هەڵبژێردرانی بەرهەم ساڵح شکستێک بوو کە پارتی چاوەڕوانی نەدەکرد/ سەڵاحەدین خەدیو

بەشی عێراق وهەرێمی کوردستان- نووسەری ئەم یادداشتە تیشک دەخاتە سەر ئەو شکستەی پارتی لە برانبەر یەکێتی لەسەر پۆستی سەرۆککۆمار هێنای و دەڵێت: پێ دەچێت سەرەکیترین هۆکار بۆ شکستهێنانی پارتی لە بەرانبەر یەکێتی لەسەر پۆستی سەرککۆماری عێراق ئەوە بوو بەرهەم ساڵح لە چاو فواد حسێن لە ناوچەکە و جیهانیش کەسایەتی و دەموچاوێکی ناسراوتر بوو و دەسەڵاتە بیانییەکان کۆدەنگ بوون لەسەر ناوبراو بۆ ئەو پۆستە سیادییەی عێراق.

کوردپرێس:

ڕەنگە بە خەیاڵی کەسدا نەدەهات کە پارتی و یەکێتی ڕاست یەک ساڵ پاش ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی، لە سەر پۆستی سەرۆککۆماری ئەو عێراقەی بڕیار لێی جیا ببنەوە تووشی ئەو گرفتە قووڵە ببن کە لە ماوەی 15 ساڵی ڕابردوودا نموونەی نەبینراوە.

پارتی لە بەر لێکەوتەکانی ڕیفراندۆم ورەی دابەزیبوو و پێوەندیی دەرەکیی پارتی لگەڵ لایەنی نێوخۆیی و دەرەکی لە ناوچەکە و جیهان خەسری لێکەوتبوو پاش ئەوەی لەهەردوو هەڵبژاردنی پەڕلەمانی کوردستان و پەڕلەمانی عێراق ئەنجامی باشی مسۆگەر کرد و ئەوەش گیانی تازەی بەخشی بە پارتی و متمانە و وەری ئەو حیزبەی بەرز کردەوە. هەر بەو بۆنەیەشەوە وەکوو حیزبی دەسەڵاتداری هەرێمی کوردستان چاوەڕوانی ئەوەی نەدەکرد لە مەوزووعیپۆستی سەرکۆماری عێراقدا ئەو شکستە گەورەیە بەرانبەر بە یەکێتی بهێنێت. سەرەڕای ئەو کاکە و مامە سیاسییەی نێوان یەکێتی و پارتی، سەرەکیترین هۆکار لە شکستهێنانی پارتی بەرانبەر بە یەکێتی لەسەر پۆستی سەرککۆماری عێراق ئەوە بوو بەرهەم ساڵح لە چاو فواد حسێن لە ناوچەکە و جیهانیش کەسایەتی و دەموچاوێکی ناسراوتر بوو و دەسەڵاتە بیانییەکان کۆدەنگ بوون لەسەر ناوبراو بۆ ئەو پۆستە سیادییەی عێراق.

پاژنەی ئاشیلی ارتی لە هەڵبژاردنی سەرکۆماری عێراقدا بەرانبەر بە یەکێتی لەوەدا بوو کە پارتی بە کەسایەتییە یەکەمەکانیەوە نەهاتە ڕکابەری کردن. پێ دەچێت هۆکاری سەرەکی ئەوە بووبێت کەسێکی وەکوو مەسعوود بارزانی ئەگەری سەرکەوتنی زۆر زۆر بوو بەڵام کاندیدکرانی لە باری سیاسی و مەعنەوی و دەرونییەوە کێشەی لە سەر دەبوو. لیدر و سەرۆکی ئەو ڕەوتەی کە ئیدعای سەربەخۆبوونی کوردستانی دەکرد پاش ماوەیێکی کورت دەبوو سوێندی وەفاداریی لە سەر ئەو وڵاتە بخواردایە کە تا دوێنێ بانکەوازی جیابوونەوەی بۆ دەکرد.

بژاردەیێکی دیکەی پارتی کە ئەگەری سەرکەوتنی زۆر بوو نێچیرڤان بارزانی بوو. نێچیرڤان لەو مەوزووعانەدا لە چاو مامی خۆی کۆسپی کەمتری لە بەردەمدا بوو بەڵام پێ دەچێت ناشارەزایی نێچیرڤان لە زمانی عەەرەبیدا ڕێگر بوو لە کاندیدکرانی ناوبراو.

هۆشیار زێبارییش کە لە بەغدا لە سەر گەندەڵی دۆسیەی بۆ تۆمار کراوە و لە ڕیفراندۆمەکەی کوردستانیشدا دەوری کاریگەری گێڕا و دیار بوو کە دەرەقەتی بەرهەم ساڵح نەدەهات.

پارتی هەموو ئەم کێشانەی دەزانی و بەو بۆنەیەشەوە فواد حسێنی کاندید کرد. یەک لەو ئەندامانەی پارتی کە شیعە مەزەبە و پێ دەچێت پارتی هیوای بەو بوو کە بە بۆنەی مەزەبەکەیەوە دەنگی لایەنە شیعەکانی پەرلەمانی عێراق کۆ بکاتەوە.

هەڵبەت فواد حسێن کادیرێکی تەواو پارتی نییە و ئەوەی دەیڵێن ئەوەیە کە ناوبراو پارتییێکی ڕەسەن نییە و کادیرێکی قەرزیی ئەو حیزبەیە. پارتی بە گشتی زۆر زیاتر لە ڕکابەرە نەریتییەکەی خۆی لە میدیا و بانگەشە و پێوەندییەکانی و وەزارەتخانەکانیدا کادیری قەرزی لە خۆیدا دەبینێتەوە.

فواد حسێن لەو خوێندەوارانەیە کە پاش ڕووخانی سەدام گەڕایەوە کوردستان و چچوە ناو پێکهاتەی حکوومەتی هەرێمەوە.

ناوبراو سەرەتا بڕیار بوو ببێتە سکرتێری نووسینگەی جەلال تاڵەبانی و بۆ یاوەری‌کردنی مام جەلال بچێتە بەغدا بەڵام لە ئەنجامدا هەمان پۆستی لە سەڵاحەدین و لای مەسعوود بارزانی پێ بەخشرا.

لەهەمان کاتدا هەمان بەسەرهاتیش بەسەر ئاشتی هەورامیدا هات. وەزیری لەنەدەن‌نشینی سامانە سروشتییەکان سەرەتا بڕیار بوو بە ناوی یەکێتییەوە پۆستی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان وەربگرێت بەڵام پاشان ئەو پۆستە درا بە پارتی و پارتی هەمان ئاشتی هەورامیی کردە وەزیر کە لە هەشتاکاندا کارمەندێکی باڵای وەزارەتی نەوتی عێراق عێراق و لە نەوەدەکانیشدا لە پیشەی نەوتی گینەدا چالاکیی دەنواند.

هەڵبەت ئاسایییە فواد حسێن لە پێشینەیدا خەباتی دژ بە سەدام و ئەندامێتیی حیزبی کۆمۆنیستی عێراقی لە کارنامەدا بوو و زۆر لە ئاشتی هەورامی کاندیدێکی باشتر بوو بەڵام بەقەدەر بەرهەم ساڵح کەسایەتییێکی میدیایی و سیاسیی ناسراو نەبوو.

لە ڕاستیدا پارتی ڕاست وەکوو مەسەلەی ڕیفراندۆمەکە دەوری نوێنەری ئەمریکا، مەکگۆرکی بە جید وەرنەگرت.

ئەو پیاوە لە بەر ناحەزی لە میدیاکانی تورکیا پێی دەوترێت لۆرنسی کوردستان و دەوری تایبەتی بینی لەگەڕاندنەوەیبەرهەم ساڵح و کاندیدکرانی بۆ پۆستی سەرۆککۆمار.

بە سودفە بێت یان هەرچی، ئەو مەزووعە بە دڵی ئێرانیش بوو و گڵۆپی سەوزی بۆ هەڵکرد. پارتی کە ئەمانەی بینی هەوڵی دا لە ڕێگای ژمارەی کورسییەکانیەوە یەکێتی پەلکێش بکات بۆ کاکە و مامە کردن و لە بەرانبەر چەند ئیمتیازێکدا کلیلی کۆشکی سەلام وەربگرێت بەڵام یەکێتی لەم خولەدا ستراتێژییەتی جیاکردنەوەی مەوزووعی کوردستان و بەغدای گرتە بەر. هۆکارەکەشی ئەوە بوو لە هەڵبژاردنی ئەم جارەی پەڕلەمانی کوردستاندا دۆڕاندوویەتی و دەیەوێت بەو شێوازەی لەبەغدا قەرەبووی شکستەکەی بکاتەوە بۆ ئەوەی باڵانسی دەسەڵات ڕاگرێت.

بەڵام بەگشتی، پاشهاتی ئەو مەسەلەیە ئاشکرایە: پەرەسەندنی ناکۆکی و کەلێنی زیاتر و قووڵ بوونەوەی گرفتی نێوان ئەو دوو حیزبە و هاندانی هەرێمی کوردستان بەرەو دووئیدارەیی.

ئەزموونەکانی پێشووتر دەیسەلمێنێت کە لەم جۆرە کاتانەدا تەنها دەستێکی بیانی و دەرەکی دەتوانێت ڕێگری بکات لە لێکترازان و ناکۆکیی زیاتری نێوان ئەو دوو حیزبە.

کۆدی هەواڵنێر: 60101

News Code 38537

Your Comment

You are replying to: .
captcha