کوردپرێس:
بەپێی وتەى بەرپرسانى کۆمسیۆن، ٢٢٥ سندووقى دەنگدان قردێلەى سووریان لێدراوە و لە ئێستادا لێکۆڵینەوەیان لەسەر دەکرێت، کە لەو ژمارەیە ٥١ سندووقیان هی پارێزگای دهۆکە و ٥٧ی دیکەشیان هی پارێزگای هەولێرە و ١١٧ سندوقەکەی دیکەشیان هی پارێزگای سلێمانییە.
هەرچەندە لە ئێستا لێکۆڵێنەوە لەو سندوقانەدا دەکرێت، بەڵام ئیسماعیل خورماڵى بڕیاردەرى کۆمسیۆنى هەڵبژاردنەکانى هەرێم بە ئێن ئاڕ تى ڕاگەیاند، تا دوو هەفتەى دیکە پێناچێت ئەنجامى کۆتاییى هەڵبژاردن ڕابگەیەنرێت.
خورماڵی وتیشى، یەکلایی­کردنەوەى سکاڵاکان و بەدواداچوونی کەموکوڕییەکان و وردبینیکردنى دەنگى سندووقە قردێلە سوورەکان زۆرى دەوێت و پێناچێت بەم زووانە تەواو بێت.
بەپێی ئەنجامى لەسەدا ٨٥ى دەنگەکان، پارتى ٤٤کورسى و یەکێتى ٢٢ کورسى و گۆڕان ١٢ کورسى و نەوەى نوێ ٩کورسى و کۆمەڵى ئیسلامى ٧ کورسى و بەرەو ئیسڵاح ٥ کورسیان بەدەستهێناوە.
دواى ڕاگەیاندنى لەسەدا ٨٥ى دەنگەکان نەوەى نوێ بەفەرمى ئەو ئەنجامانەی ڕەت کردەوە و یەکگرتووى ئیسلامییش بەهەمان شێوە ئەنجامەکانى ڕەت کردووەتەوە و چاوەڕوانى ئەنجامى کۆتایییە بۆ ئەوەى بریارى خۆى لە بارەى بایکۆتى پرۆسەى سیاسى لە هەرێم بدات.
Your Comment