به‌رهه‌م ساڵح و عادل عه‌بدولمه‌هدی كۆ بوونه‌وه‌

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- سه‌رۆک کۆماری نوێی عێراق و سه‌رۆک وه‌زیرانی ڕاسپێردراو بۆ پێکهێنانی حکوومه‌ت کۆ بوونه‌وه‌ و له‌ کۆبوونه‌وه‌که‌دا جه‌ختیان له‌سه‌ر ئه‌وه‌ کرده‌وه‌ که‌ ده‌بێ حکوومه‌تی نوێی عێراق له‌و واده‌یه‌ که‌ ده‌ستوور بڕیاری له‌سه‌ر داوه‌ پێکبهێنرێت.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، ڕۆژی دووشه‌ممه‌ 8ی تشرینی یه‌که‌می 2018 د. به‌رهه‌م ساڵح سه‌رۆک کۆماری عێراق پێشوازی كرد له‌ د. عادل عه‌بدولمه‌هدیی سه‌رۆک وه‌زیری ڕاسپێردراو و له‌ دیدارێكدا پێشهاته‌كانی په‌یوه‌ست به‌ پێكهێنانی حكوومه‌تی نوێ تاوتوێ كرا و گرنگیی به‌ ئاكام گه‌یاندنی هه‌وڵه‌كان دووپات كرایه‌وه‌ له‌و چوارچێوه‌ و واده‌یه‌دا كه‌ ده‌ستوور بڕ‌یاری له‌سه‌ر داوه‌.

له‌ دیداره‌كه‌دا گرنگیی چڕ‌كردنه‌وه‌ی ته‌واوی وزه‌ و تواناكان دووپات كرایه‌وه‌ له‌ پێناوی پێكهێنانی حكوومه‌تێكی به‌هێز كه‌ بتوانێت خواسته‌كانی هاووڵاتیی عێراقیی جێبه‌جێ بكات و خزمه‌تگوزارییه‌ پێویستییه‌كان بۆ هاووڵاتییان ده‌سته‌به‌ر بكات بۆ زامن كردنی ساده‌ترین ژیانی سه‌ربه‌رزانه‌ بۆیان.

د. به‌رهه‌م ساڵح ڕۆژى دووى ئه‌م مانگه‌ به‌ ده‌نگى دوو له‌سه‌ر سێى ئه‌ندامانى په‌رله‌مان به‌ سه‌رۆک كۆمارى عێراق هه‌ڵبژێردرا و كاتژمێرێک دواى ئه‌وه‌ ڕاسته‌وخۆ د. به‌رهه‌م مه‌رسوومى كۆمارى ده‌ركرد و عادل عه‌بدولمه‌هدى ڕاسپارد بۆ پێكهێنانى كابینه‌ى نوێى حكوومه‌ت.

سه‌رچاوه‌: میدیاکانی هه‌رێمی کوردستان

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 38630

Your Comment

You are replying to: .
captcha