نێچیرڤان بارزانی: یه‌کێتی له‌سه‌ر ئه‌ساسی ژماره‌ی کورسی ته‌عامولی کرد بۆیه‌ ئێمه‌ش به‌ پێوه‌ندییه‌کانماندا ده‌چینه‌وه‌

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆک وه‌زیرانی هه‌رێمی کوردستان له‌ پرێس کۆنفڕانسێکدا کۆمه‌ڵێک ته‌وه‌ری گرینگی خسته‌ به‌ر باس که‌ هه‌ندێکیان بریتی بوون له‌ مه‌سه‌له‌ی هه‌ڵبژاردنی سه‌رکۆماری نوێی عێراق و قه‌یرانی مووچه‌ و دۆخی ئه‌منیی که‌رکووک و پێکهێنانی حکوومه‌تی نوێی عێراق و هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی کوردستان.

کوردپرێس: ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 4ی تشرینی یه‌که‌م نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆک وه‌زیرانی هه‌رێمی کوردستان له‌ پرێس کۆنفڕانسێکدا له‌باره‌ی پڕۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن و ئه‌نجامی ئه‌و هه‌ڵبژاردنه‌ هیوای خواست زوو به‌ زوو کۆمیسیۆن ئه‌نجامه‌که‌ ڕابگه‌یێنێت و هه‌موو لایه‌نه‌کان ئه‌و ئه‌نجامه‌ قبووڵ بکه‌ن.

سه‌رۆک وه‌زیرانی هه‌رێمی کوردستان له‌و کۆنفڕانسه‌ ڕۆژنامه‌وانییه‌دا سه‌باره‌ت به‌ سه‌ردانه‌که‌ی ئه‌مدواییه‌ی خۆی بۆ به‌غدا ڕای‌گه‌یاند: ئێمه‌ مه‌به‌ستمان یه‌کلاکردنه‌وه‌ی پۆستی سه‌رکۆمار نه‌بوو به‌ڵکوو هه‌وڵمان دا هه‌موو لایه‌نه‌کان پێکه‌وه‌ ته‌با بکه‌ین.

ناوبراو دووپاتی کرده‌وه‌: ئێمه‌ له‌گه‌ڵ یه‌کێتی ڕێککه‌وتبووین که‌ له‌سه‌ر بنه‌مای ئه‌و ئالیه‌ته‌ سه‌رۆک کۆمار هه‌ڵنه‌بژێردرێت و له‌ شاشه‌ی ته‌له‌فزیۆن بینیمان که‌ پڕۆسه‌ی ده‌نگدان بۆ هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆک کۆمار ده‌ستی پێکرد بۆیه‌ ده‌ستبه‌جێ به‌یانمان ده‌رکرد و هه‌ڵوێستی خۆمانمان ڕاگه‌یاند له‌باره‌ی قبووڵ نه‌کردنی ئه‌و ئالیه‌ته‌ی له‌ ده‌ره‌وه‌ی نێو ماڵی کورد ده‌نگ له‌سه‌ر کاندیدی کورد بۆ سه‌رۆک کۆمار بدرێت.

بارزانی جه‌ختیشی کرده‌وه‌: پۆستی سه‌رۆک کۆمار تایبه‌تی لایه‌ن یان حزبێک نییه‌ به‌ڵکوو ئیستیحقاقی هه‌موو کورده‌ و له‌ سه‌ردانه‌که‌ی ئه‌مدواییه‌ی به‌غداشدا پارتی هه‌وڵی دا ئه‌و میکانیزمه‌ ڕوون بکاته‌وه‌.

سه‌رۆک وه‌زیرانی هه‌رێمی کوردستان گوتیشی: پارتی هه‌وڵی پۆست نادات به‌ڵکوو هه‌وڵ بۆ ئه‌وه‌ ده‌دات لایه‌نی ده‌ره‌کی و غه‌یر کورد ده‌نگ له‌سه‌ر ئیستیحقاقی کورد نه‌دات به‌ڵکوو هێزه‌ سیاسییه‌کان و کوتله‌ سیاسییه‌کانی کوردستان خۆیان ده‌نگ له‌سه‌ر ئیستیحقاقه‌که‌یان بده‌ن.

بارزانی ڕه‌خنه‌ی له‌ پڕۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆک کۆمار گرت و گوتیشی: یه‌کێتی به‌م کاندید کردنه‌ هه‌ڵه‌یێکی گه‌وره‌ی کرد و ئێمه‌ ئه‌سڵی پڕۆسه‌ و شێوازی هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆک کۆمارمان پێ قبووڵ نه‌کرا و ده‌بوو هه‌روا که‌ شیعه‌کان خۆیان یه‌کلا کرده‌وه‌ ئێمه‌ش یه‌ک کاندیدمان بناردایه‌ته‌ به‌غدا.

ناوبراو ڕه‌تیشی کرده‌وه‌ باسی دوو ئیداره‌یی له‌ هه‌رێم کرابێت و جه‌ختی کرده‌وه‌: ئێمه‌ قه‌باره‌یێکی یه‌کگرتوومان هه‌یه‌ به‌ ناوی هه‌رێمی کوردستان و پێشتریش حکوومه‌تی فیفتی فیفتیمان له‌گه‌ڵ یه‌کێتی پێکهێناوه‌ ئه‌گه‌رچی ژماره‌ی کورسیی یه‌کێتیش که‌متر بووبێت به‌ڵام واده‌رده‌که‌وێت ئێستا یه‌کێتی له‌سه‌ر ئه‌ساسێکی نوێ ته‌عامول ده‌کات و یه‌کێتیش به‌ پێوه‌ندییه‌کانیدا ده‌چێته‌وه‌.

سه‌رۆک وه‌زیرانی هه‌رێمی کوردستان سه‌باره‌ت به‌ ته‌وه‌ری گفتوگۆکانیان له‌گه‌ڵ یه‌کێتی پێش هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆک کۆمار ڕاشی‌گه‌یاند: ئێمه‌ به‌ یه‌کێتیمان ڕاگه‌یاند کامه‌ پۆستتان له‌ به‌غدا ده‌وێت هه‌ڵیبژێرن به‌ڵام له‌ به‌رانبه‌ردا ئه‌و پۆسته‌ی 12 ساڵه‌ به‌ یه‌کێتییه‌ بۆ ئه‌م چوار ساڵه‌ش بۆ پارتی بێت ته‌نانه‌ت ئێمه‌ ئاماده‌ بووین مروونه‌تی زیاتریش به‌ یه‌کێتی بده‌ین له‌به‌ر ئه‌وه‌ی یه‌کڕیزیی کورد لای ئێمه‌ له‌ هه‌موو شتێک گرینگتره‌. دیاره‌ یه‌کێتی هێزێکی گه‌وره‌یه‌ و ئێمه‌ش ئه‌و حیساباته‌ی بۆ ده‌که‌ین.

ناوبراو سه‌باره‌ت به‌ به‌شداریی لایه‌نه‌کانی کوردستان له‌ حکوومه‌تی داهاتووی هه‌رێم ڕای‌گه‌یاند: ئێمه‌ چاوه‌ڕوان ده‌که‌ین ئه‌نجامه‌کان ڕابگه‌یێندرێت ئه‌وکات بڕیار له‌سه‌ر شێوازی به‌شداری کردنی هه‌موو لایه‌نه‌کانی کوردستان له‌ حکوومه‌تی داهاتوو ده‌ده‌ین.

نێچیرڤان بارزانی سه‌باره‌ت به‌ عادل عه‌بدولمه‌هدی که‌ وه‌کوو سه‌رۆک وه‌زیرانی نوێی عێراق هه‌ڵبژێردراوه‌ ڕای‌گه‌یاند: به‌ هه‌موو پێوه‌ره‌کانه‌وه‌ بڕوامان وایه‌ دوکتۆر عادل عه‌بدولمه‌هدی که‌سایه‌تییێکی شایسته‌یه‌ بۆ ئه‌و پۆسته‌ و پێی ڕاده‌گه‌یێنین هه‌موو پشتگیری و ده‌عمێکی ئێمه‌ بۆ ئه‌و هه‌یه‌ و به‌ بڕوای ئێمه‌ سه‌رکه‌وتوو ده‌بێت.

ناوبراو سه‌باره‌ت به‌ ژماره‌ی کورسییه‌کانی و حکوومه‌تی هاوبه‌ش گوتیشی: پێشتر ئێمه‌ بڕوامان وابوووه‌ یه‌کێتی هاوبه‌شی ئێمه‌یه‌ و ژماره‌ی کورسی و ده‌نگه‌مان تێی نه‌هێناوه‌ به‌ڵام ئێستا یه‌کێتی له‌سه‌ر ئه‌ساسی کورسییه‌کان ته‌عامول ده‌کات و ڕێبازه‌که‌ی جیا کردۆته‌وه‌ بۆیه‌ دووپاتی ده‌که‌مه‌وه‌ ئێمه‌ش به‌پێی بڕیاری یه‌کێتی به‌ ته‌عامولی خۆماندا ده‌چینه‌وه‌.

بارزانی سه‌باره‌ت به‌ مووچه‌ و مه‌عاشی هاووڵاتییان ڕای‌گه‌یاند: ئه‌وکاته‌ی قه‌یرانی مووچه‌مان هه‌بوو تێپه‌ڕی و ئێستا دۆخه‌که‌ باشتر بوووه‌. ئێمه‌ له‌ توونێلێکی تاریک بووین و ئێستا ڕووناکیمان لێ دیاره‌ و به‌ زووترین کات مووچه‌یش و ژیانی خه‌ڵکیش به‌ره‌و دۆخێکی باشتر ده‌به‌ین.

نێچیرڤان بارزانی ڕای‌گه‌یاند: سه‌رکه‌وتن له‌ ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردن سه‌رکه‌وتنی هه‌موو جه‌ماوه‌ری کوردستانه‌ و ئه‌وه‌ی گرینگه‌ ئه‌وه‌یه‌ هه‌موو ده‌زگا ئه‌منییه‌کان و هاووڵاتییانی هه‌رێمی کوردستان باری سه‌قامگیری بپارێزن و خۆ ببوێرن له‌ تێکدانی ئاسایش و سه‌قامگیری.

ناوبراو ڕه‌خنه‌ی له‌ ته‌قه‌کردنی خۆشی گرت و گوتی: ئه‌وه‌ نه‌ریتێکی ناشیرینه‌ و هیوادارم کۆتایی پێبهێنرێت.

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 38518

Your Comment

You are replying to: .
captcha