سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی هه‌ڵوێستی خۆی له‌باره‌ی هه‌ڵبژاردن دواده‌خات

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تیی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان كۆ بوووه‌ و ڕاگه‌یێندراوێکی بڵاو كرده‌وه‌.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، ڕۆژی شه‌ممه‌ 6ی تشرینی یه‌که‌می 2018 ئه‌نجومه‌نی سه‌رکردایه‌تیی یه‌کێتی له‌ سلێمانی کۆ بوونه‌وه‌ و دوای کۆبوونه‌وه‌که ڕاگه‌یێندراوێکی بڵاو کرده‌وه‌.

ڕاگه‌یه‌ندراوی كۆبونه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تیی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان

سه‌عات (11)ی ڕۆژی شه‌ممه‌ به‌ سه‌رپه‌رشتیی هه‌ڤاڵ كۆسره‌ت ره‌سووڵ عه‌لی جێگری سكرتێری گشتی كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تیی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان له‌ شاری سلێمانی به‌رێوه‌ چوو.

كۆبوونه‌وه‌كه‌، كه‌ هاوكات بوو له‌گه‌ڵ ساڵیادی ماڵئاوایی رابه‌ر و سكرتێری گشتی سه‌رۆک مام جه‌لال، به‌ ده‌قیقه‌یێک وه‌ستان بۆ رۆحی پاكی سه‌رۆک مام جه‌لال ‌و شه‌هیدان ده‌ستی پێكرد، دۆخی سیاسی كوردستان به‌ شێوه‌یێكی گشتی‌ و ئه‌نجامه‌كانی هه‌ڵبژاردن به‌تایبه‌تی تاوتوێ كرا و هه‌ڵسه‌نگێندرا.

ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تی جه‌ختی كرده‌وه‌ له‌ پێویستی ته‌واوكردنی رێكاره‌ یاسایی ‌و هونه‌رییه‌كانی په‌یوه‌ست به‌ هه‌ڵبژاردن له‌لایه‌ن كۆمیسیۆنه‌وه‌ به‌ شێوه‌یێكی بێلایه‌نانه ‌و له‌سه‌ر بنه‌ما یاسایی ‌و دیموكراسییه‌كان‌ و هه‌موو جۆره‌ ساخته‌كارییێک به‌ كارێكی نایاسایی‌ و دژ به‌ بنه‌ماكانی دیموكراسی ‌و مافی مرۆڤ ده‌زانین، له ‌هه‌مان كاتدا هه‌موو جۆره‌ چه‌واشه‌كارییێک بۆ شێواندنی ڕاستییه‌کان ‌و هه‌موو په‌لاماردانێک بۆ سه‌ر یه‌كێتی به ‌توندی ڕه‌ت ده‌که‌ینه‌وه‌.

دووپاتیشی ده‌كه‌ینه‌وه‌ كه‌ یه‌كێتی له‌ ڕێگای كه‌ناڵه‌ یاسایی‌ و ره‌سمییه‌كانه‌وه هه‌وڵی ته‌واوی خۆی بۆ پاراستنی متمانه ‌‌و ده‌نگی ده‌نگده‌ران ده‌خاته‌گه‌ڕ و له‌ كاتی ڕاگه‌یاندنی ئه‌نجامی كۆتاییی هه‌ڵبژاردنه‌كانیش هه‌ڵوێستی كۆتایی خۆی ڕاده‌گه‌یه‌نێت.

كۆبوونه‌وه‌ له‌ روانگه‌ی په‌رۆشی یه‌كێتی بۆ پاراستنی یه‌كریزی ‌و ئارامی‌ و به‌رژه‌وه‌ندییه‌ باڵاكانی گه‌لی كوردستان جه‌ختی كرده‌وه‌ له‌ په‌نابردن بۆ ڕێگای گفتوگۆی به‌رپرسیارانه‌ی لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی كوردستان به ئامانجی ره‌خساندنی زه‌مینه‌یێكی ئارام بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان.

له ‌به‌شێكی‌تری كۆبوونه‌وه‌كه‌دا ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تی پیرۆزبایی له‌ د. به‌رهه‌م ئه‌حمه‌د ساڵح كرد به ‌بۆنه‌ی هه‌ڵبژاردنی له‌لایه‌ن ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراقه‌وه‌ به ‌سه‌رۆک كۆماری عیراق و پشتیوانیی سه‌ركردایه‌تیی یه‌كێتییشی بۆ سه‌ركه‌وتنی له‌ ئه‌ركه‌كانیاندا دووپات كرده‌وه‌.

هه‌روه‌ها ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تی پیرۆزبایی له‌ كچه‌ كوردی ئێزدی خاتوو نادیه‌ موراد كرد به ‌بۆنه‌ی وه‌رگرتنی خه‌ڵاتی نۆبڵ بۆ ئاشتی بۆ ساڵی 2018.

سه‌باره‌ت به‌ دۆخی عیراق و پێكهێنانی كابینه‌ی حكوومه‌ت، یه‌كێتی سووره‌ له‌سه‌ر مافه‌ ده‌ستوورییه‌كانی گه‌لی كوردستان ‌و ئاسایی كردنه‌وه‌ی دۆخی که‌رکووک و خانه‌قین ‌و ناوچه‌ كوردستانییه‌ جێناكۆكه‌كان و پێكهێنانی حكوومه‌تێک كه‌ ڕه‌نگدانه‌وه‌ی هه‌موو پێكهاته‌كانی عێراق بێت‌ و هه‌نگاوی كرده‌یی بنێت بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان.

له‌سه‌ر ئاستی عێراق‌ و كوردستانیش، ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تی پرسی شه‌راكه‌تی ڕاسته‌قینه‌ له‌ حوكمڕانی ‌و به‌رپرسیارێتی هاوبه‌ش به‌ گرنگ ده‌زانێت بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان ‌و ئارامی له ‌پرۆسه‌ی سیاسی.

له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا جۆش ‌و خرۆشی جه‌ماوه‌ری دڵسۆزی یه‌كێتی، كه‌سوكاری سه‌ربه‌رزی شه‌هیدان ‌و ئه‌نفالكراوه‌كان‌ و ئه‌ندامان ‌و دۆستان ‌و تێكۆشه‌ران ‌و پێشمه‌رگه‌ و ئاسایش‌ و هێزه‌كانی ناوخۆ‌ و كه‌مئه‌ندامانی سه‌نگه‌ر و زیندانیانی سیاسی ‌و ڕێكخراو و كۆمه‌ڵه ‌‌و ئۆرگانه‌كان ‌و ژنان ‌و گه‌نجان‌ و سه‌رجه‌م چین‌ و توێژه‌كانی كورده‌واری، له‌ هه‌ڵمه‌تی بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردن ‌و ڕۆژی ده‌نگدان به‌ به‌رزی نرخێندرا و سوپاس ‌و پێزانینی ئاراسته‌كردن كه‌ به ‌شێوه‌یێكی ئارام ‌و شارستانیانه‌ پشتیوانییان له‌ لیستی (105)ی یه‌كێتی کرد.

بۆ قۆناغی نوێی خه‌باتی سیاسی ‌و په‌رله‌مانی له‌سه‌ر ئاستی عێراق‌ و كوردستان، یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان به ‌خوێندنه‌وه و هه‌ڵسه‌نگاندنی هه‌مه‌لایه‌نانه‌ی دۆخه‌كه‌‌ و پێویستییه‌كانی قۆناغه‌كه‌ خۆی ساز ده‌دات ‌و درێغی ناكات له‌ سه‌لماندنی مافه‌كانی گه‌لی كوردستان ‌و پاراستنی یه‌کڕیزیی نیشتمانی ‌و باشتر كردنی گوزه‌رانی هاووڵاتییان‌ و به‌دیهێنانی ئامانج ‌و بنه‌ما له‌ مێژینه‌یییه‌كانی یه‌كێتی.

ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تی

یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان

6-10-2018

سه‌رچاوه‌: ڕادیۆ نه‌وا

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 38582

Your Comment

You are replying to: .
captcha