بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ئەمڕۆ هەینی ٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٨، پەیمانگەی نەرویجی خەڵاتەکانی نۆبڵ لە ئۆسلۆی پایتەختی نەرویج لە مەراسیمێکدا نادیە موراد و دێنیس موکوێگی وەک براوەی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی ئەمساڵ ئاشکرا کرد.
پەیمانگاکە ئاماژەی بەوەکردووە، پێدانی خەڵاتەکە بە نادیە موراد و دێنیس موکوێگی بەهۆی هەوڵەکانیانەوە بووە بۆ کۆتایی هێنان بە بەکارهێنانی توندوتیژی سێکسی وەک چەک و پێکدادانی چەکداری.
بەهای خەڵاتەکە یەک ملیۆن دۆلارە و رۆژی ١٠ی مانگی کانونی یەکەمی ئەمساڵ لە ئاهەنگێکدا لە ئۆسلۆ دەدرێت بە نادیە موراد و دێنیس موکوێگی.
نادیە موراد تەمەنی ٢٥ ساڵە و چالاکێکی کوردی ئێزدییە بۆ مافەکانی مرۆڤ. لە مانگی تشرینی یەکەمی ٢٠١٦دا، بوو بە یەکەم باڵیۆزی ئاشتی نەتەوە یەکگرتووەکان.
نادیە موراد لە ساڵی ٢٠١٤ لەلایەن چەکدارانی داعشەوە لە عێراق فڕێندرا، دوای ئازادبوونی لە ٥ی کانونی دووەمی ساڵی ٢٠١٦دا لەلایەن حکوومەتی عێراقەوە کرایە کاندید بۆ بەدەست هێنانی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی.
دێنیس موکوێگی تەمەنی ٦٣ ساڵە و پزیشکی ژنانی لە کۆنگۆ. لە نەخۆشخانەی پانزی لە بوکاڤو کار دەکات و پسپۆڕی چارەسەرکردنی ئەو ژنانەیە کە لەلایەن گرووپە چەکدارەکانی ئەو وڵاتەوە بە کۆمەڵ دەستدرێژی سێکیان کراوەتە سەر.
ساڵانە لەلایەن لیژنەیێکى تایبەتمەندەوە ژمارەیێک کەسایەتى بۆ وەرگرتنى خەڵاتى نۆبڵى ئاشتى دیاری دەکرێن، دواتر لیژنەکە کەسێک یان دوو کەس بۆ بردنەوەى خەڵاتەکە دیاری دەکات، ئەمساڵ ٣٣١ کەس و ڕێکخراو کاندید کرابوون بۆ وەرگرتنى خەڵاتەکە.
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment