پارتی به‌ توندی ڕه‌خنه‌ له‌ لێدوانی وته‌بێژی یه‌کێتی له‌باره‌ی ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌کان ده‌گرێت

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- وته‌بێژی پارتی دیموكراتی كوردستان لێدوانی وته‌بێژی یه‌کێتیی نیشتیمانی له‌باره‌ی ساخته‌کاری له‌ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مان و ڕه‌ت‌کردنه‌وه‌ی ئه‌نجامه‌کان به‌ لێدوانێکی "هیستریایی و ناوه‌خت و نامه‌سئولانه‌" وه‌سف ده‌کات که‌ مه‌به‌ست له‌و لێدوانانه‌ دروست‌کردنی پشێوی و بێ‌بنه‌ما کردنی پڕۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن له‌ هه‌ولێر و دهۆکه‌.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، مه‌حموود محه‌مه‌د وته‌بێژی پارتی ڕاگه‌یه‌ندراوێكی بڵاو كرده‌وه ‌و ڕای‌گه‌یاندوووه‌ که‌ "خۆشبه‌ختانه‌ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان به‌ هیممه‌تی دڵسۆزان له‌ كه‌شێكی ئارام و ئازاد و ئاشتییانه‌دا به‌ڕێوه‌ چوو و سه‌رباری كه‌م و كورتی و تێبینی كه‌ له‌ هه‌ر پرۆسه‌یێكی له‌و جۆره‌دا ڕوو ده‌ده‌ن، گه‌لی كوردستان ئه‌م ته‌جره‌به‌یه‌شی سه‌ركه‌وتووانه‌ تێپه‌ڕاند".

ناوبراو ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كردوووه‌ که‌ "له‌ سۆنگه‌ی پابه‌ندیی ته‌واومان به‌ ڕێنمایییه‌كانی كۆمیسیۆن ڕای‌ده‌گه‌یێنین كه‌ سكاڵاكانمان له‌سه‌ر كۆی ئه‌و خروقات و سه‌رپێچیانه‌ی له‌ هه‌ندێ شوێن ڕوویان دا به‌ ڕێگه‌ی ئوسوڵی خۆیدا تۆمار كردوووه‌ و به‌ دوایدا ده‌چین و له‌وه‌شدا نه‌ پێش ڕووداوه‌کان ده‌كه‌وین و نه‌ تۆمه‌تی پێش وه‌خته‌ش ده‌به‌شینه‌وه‌".

وته‌بێژی پارتی ڕاشیگه‌یاندوووه‌: "ئه‌وه‌ی جێی سه‌رسوڕمان و هه‌ڵوه‌سته‌ی ئێمه‌یه‌، لێدوانی هیستریایی و ناوه‌خت و نامه‌سئولانه‌ی وته‌بێژی یه‌كێتیی نیشتمانی بوو كه‌ زۆر شپرزانه‌ و به‌ر له‌وه‌ی هیچ ئه‌نجامێكی سه‌ره‌تاییش به‌ده‌ركه‌وتبێ كه‌وته‌ هه‌ڵوێست وه‌رگرتن و سه‌نگه‌رگرتن له‌ كۆی پرۆسه‌كه‌ و تۆمه‌تباركردنی بێ بنه‌ما و شه‌ڕفرۆشتن به‌ پرۆسه‌كه‌ له‌ هه‌ر دوو پارێزگای هه‌ولێر و دهۆک".

مه‌حموود محه‌مه‌د ده‌ڵێت: "ئێمه‌ له‌ پارتی، سه‌رله‌به‌ری ئه‌و تۆمه‌تانه‌ و شێوازی ڕقاوی و هه‌ڵه‌شانه‌ی وته‌بێژه‌كه‌ی یه‌كێتی كه‌ له‌ نێوخۆی حزبه‌كه‌ی خۆشیدا زۆر بڕی نه‌كرد و بۆی راست كرایه‌وه‌ ڕه‌ت ده‌كه‌ینه‌وه‌، هیوادارین ئه‌و شڵه‌ژان و تووڕه‌یییه‌ كاردانه‌وه‌ نه‌بێت به‌رامبه‌ر رێكاره‌ توند و رێنمایییه‌ ورده‌كانی كۆمیسیۆن كه‌ مه‌جالی ته‌زویر و ساخته‌كاریی فراوان و مونه‌زه‌می به‌رته‌سک كرده‌وه‌ یاخود هه‌وڵێک نه‌بێ بۆ شاردنه‌وه‌ و په‌رده‌پۆشی خروقات و سه‌رپێچییه‌كان له‌ ڕێی تۆمه‌تباركردنی خه‌ڵكی دیكه‌وه‌".

سه‌رچاوه‌: میدیاکانی هه‌رێمی کوردستان

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 38436

Your Comment

You are replying to: .
captcha