بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ئەمڕۆ شەممە 6ی تەشرینی یەکەم ئەنجومەنی سەرکرادیەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە سەرۆکایەتیی کوسرەت ڕەسووڵ عەلی جێگری دووهەمی بەڕێوەبەری گشتیی ئەو حیزبە کۆبوونەوەیێکیان بەمەبەستی تاوتوێ کردنی گۆڕانکارییەکانی ئەم دواییەی عێراق و هەرێمی کوردستان ئەنجام دا.
لە کۆبوونەوەکەدا ئەنجومەنی سەركردایەتی جەختی كردەوە لە پێویستیی تەوا وكردنی رێكارە یاسایی و هونەرییەكانی پەیوەست بە هەڵبژاردن لە لایەن كۆمیسیۆنەوە بەشێوەیێكی بێلایەنانە و لەسەر بنەما یاسایی و دیموكراسیەكان و هەموو جۆرە ساختەكارییێک بە كارێكی نایاسایی و دژ بە بنەماكانی دیموكراسی و مافی مرۆڤ دەزانین، لە هەمان كاتدا هەموو جۆرە چەواشەكارییێک بۆ شێواندنی راستیەكان و هەموو پەلاماردانێک بۆ سەر یەكێتی بەتوندی رەت دەكەینەوە.
لە ڕاگەیێندراوی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی یەکێتیدا هاتووە لە روانگەی پەرۆشیی یەكێتی بۆ پاراستنی یەكریزی و ئارامی و بەرژەوەندییە باڵاكانی گەلی كوردستان، جەختی كردەوە، لە پەنابردن بۆ ڕێگای گفتوگۆی بەرپرسیارانەی لایەنە سیاسیەكانی كوردستان بەئامانجی رەخساندنی زەمینەیێكی ئارام بۆ چارەسەركردنی كێشەكان.
لەبەشێكی تری كۆبونەوەكەدا، ئەنجومەنی سەركردایەتی پیرۆزبایی لە بەرهەم ئەحمەد ساڵح كرد، بەبۆنەی هەڵبژاردنی لەلایەن ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقەوە بە سەرۆک كۆماری عێراق و پشتیوانی سەركردایەتی یەكێتی-یشی بۆ سەركەوتنی لە ئەركەكانیاندا دووپات كردەوە.
سەبارەت بە دۆخی عێراق، پێكهێنانی كابینەی حكوومەت، یەكێتی سوورە لەسەر مافە دەستورییەكانی گەلی كوردستان و ئاسایی كردنەوەی دۆخی كەركووک و خانەقین و ناوچە كوردستانیە جێناكۆكەكان و پێكهێنانی حكومەتێک، كە رەنگدانەوەی هەموو پێكهاتەكانی عێراق بێت و هەنگاوی كردەیی بنێت بۆ چارەسەركردنی كێشەكان.
لەسەر ئاستیی عیراق و كوردستانیش، ئەنجومەنی سەركردایەتی، پرسی شەراكەتی راستەقینە لە حوكمڕانی و بەرپرسیارێتی هاوبەش بەگرنگ دەزانێت، بۆ چارەسەركردنی كێشەكانو ئارامی لەپرۆسەی سیاسی.
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment