زۆرینەی لایەنە شیعەکان لەسەر سەرۆک کۆماریی بەرهەم ساڵح ڕێککەوتوون بەڵام نایشیانەوێت هاوپەیمانێتیی پارتی دیموکرات لەدەست بدەن

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- ئەحمەد حاجی ڕەشید نوێنەری کوردی پەرلەمانی عێراق لە دیمانەیێکدا لەگەڵ کوردپرێس ڕوونی دەکاتەوە کە پۆستی سەرۆک کۆمار لە عێراق پشکی کوردە و دەبێت لە لایەن پەرلەمانی عێراقەوە و نەک لە لایەن فراکسیۆنە کوردستانییەکانەوە دیاری بکرێت.

کوردپرێس: پرسی سیستەمی پشکبەندیی لە پێکهێنانی دەوڵەتی نوێدا زیاتر لە هەر مەسەلەیێکی دیکە دووبەرەکی و ناکۆکی لەناو حیزبە کوردستانییەکاندا بەرجستە کردۆتەوە. بە چەشنێک کە تا ئێستا 8 کاندیدی کورد بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆک کۆمار ناوی خۆیان تۆمار کردووە. جگە لە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کە بەرهەم ساڵح-ی بۆ ئەو پۆستە کاندید کردووە بۆ یەکەمجار پارتی دیموکراتی کوردستان بەربژێری خۆی بۆ ئەو پۆستە پێشکەش کردووە کە ئەویش فواد حسێن-ە لە کەسانی نزیک بە مەسعوود بارزانی.

لە ماوەی سێ خولی پێشوودا سەرۆک کۆماریی عێراق بەپێی ڕێککەوتنی نێوان یەکێتی و پارتی بەشی یەکێتی بووە. بەڵام پاش گۆڕانکاری لە هاوسەنگییەکاندا پارتی دیموکرات ئەو پۆستە بە ئیستیحقاقی خۆی دەزانێت و ڕایگەیاندووە کە لەسەر ئەو پۆستە ڕێککەوتن ناکات. هەروەها دیکەی حیزبە کوردستانییەکان-یش لەناویاندا کۆمەڵی ئیسلامیی کوردستان بەربژێری خۆی واتا سەلیم شووشکەیی بۆ ئەو پۆستە پێشکەش کردووە.

ئەحمەد حاجی ڕەشید نوێنەری کوردی پەرلەمانی عێراق سەربە فراکسۆنی کۆمەڵی ئیسلامی لە گفتوگۆ لەگەڵ کوردپرێسدا ئەو پرسەی تاوتوێ کردووە و دەقی دیمانەکە بە شێوازی خوارۆیە:

کوردپرێس: دوایین ڕووداو لەبارەی پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق دیداری نێوان مەسعوود بارزانی و بەرهەم ساڵح بوو، پێتان وایە چارەنووسی ئەو پۆستە لە ململانێی نێوان دوو لایەنی سەرەکیی هەرێم بە کوێ دەگات؟

ئەحمەد حاجی ڕەشید: ئەوەی لای ئێمە ئاشکرا بێت ئەو بابەتە تەنها بابەتی پارتی و یەکێتی نییە، بابەتی تەوای خەڵکی عێراقە بۆیە ئەو بابەتە لە ناو پەرلەماندا دەبێت خەتم بکرێت، ئەگەر دوو هێزە سیاسی دەیانەوێت بە ئیتیفاق ئەو بابەتە تەواو کەن ئێمە وەک کۆمەڵی ئیسلامی هیچ چەشنە بەشدارییێکمان نابێت لە ئیتیفاقی نێوان ئەو دوو لایەنەدا.

کوردپرێس: مەسعوود بارزانی لە بەیاننامەی دوایین دیداری لەگەڵ بەرهەم ساڵح، ڕایگەیاند دەبێت لایەنی کوردی ئەو مەسەلە یەکلایی بکاتەوە، بۆچی ئێوە قایل بەوە نین کە هەموو لایەنە کوردییەکان وەکوو ساڵی 2014 بە دەنگدان مەسەلەکە یەکلایی بکەنەوە؟

ئەحمەد حاجی ڕەشید: ئێمە ناچینە ژێر باری هیچ ئیتیفاقێک چوونکە هیچ ئیتیفاقێکمان نە لەگەڵ یەکێتی هەیە نە لەگەڵ پارتی، مەسعوود بارزانی بەرپرسی پارتی دیموکراتی کوردستانە و هیچ ویقاعەیێکی لەسەر کۆمەڵی ئیسلامی نییە و ئێمە بە حوکمی ئەوەی کە هێزێکی سیاسیی سەربەخۆین بڕیاری خۆمان بە دەست خۆمانە و ناچینە ژێر باری هیچ ئیتیفاقێک کە ئەو دوو لایەنە سیاسییە ئەیکەن. ئێمە بەربژێری خۆمانمان هەیە، ئەگەر ئەو دوو لایەنە سیاسییە بە ئیتیفاقەوە بێنە ناو پەرلەمان، ئێمەش بەربژێری خۆمانمان هەیە و بەربژێرەکەمان سەلیم حەمزە شوشکەیی-ە.

کوردپرێس: وەکوو کۆمەڵی ئیسلامی لەگەڵ دیکەی لایەنە عێراقییەکان لەسەر بەربژێرەکەی خۆتان قسەتان کردووە؟

ئەحمەد حاجی ڕەشید: ئێمە هیج جۆرە دانووستانێکمان لەگەڵ هیچ هێزێکی سیاسی عێراق نەکردووە، چ لەبارەی ئەوەی کە من بەربژێر بووم بۆ جێگرەوەی دووهەمی سەرۆکی پەرلەمان چ لەبارەی بەربژێر بوونی سەلیم شووشکەیی بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار.

کوردپرێس: دیکەی لایەنەکان وەکوو لایەنی سوننە بەربژێری خۆیان بۆ پۆستی سەرۆکی پەرلەمان لە ناو خۆیاندا یەکلایی کردەوە و دواتر بە پەرلەمان ناساندیان، ئایا ئەوەی کە لایەنە عێراقییەکان پۆستی سەرۆک کۆمار یەکلایی بکەنەوە زەبر لە پێگەی کورد لە عێراق نادات؟

ئەحمەد حاجی ڕەشید: نە، من بڕوام بەوە نییە، ئەمە بابەتێکە کە دواجار بەربژێرێک دەرئەچێت و دەبێتە سەرۆک کۆماری عێراق و ئەو بەربژێرە تا ئەو شوێنە نوێنەری کوردە کە پۆستەکەی وەرنەگرتووە، کە پۆستەکەی وەرگرت ئیتر دەبێتە سەرۆک کۆماری گشت عێراق.

کوردپرێس: لایەنی شیعە لە دوایین کۆبوونەوەیاندا داوایان لە کورد کرد لەسەر بەربژێری خۆیان ڕێک بکەون، ئایا ئەمە پەیامێکی هۆشداری نییە کە ئەوان خۆیان بەربژێرەکە یەکلایی بکەنەوە بۆ کورد ئەگەر کورد خۆی ڕێک نەکەوێت؟

ئەحمەد حاجی ڕەشید: نە، ئەو زیاتر قسەیێکی ئیعلامییە چوونکە ئەوان لە مەسەلەی بەرهەم ساڵح-دا بوونەوتە دوو دەستەوە، ئەوەی من ئاگادار بم زۆرینەیان لەگەڵ بەرهەم ساڵح-ن. بەڵام نایانەوێت پارتی دیموکراتیش لەدەست بدەن.

کوردپرێس: پێش بینیی ئێوە لەباەری وەرگرتنی پۆستی سەرۆک کۆماری لە لایەن کوردەوە چییە؟ بەری کام لایەن دەکەوێت پارتی یان یەکێتی یان لایەنێکی دیکە؟

ئەحمەد حاجی ڕەشید: من نامەوێت ئەو پێش بینییە بکەم ئەو دەکەوێتە سەر پەرلەمان کە ئەو بابەتە یەکلایی بکاتەوە. بەڵام ئەوەی من بیبینم چانسی بەرهەم ساڵح واتا کاندیدەکەی یەکێتی زیاترە.

کوردپرێس: ئایا لایەنی دەرەکی پشتیوانیی بەرهەم ساڵح دەکات بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆک کۆمار؟

ئەحمەد حاجی ڕەشید: لە مەسەلەی جێگری سەرۆکی پەرلەمان کە من بووم هەموو تەدەخولێکی دەرەکیمان ڕەت کردەوە و ئێمە بە هیچ شێوەیێک خۆشحاڵ نین کە نە باسی ئەو بابەتە بکەین نە ڕێگە بدەین کە ئەو بابەتە بێتە ناو پڕۆسەی سیاسییەوە.

کوردپرێس: ئامانجی پارتی لە پێداگری کردن بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆک کۆمار چییە؟

ئەحمەد حاجی ڕەشید: ئیمتیازێکە کە پارتی دەیهەوێت بە حوکمی زۆرینەی کورسییەکانی تەواوی ئەو پۆستە سیادیانە لەدەست ئەودا بن.

دیمانە: حەسەن ساڵحی

داگرتن و داڕشتنەوە: بەشی کوردیی هەواڵدەریی نێوەنەتەوەیی کوردپرێس

News Code 38440

Your Comment

You are replying to: .
captcha