‌ی عێراق و هه‌رێمی کوردستان ده‌رفه‌تێکی زێڕینه‌ بۆ یه‌کلا کردنه‌وه‌ و نه‌هێشتنی کێشه‌ و ململانێی نێوخۆی عێراق و هه‌رێم.

کوردپرێس: هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆک کۆمار له‌لایه‌ن په‌رله‌مانتارانی عێراقه‌وه‌ و ڕاسپاردنی که‌سایه‌تییێکی شیعه‌کان بۆ پێکهێنانی حکوومه‌تی نوێ هیواکانی بووژانده‌وه‌ بۆ سه‌رهه‌ڵدانی ئاسایش و سه‌قامگیری له‌ ساحه‌ی سیاسیی عێراق به‌ڵام ئه‌و بابه‌ته‌ گرینگه‌ باجی بۆ درا به‌ تایبه‌ت له‌ نێوان کورده‌کاندا. ته‌شریع کرانی به‌رهه‌م ساڵح بۆ پۆستی سه‌رۆک کۆماری عێراق و کاردانه‌وه‌ی نه‌رێنیی پارتی دیموکراتی کوردستان به‌رانبه‌ر به‌و پڕۆسه‌یه‌ و هه‌ڵبژێردرانی به‌رهه‌م ساڵح به‌ بێ ئیجماع و کۆده‌نگیی کوردستانی ئاوی ساردی کرد به‌ مل تینی خۆش‌بینیی هه‌موو لایه‌نه‌کان به‌ دوو حیزبی ده‌سه‌ڵاتداری کوردستان له‌ به‌غدا بۆ پێکهێنانی حکوومه‌تی نوێ.

پاش ئه‌وه‌ی پارتی و یه‌کێتی به‌ کاندیدی سه‌ربه‌خۆ و جیاوازه‌وه‌ بۆ وه‌ده‌ستهێنانی پۆستی سه‌رۆک کۆمار چوونه‌ ڕکابه‌رییه‌وه‌ وه‌رزێکی نوێ له‌ پێوه‌ندیی نێوان دوو حیزبه‌که‌دا سه‌ریهه‌ڵدا که‌ به‌ لێدوانه‌ تونده‌که‌ی نێچیرڤان بارزانی بینیمان خولێکی نوێ ململانێ و ناکۆکی له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵات له‌ هه‌رێمی کوردستان و به‌غدا ده‌ستی پێکردوووه‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی نێچیرڤان بارزانی جه‌ختی کرده‌وه‌ که‌ له‌سه‌ر بنه‌مای نوێ ته‌عامول له‌گه‌ڵ یه‌کێتی ده‌که‌ن.

ئاژانسی هه‌واڵی کوردپرێس به‌ مه‌به‌ستی به‌دواداچوون بۆ ئه‌و بابه‌ته‌ و لێکدانه‌وه‌ی کۆمه‌ڵێک ته‌وه‌ری پێوه‌ندیدار گفتوگۆیێکی تێر و ته‌سه‌لی له‌گه‌ڵ عارف قوربانی ڕۆژنامه‌نووس و چاودێری سیاسی کردوووه‌ که‌ که‌سایه‌تییێکی نزیک له‌ به‌رهه‌م ساڵحیشه‌ که‌ ئێستا سه‌رۆک کۆماری عێراقه‌. ده‌قی دیمانه‌که‌ لێره‌ بخوێنه‌ره‌وه‌:

کوردپرێس: هه‌ڵبژاردنی به‌رهه‌م ساڵح وه‌کوو سه‌رۆک کۆماری نوێی عێراق له‌ ڕکابه‌ریی نێوان لایه‌نی کوردی بۆ پۆستی سه‌رۆک کۆماری له‌م قۆناغه‌دا چۆن ده‌بینن؟

عارف قوربانی: به‌ ڕای من له‌به‌ر ئه‌وه‌ی له‌ عێراق یه‌کلا بۆته‌وه‌ که‌ ئه‌و پۆسته‌ بۆ کورده‌ پێویست وابوو لایه‌نه‌ کوردییه‌کانیش له‌ ناو خۆیاندا ڕێک بکه‌وتنایه‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی که‌ یه‌ک که‌سایه‌تی ته‌شریع بکریایه‌ بۆ پۆستی سه‌رۆک کۆمار و ئه‌گه‌ر له‌ ناو ئه‌و ئیتیفاقه‌دا ئیجماعێکی سیاسی بکریایه‌ باشترین که‌سیش هه‌ر دوکتۆر به‌رهه‌م بوو بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و ئیجماعه‌ی له‌سه‌ر دروست ببێت که‌ له‌ به‌غدا ببێته‌ سه‌رۆک کۆماری عێراق و ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌ بکریایه‌ دوکتۆر به‌رهه‌م له‌ عێراق پێگه‌ی به‌هێزتر ده‌بوو و ئه‌وکات پشتیوانیی هه‌موو لایه‌نه‌ سیاسییه‌کانی هه‌رێمی کوردستان بۆ ده‌بوو به‌ڵام ئێستا به‌داخه‌وه‌ ناکۆکییه‌که‌ وای کردوووه‌ به‌شێک له‌ حیزبه‌کان یان لانی‌که‌م پارتی دیموکراتی کوردستان دوکتۆر به‌رهه‌م به‌ نوێنه‌ری خۆی نه‌زانێت و هێشتا ئاماده‌ییی ده‌رنه‌بڕیوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ماهه‌نگیی له‌گه‌ڵ بکات به‌ڵام ئه‌م بابه‌ته‌ قابیل به‌ چاره‌سه‌رکردنه‌ و من وای ده‌بینم به‌رژه‌وه‌ندیی عێراق و هه‌رێمی کوردستان وا ده‌خوازێت که‌ ده‌بێت به‌ حه‌ساسییه‌ته‌وه‌ ته‌عامول له‌گه‌ڵ ئه‌م کێشه‌یه‌ نه‌کرێت. دیاره‌ پارتی و یه‌کێتی به‌ دوو ڕکابه‌ره‌وه‌ چوونه‌ پڕۆسه‌که‌وه‌. پێویست وابوو به‌ ڕه‌وشی دیموکراسییانه‌ قبووڵی نه‌تیجه‌که‌شیان بکردایه‌ و پێویست بوو پارتی پیرۆزبایی له‌ به‌رهه‌م ساڵح بکات چوونکه‌ به‌ نه‌تیجه‌ ئه‌وه‌ پۆستی کورده‌ و له‌ چوار ساڵی داهاتووشدا پارێزه‌ری ده‌ستووری عێراقه‌ که‌ کورد پێی وایه‌ له‌ ده‌ستووردا به‌شێک له‌ مافه‌کانی جێبه‌جێ نه‌کراوه‌ یان خود به‌ جۆرێک له‌ ده‌ستووردا پێشێل کراوه‌ بۆیه‌ دیسان ده‌یڵێمه‌وه‌ هه‌موو لایێک پێویستمان به‌وه‌یه‌ ڕێز له‌و پۆسته‌ بگرین بۆ ئه‌وه‌ی به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانی خه‌ڵکی کوردستان له‌ چوارچێوه‌ی کاره‌کانیدا بپارێزێت.

کوردپرێس: ئاماژه‌تان به‌ دژایه‌تیی پارتی دا. ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌ هه‌ندێک چاودێری سیاسی به‌ ڕکابه‌ریی نه‌وه‌ی نوێی سه‌رکردایه‌تیی یه‌کێتی له‌گه‌ڵ پارتی و بارزانیی ده‌زانن. ڕای ئێوه‌ چییه‌؟

عارف قوربانی: ڕاسته‌. نه‌تیجه‌که‌ خۆی وا که‌وتوووه‌ به‌ڵام به‌ بڕوای من ئه‌گه‌ر به‌ شێوه‌یێکی عاقڵانی ئیداره‌ی ئه‌م یارییه‌ بدریایه‌ ده‌کرا نه‌هێڵن ئه‌وه‌ ڕوو بدات چوونکه‌ له‌ نه‌تیجه‌دا بارزانییش دوکتۆر به‌رهه‌می پێ باشتر بوو له‌ گه‌لێک له‌ که‌ره‌کته‌ره‌ سیاسییه‌کانی کورد و بارزانییش ئه‌وه‌ی نه‌شاردبوووه‌وه‌ که‌ دوکتۆر به‌رهه‌م له‌ چوارچێوه‌ی ڕێککه‌وتنێکی گشتیدا سه‌رۆک کۆمار بێت به‌س بارزانی ناڕازی بوو له‌و ئالیه‌ته‌ سیاسییه‌ی که‌ به‌ تێگه‌یشتنی پارتی و بارزانی به‌ بێ ئاگاداریی پارتی له‌ پۆسته‌که‌ له‌لایه‌ن یه‌کێتیییه‌وه‌ ته‌رح کرا بۆ دوکتۆر به‌رهه‌م ئه‌وه‌ش له‌ کاتێکدا هێشتا نێو ماڵی کوردی بڕیاری نه‌دابوو ئه‌و پۆسته‌ بۆ یه‌کێتی بێت. ئه‌گه‌ر به‌ر له‌وه‌ی حه‌ساسییه‌ته‌که‌ دروست ببێت چه‌ند کۆبوونه‌وه‌یێک بکرایه‌ به‌ بڕوای من هه‌ر ڕێککه‌وتن له‌سه‌ر دوکتۆر به‌رهه‌م ده‌کرا و قه‌ناعه‌تیشم وایه‌ دوکتۆر به‌رهه‌م ده‌بوو به‌ سه‌رۆک کۆماری هه‌موو لایێک.

کوردپرێس: هۆکاری ئه‌م بڕیاره‌ که‌ له‌لایه‌ن یه‌کێتییه‌وه‌ درا چی بوو؟ ئایا باڵ باڵێنه‌ی حیزبی بوو یان بوونی ده‌نگی جیاواز بوو؟

عارف قوربانی: به‌ بڕوای من ئه‌مه‌ ته‌نها پێوه‌ندیی به‌ نێوخۆی یه‌کێتییه‌وه‌ نییه‌ به‌ڵکوو من بڕوام وایه‌ کاریگه‌ریی وڵاتانی‌تر چ ئێران و چ ئه‌مریکا له‌سه‌ر ئه‌و پۆسته‌ هه‌بوووه‌ و واش ده‌زانم هه‌ر دوو لا به‌و ئاراسته‌یه‌ کاریان کردوووه‌ که‌ یه‌کێتی به‌م جۆره‌ کاندید ته‌شریح بکات. ئامانجه‌که‌ش چی بێت نازانم.

کوردپرێس: به‌ سه‌رنجدان به‌ پێشینه‌ی سیاسیی دوکتۆر به‌رهه‌م ئایا به‌ڕێزیان ده‌توانن له‌م چوار ساڵه‌دا ئه‌و پۆسته‌ وه‌کوو سه‌رده‌می خوالێخۆشبوو تاڵه‌بانی کارا و کاریگه‌ر بکه‌نه‌وه‌؟

عارف قوربانی: دوکتۆر به‌رهه‌م وه‌کوو که‌ره‌کته‌رێکی سیاسی خۆی که‌سێکی هه‌ڵسووراو و مه‌قبووله‌ و لای لایه‌نه‌ عێراقییه‌کان تا ڕاده‌یێکی زۆر سه‌رکه‌وتوو ده‌بێت به‌تایبه‌تی ئه‌گه‌ر عادل عه‌بدولمه‌هدیش ببێته‌ سه‌رۆکوه‌زیران هه‌ر له‌ ئێستاوه‌ هه‌ست ده‌کرێت دیمه‌نی حکوومه‌ت و سێ کوچکه‌ی ده‌سه‌ڵات له‌ عێراق سێ کوچکه‌یێکی پێکه‌وه‌ گونجاو ده‌بن واتا هه‌ست ناکرێت گرژی و ناته‌بایی له‌ نێوانیاندا هه‌یه‌. ئه‌وه‌ش بۆ هه‌ر سێکیان یارمه‌تیده‌ر ده‌بێت که‌ سه‌رکه‌وتوو بن چ سه‌رۆکوه‌زیران و چ سه‌رۆکی په‌رله‌مان و چ سه‌رۆک کۆماریش. گرفتی به‌رده‌م دوکتۆر به‌رهه‌م بۆ ئه‌وه‌ی سه‌رکه‌وتوو بێت ئه‌وه‌یه‌ که‌ ده‌بێت ناو ماڵی کوردی ڕێک بخرێته‌وه‌ و هه‌رێمی کوردستانیش مامه‌ڵه‌یێکی ته‌ندروست له‌گه‌ڵ به‌غدا بکات و به‌غداش یارمه‌تیده‌رێکی باش بێت بۆ هه‌رێمی کوردستان. به‌ ڕای من ئێستاش ده‌رفه‌ت ماوه‌ بۆ یه‌کخستنه‌وه‌ ناو ماڵی کورد و ده‌بێت دوکتۆر به‌رهه‌م له‌گه‌ڵ هێزه‌ سیاسییه‌کانی کوردستاندا پێوه‌ندییه‌کانی بگه‌یێنێته‌وه‌ ئه‌و ئاسته‌ی که‌ هه‌موو لایه‌نی کوردی به‌رهه‌م ساڵح به‌ نوێنه‌ری خۆی بزانێت له‌ به‌غدا نه‌ک حیزبێکی دیاری‌کراو.

کوردپرێس: ئاماژه‌تان به‌ سه‌رۆک وه‌زیرانیی عادل عه‌بدولمه‌هدی کرد. به‌ڕێزیان دۆستایه‌تییێکی دێرینه‌ و پێوه‌ندییێکی باشی له‌گه‌ڵ هه‌موو لایه‌نه‌ کوردییه‌کان هه‌یه‌. به‌ ڕای ئێوه‌ له‌ چوار ساڵی داهاتوودا به‌ بوونی که‌سێکی وه‌کوو دوکتۆر به‌رهه‌م و عادل عه‌بدولمه‌هدی پێوه‌ندیی هه‌رێم و به‌غدا به‌ چ ئاڕاسته‌یێکدا ده‌ڕوات؟ ئایا ئومێدی ئه‌وه‌ هه‌یه‌ کرانه‌وه‌یێکی زیاتر هه‌بێت له‌ نێوان دوو لایه‌ندا؟

عارف قوربانی: ئه‌گه‌ر ئه‌و ناکۆکییه‌ له‌سه‌ر پۆستی سه‌رۆک کۆمار نه‌بوایه‌ت و ئه‌و ئالیه‌ته‌ نه‌هاتایه‌ته‌ گۆرێ که‌ گرژی دروست بکات به‌ بڕوای من بوونی عادل عه‌بدولمه‌هدی و دوکتۆر به‌رهه‌م له‌ به‌غدا سه‌رده‌مێکی زێڕین ده‌بوو بۆ هه‌رێمی کوردستان بۆ ئه‌وه‌ی پێوه‌ندییه‌کانی له‌گه‌ڵ به‌غدا ته‌ندروست بن به‌ڵام ئێستاش هه‌ر بڕوام وایه‌ بوونی ئه‌و دوو که‌سایه‌تییه‌ پێکه‌وه‌ عامیلی خێر ده‌بێت بۆ هه‌رێمی کوردستان به‌و مه‌رجه‌ی کێشه‌کان چاره‌سه‌ر بکرێن و له‌سه‌ر پۆسته‌کانی‌تری به‌غدا ناکۆکیی نێوان پارتی و یه‌کێتی قووڵ نه‌بێته‌وه‌. بگره‌ به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ ئه‌و پۆستانه‌ی‌تر له‌ به‌غدا ماون ئه‌گه‌ر بکرێن یارمه‌تیده‌ر بۆ چاره‌سه‌ر کردنی ناکۆکیی نێوان پارتی و یه‌کێتی بوونی عادل عه‌بدولمه‌هدی به‌ حوکمی ئه‌زموونی چه‌ند ساڵی ڕابردووی له‌ وه‌زاره‌تی نه‌وت -که‌ کێشه‌یێکی گه‌وره‌ له‌سه‌ر نه‌وت له‌ نێوان به‌غدا و هه‌رێمی کوردستان هه‌بوو- و هه‌روه‌هاش ئه‌و کاته‌ی له‌ پۆستی سه‌رۆک کۆماردا بوو و له‌ قیاده‌ی سیاسیی لایه‌نی شیعی ڕۆڵی زۆری هه‌بوو، ده‌ورێکی ئیجابیی هه‌بوووه‌ له‌ نزیک کردنه‌وه‌ی کورد و شیعه‌ له‌ عێراقدا. ئێستاش من بڕوام وایه‌ ده‌توانێت ئه‌مه‌ بگوازێته‌وه‌ بۆ نزیک کردنه‌وه‌ی کورد و ده‌سه‌ڵاتدارێتی له‌ به‌غدا.

کوردپرێس: سیاسه‌تی نوێی پارتی له‌ به‌رانبه‌ر یه‌کێتی و ئه‌وه‌ی که‌ ڕای‌ده‌گه‌یێنن به‌پێی قه‌باره‌ی یه‌کێتی له‌گه‌ڵیان له‌ دابه‌ش کردنی ده‌سه‌ڵات مامه‌ڵه‌ ده‌که‌ن و له‌به‌ر ڕۆشنایی ئه‌وه‌ی که‌ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی کوردستان ته‌واو بوووه‌ قۆناغی داهاتووی پێکهێنانی حکوومه‌ت چۆن ده‌بینن؟

عارف قوربانی: من قه‌ناعه‌تم وایه‌ واقیعی کوردستان ته‌وافوقی پێویست‌تره‌ وه‌ک له‌ دیموکراسی. بۆ ئه‌وه‌ی له‌ ڕابردووشدا له‌ کوردستان هه‌روا مامه‌ڵه‌ کراوه‌ و ئه‌وله‌وییه‌ت بۆ سازان و پێکه‌وه‌ هه‌ڵکردن بوووه‌ به‌ تایبه‌تیش له‌ نێوان پارتی و یه‌کێتی. به‌ درێژاییی مێژووی ئه‌م دوو حیزبه‌ له‌ هه‌ر قۆناغێکدا دوو حیزبه‌که‌ لێک نزیک بووبێتن و هه‌ماهه‌نگی له‌ نێوانیاندا بووبێت پێکه‌وه‌ ئه‌رک و به‌رپرسیارێتیی تێپه‌ڕاندنی هه‌ر قۆناغێکی سه‌ختیان گرتبێته‌ ئه‌ستۆ کوردستان سه‌ربه‌رزانه‌ لێی ده‌رچوووه‌. به‌ پێچه‌وانه‌یشه‌وه‌ له‌ هه‌ر کاتێکدا ناکۆک بووبێتن هه‌رێمی کوردستان زه‌ره‌ری کردوووه‌. ئێستا به‌رژه‌وه‌ندیی خه‌ڵکی کوردستان و تێپه‌ڕاندنی ئه‌م واقیعه‌ وا ئه‌خوازێت که‌ پارتی و یه‌کێتی پێکه‌وه‌ به‌رپرسیارێتیی تێپه‌ڕاندنی قۆناغه‌که‌ بگرنه‌ ئه‌ستۆ له‌به‌ر ئه‌وه‌ش من پێموایه‌ ده‌بێت هه‌ر دوو حیزب مه‌سئوولانه‌تر بیر بکه‌نه‌وه‌ و وا بکه‌ین دیموکراسی چاره‌سه‌ر و ده‌رمانی ئێمه‌ نه‌بێت به‌ڵکوو ته‌وافوق و سازانی نێوانیان خزمه‌ت به‌ به‌رژه‌وه‌ندیی خه‌ڵکی کوردستان ده‌کات. واقیعی خه‌ڵکی کوردستان به‌ جۆرێکه‌ ناکرێت به‌ ده‌رئه‌نجامی هه‌ڵبژاردن و له‌سه‌ر پره‌نسیپی دیموکراسییه‌ت کار بکرێت و بینیشمان له‌ دوو سێ هه‌ڵبژاردنی ڕابردووی کوردستاندا بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان هێزی دووهه‌م بوو به‌ڵام واقیعه‌که‌ به‌و جۆره‌ بوو که‌ هه‌ر یه‌کێتی حوکمڕان بوو و یه‌کێتی و پارتی پێکه‌وه‌ حوکمڕانی سه‌رجه‌م کوردستان بوون له‌ کاتێکدا بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان به‌ ئیستیحقاقی ئینتیخابی هێزی دووهه‌م بوو. ئێستاش من وای ده‌بینم هێشتا گه‌رماوگه‌رمه‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی هێشتا تازه‌ سه‌رۆک کۆمار دانراوه‌ و ئه‌و ناکۆکییه‌ی که‌ له‌ به‌غدا هه‌بوو تا ئێستا هیچ لایێکیانی به‌ر نه‌داوه‌. ڕه‌نگه‌ هه‌ندێک قسه‌ و وتار و ده‌ربڕین هه‌بێت به‌ڵام من پێم وانییه‌ ئه‌مه‌ ببێته‌ ستراتێژ و پڕۆژه‌ی سیاسیی هیچ کامیان به‌ڵکوو ده‌رئه‌نجامی واقیعی کوردستان وا ده‌خوازێت پارتی و یه‌کێتی پێکه‌وه‌ مه‌سئوولانه‌ شان بده‌نه‌ ژێر تێپه‌ڕاندنی ئه‌م قۆناغه‌.

کوردپرس: که‌وایه‌ پێکهێنانی حکوومه‌تی داهاتووی هه‌رێمی کوردستان به‌ بێ یه‌کێتی به‌ ئه‌گه‌رێکی دوور ده‌زانن؟

عارف قوربانی: به‌ دڵنیایییه‌وه‌ وایه‌. هه‌ر له‌ ڕووی واقیعه‌وه‌ مومکین نییه‌ پارتی به‌ بێ یه‌کێتی بتوانێت له‌ هه‌رێمی کوردستان حکوومه‌ت پێکبهێنێت.

دیمانه‌: حه‌سه‌ن ساڵح

وه‌رگێڕان و داڕشتنه‌وه‌: به‌شی کوردیی هه‌واڵده‌ریی کوردپرێس

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 38686

Your Comment

You are replying to: .
captcha